
مرۆڤ و پەروەردە
لەتیف ئەمین
مرۆڤ بوونەوەرێکی هەستیارە و هەستی بینینی هەیە و ئارەزووی بینینی شتە جوانەکان و دیمەن و وێنە ڕازاوە و دڵگیر و سەرنجڕاکێشەکانی هەیە. مرۆڤ هەستی بیستنی هەیە و ئارەزووی بیستنی دەنگە خۆش و بە سۆزەکان دەکات، ئەو دەنگ و ئاوازانەی کە ئارامی و ئۆقرەیی پێ دەبەخشن و دڵی پێیان دەکرێتەوە و خەیاڵی پێیان باڵ دەگرێت. ڕۆحی مرۆڤ پێویستی بە ئارامی و ئاسوودەیی و حەسانەوەیە، هونەر ئەو سایە و سێبەر و باوەشە کراوە و نەرم و گەرم و پڕ لە جوانییەیە بۆ ڕۆحی مرۆڤ.
کەواتە مرۆڤ بوونەوەرێکە بێ هونەر ناژیت. هونەر کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری بەسەر دەروون و ڕۆحی مرۆڤەوە هەیە. هونەر هۆکارێکە بۆ ئاسوودەیی و ئارامی دڵ و دەروون و ڕۆحی مرۆڤ.
بە هەموو کار و چاڵاکییەکی وەک وێنەکێشان، میوزیکژەنین، شانۆ، پەیکەرتاشی و هەروەها دەستڕەنگینی و نەخش و نیگار و هەڵکۆڵین لەسەر دار و ڕازاندنەوە و زۆر کاری دیکە دەگوترێت هونەر. لە ڕووی زمانەوانییەوە(شاسوار هەرشەمی) وا پێناسەی هونەری کردووە کە" هونەر، جاری واشە دەگوترێت حونەر. واتا کار و داهێنان لە بوارەکانی مۆسیکا، شانۆ، پەیکەرتاشی، هەڵکۆڵین، وێنە، ڕازاندنەوە و دیکۆر و بابەتی دی لەو جۆرانە. جاران هونەر، هەر جۆرە دەستڕەنگینییەک بوو، هەر لە پیشەی دەستی، تا سوارسوارانێ، شێوازی ئاخاوتن، سەوداکردن لەگەڵ خەڵک و زۆر شتی دیش. وشەیەکی کۆن و ڕەسەنی کوردییە. بنەڕەتی وشەکە لە زمانی پرۆتۆئێرانیی Hnarهنەر هاتووە، بە واتای توانایی، لێزانیی. لە ئاڤێستا Hunara هونەرە، بە هەمان واتای سەرەوە". فەرهەنگی ئیتیمۆلۆژی کوردیی، ل۹۸۰. لە فەرهەنگی (کوردستان)ی گیو موکریانی، بە واتای"کارزانی، زانست، زانیاری" هاتووە. لە(فەرهەنگی خاڵ)ی شێخ محەمەدی خاڵ، بەم شێوەیە پێناسەی هونەر کراوە، کە"کردەوەیەکی جوانی پەسندە کە لەدەست هەموو کەس نەیەت". هەروەها لە فەرهەنگی هەنبانەبۆرینەی مام هەژاریش بە مانای دەستڕەنگینی هاتووە.
هونەر بەرهەمی چاڵاکی و بیرکردنەوەی مرۆڤە."هونەر ئەو چاڵاکییەیە کە جوانی پیشان دەدات"(۱). هونەر بریتییە لە داهێنان و خوڵقاندن. پێناسەگەلێکی ئێجگار زۆر بۆ هونەر کراوە، هەریەکەو لە دید و تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆیەوە پێناسەی هونەری کردووە. "هونەر کارامەییەکە، بە سەلیقە و بەهرە بەڕێوەدەچێت"(۲).
زۆر جار دەگوترێت هونەر زمانێکی جیهانییە و هەموو سنوور و بەربەستەکان دەبڕێت و هەموو مرۆڤێکیش لێی تێدەگات و پێویستی بە وەرگێڕان نییە. بۆنموونە کارێکی هونەری لەوپەڕی دونیا ئەنجام دەدرێت، لێرە کار لەئێمە دەکات. بەرهەمێکی هونەری جوان، جا چ وێنە بێت، یان میوزیکێک بێت، گۆرانییەک یان شانۆیەک، هەر چاڵاکییەکی هونەری بێت، ڕەنگە کار لە ئێمە بکات و پێی سەرسام بین، با لە دوورترین شوێنی دنیاش ئەنجام درابێت، گرنگ ئەوەیە ئاوێزانی هەست و سۆز و خەم و ئازار و ناسۆرییەکانی ئێمە دەبێت، گرنگ ئەوەیە تێکەڵی ڕۆحمان دەبێت.
ئێمە دەبێت بزانین یەکێک لە ئامانجەکانی هونەر بەخشینی جوانییە، واتە جوانی ئامانجی سەرەکی کاری هونەرییە، جوانیش ئەوەیە کە چێژ بە مرۆڤ بدات. بەواتایەکی تر، دەتوانین بڵێین چاڵاکی هونەری، ئەگەر جوانی و چێژ بە مرۆڤ نەبەخشێت، ئەوە هونەر نییە.
ئێمە ئەگەر لە ڕووی مێژووییەوە بڕوانینە هونەر، دەتوانین بڵێین بەر لە دۆزینەوەی سەرجەم زانستەکان، مرۆڤ دەستی بۆ هونەر و کار و چاڵاکی هونەریی بردووە، بەڵگەش بۆ ئەمە مرۆڤ هەر لەسەرەتای ژیانکردن و هاتنە دنیاوە، کە سەرەتا لە ئەشکەوتەکان ژیانی بەسەربردووە، پەنای بۆ وێنەکێشان بردووە بۆ دەربڕینی هەست و بیر و بۆچوون و ئایدیاکانی. دواتر فەیلەسووفان و دانا و بلیمەتەکان هەوڵی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئەم وێنانەیان داوە کە لەسەر دیوار و بەردی ئەشکەوتەکان کێشراون.
تەنانەت لەڕووی زمانەوەش، یەکەم هەنگاوی مرۆڤ بۆ دەربڕینی مەبەستەکانی و یەکەم ئامراز بۆ لێکتێگەیشتنی مرۆڤەکان لەنێوان خۆیان، وەک زمانناسان دەڵێن، پەنابردن بووە بۆ وێنەکێشان. واتە بە هێما و وێنە لە مەبەستی یەکتر دەگەیشتن.
۱-تولستوي، ما هوالفن، ص۲۰.
۲-محمود ابراهيم السعدوني، محاضرات في تاريخ الفن، ص۱٥.