
لەتیف ئەمین
کۆمەڵگەی کوردی هەر لەدێر زەمانەوە دوور و دابڕاو نەبووە لە کار و چاڵاکی هونەری. مرۆڤی کورد لە ناخۆشترین و سەختترین ساتەکانی ژیانی پەنای بۆ هونەر بردووە.
ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردی بدەینەوە، هیچ کاتێک هونەر و کاری هونەری شتێکی نامۆ و ناپەسند نەبووە. هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەر لە کاری دەستی و ڕستن و چنین و دوورمان و دروستکردنی کەلوپەلی ناوماڵ و نەخش و نیگار، هەروەها گۆرانی و حەیران و لاوک و بەیت و بالۆرەفۆلکلۆرییەکان و شمشاڵ و بلوێر و دەهۆل و زوڕنا و شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند و دیلان. زۆر جار لەسەر کار و لەکاتی دروێنە و کاروباری هەرەوەزی و کشتوکالیدا، لاوک و حەیرانیان دەگوت، شایی و هەڵپەڕکێیان دەکرد. سەپانێک، کارکەرێک لە چقەی گەرمای هاویندا و لەکاتی ئیش و کار و دروێنەدا، بەستە و گۆرانی فۆلکلۆری دەگوت. شوانێک بە شمشاڵەکەی دڵی خۆی فێنک دەکردەوە. کۆمەڵێک ژنی کورد پێکەوە لەکاتی دەستاڕبادان و مەشکەژاندن و ئیش و کارەکاندا گۆرانیان دەگوت. هەموو ئەمانەیان بۆ ئەوە دەکرد تا کەمێک لە ئازار و ناڕەحەتییەکانیان کەم بێتەوە، بۆ ئەوەی ڕۆح و دەروونی خۆیان ئاسوودە و ئارام بکەنەوە، هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەک ماندوێتی و مەینەتییەکانیان لەبیربەکەن.
میللەتی کورد خاوەنی کەلتوورێکی هونەری دەوڵەمەند و زۆرجوان و ناوازەیە. جا ئەوەی سەیرە و مایەی تێڕامانە، بۆ دەبێت لە ئێستادا هونەر و چاڵاکی هونەری بە تاوان و بێ ڕەوشتی دابنرێت!
دەپرسین، ئەرێ هونەر بووەتە هۆکاری شەڕ و ئاشووب و ئاژاوە و فیتنە و دووبەرەکی؟ هونەر بووەتە هۆکاری کوشتن و بڕین و لەناوبردنی مرۆڤەکان؟ هونەر بووەتە هۆکاری وێرانکردن و تاڵان و تێکدان و ناسەقامگیری وڵاتان؟ هونەر بووەتە هۆکاری دواکەوتن و داخراوی و چەقبەستوویی و نەزانی مرۆڤ؟ بێگومان نەخێر. هونەر پێویستییەکی ڕۆحی مرۆڤە. بێگومان هونەری ڕەسەن و پاک دەڵێین، هونەرێک کە خزمەت بە مرۆڤ بکات، هونەرێک وەک لەپێشتر ئاماژەمان پێ دا، کە جوانی و چێژ بە مرۆڤ ببەخشێت، کە ڕۆحی مرۆڤ ئارام و ئاسوودە بکات، کە کەمێک لەم ژیانە پڕ لە ژاوەژاو و دەنگەدەنگ و وەڕسکەر و بێزارکەرە دوورمانخاتەوە و ڕزگارمان بکات. هونەرێک، کە خزمەت بە مرۆڤایەتی بکات و ژیان جوانتر و خۆشتر و ڕەنگاڵەتر بکات.
ئەوەی مایەی سەرنج و سەرسامییە لەئێستادا، بایەخپێنەدانی هونەرە لە ناوەندەکانی خوێندنی ئێمە. ئەوەی کە بە گرنگ نازانرێت هونەرە. وانەی هونەر لە قوتابخانەکان بە وانەیەکی لاوەکی سەیردەکرێت و لە پەراوێزی وانەکانی دیکەیە. زۆرجار وەکو بۆشایی هەژماردەکرێت. تەنانەت زۆرجار بە وانەکانی تر پڕدەکرێتەوە. زۆرجار دەبینین مامۆستایان داوا لە کارگێڕی قوتابخانەکانیان دەکەن بۆئەوەی وانەی هونەریان پێ بدەن. لەبەرئەوە نا کە حەز و ئارەزووی هونەرییان هەیە یاخود هونەریان خۆش دەوێ یان بەهرە و کارامەییەکی هونەرییان هەیە لە نیگارکێشان یان لە ژەنینی ئامێرێکی میوزیک یان شانۆکارێکی باش و لێهاتووبن یان پەیکەرساز بن یان بیانەوێ داهێنانێک بکەن یان بیاناوێ گەشە بە توانا شاراوەکانی قوتابییەکانیان بدەن و هانیان بدەن و پاڵپشتیان بن بۆئەوەی پەرە بە بەهرە و کارامەییەکانی قوتابییەکانیان بدەن بۆئەوەی داهێنان بکەن. نا، مەبەست و ئامانجیان ئەوە نییە. بەڵکو ئەوان وا سەیری وانەی هونەر دەکەن، کە بۆ پشوودان و هیچنەکردنە.
تائێستا وانەی هونەر لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان پرۆگرامێکی دیاریکراوی نییە. بە دەگمەن نەبێ، ئەگینا هیچ قوتابخانەیەک مامۆستای پسپۆڕی هونەری نییە. قوتابییانیش کەمترین زانیارییشیان سەبارەت بە هونەر و بەشەکانی نییە. لە هەفتەیەکدا بەراورد بە وانەکانی تر، کەمترین بەشەوانەی هەیە، کە یەک وانەی چل خولەکییە! ئەویش بێئەوەی هۆڵی تایبەتی هونەری و ڕەنگ و ماتریاڵ و کەرەستە و پێداویستییەکانی بۆ دابین کرابێت. هونەر لە قوتابخانەکانی ئێمە، تەنها بریتییە لە وێنەکێشان. میوزیک، شانۆ، پەیکەرسازی، ئەمانە هیچیان نەک هەر ناخوێنرێن و کەس باسیان ناکات، بەڵکو نە مامۆستا و نە قوتابییەکان، زۆرینەیان کەمترین زانیارییشیان لەبارەیانەوە نییە.
بەجۆرێک هونەر بێبەها کراوە، کە ڕۆحی هونەری و هەست و ئەندێشەی هونەری لەلای منداڵ مرێنراوە. ئەمانە و زۆر هۆکاری دیکەی کۆمەڵایەتی و نەریت و بیرکردنەوەی خێڵەکی و هۆکاری ئایینی، وایان کردووە هونەر نەک هەر پشتگوێ بخرێ، بەڵکو بە تابوو و شەرم و شوورەیی و سنوورشکێن دابنرێت.
دەبینین هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی و کێبڕکێی قوتابییان لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی، هەمووی بۆ ئەوەیە لە کۆلێژەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و یاسا و ئەو بەش و کۆلێژانەی کە ناویانناوە کۆلێژە باش و بەرزەکان، وەربگیرێن. ڕێژەیەکی زۆرکەم داوای کۆلێژی هونەرەجوانەکان دەکەن. ئەوانەی کە بە نیازی خوێندنی پزیشکی یان ئەندازیاری یان زانستەکانی ترن، بێئاگان لەوەی کە دەستی هونەر لەناو زۆرینەی زانستەکانی تر هەیە. کەسێک چۆن دەبێتە ئەندازیارێکی کارامە و سەرکەوتوو، ئەگەر ڕۆح و سەلیقەی هونەری نەبێت، ئەگەر خەیاڵێکی جوان و بیر و ئەندێشەیەکی فراوان و داهێنەرانەی نەبێت؟ زانستی پزیشکی کە پڕ وردەکاری و مەترسییە، کەسێک چۆن دەتوانێ ببێتە پزیشکێکی باش و بەتوانا، ئەگەر کارامەیی و دەستڕەنگینی و هەست و هونەری لەگەڵدا نەبێت؟ هەموو زانستەکانی تر، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی، تەنانەت وەرزشیش، کەم یان زۆر پێویستیان بە هونەر دەبێت. هەر وەک جۆن دیوی دەڵێت"هونەر سیفەت و تایبەتمەندییەکە، کە لەنێو هەموو شارەزاییەکدا باوە" الفن والخبرة، ص٥٤۷.
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی پێویستی بە هونەرە. چونکە ئامانجی هونەر پیشاندانی جوانییە، بەخشینی چێژ و ئاسوودەیی و ئارامییە بە دڵ و دەروونی مرۆڤەکان. لەم ڕۆژگارە پڕ لە شەڕ و ئاشووب و ئاڵۆزی و پیسی و ناڕێکی و ناجێگیرییە، هونەر هەتوان و فریادڕەسە، هونەر ساڕێژکەری هەموو ئەو برینانەیە کە لە جەستەی ماندووی کۆمەڵگەی کوردی خوێنیان لێ دەچۆڕێ.