
حهمه هاشم
کاتێک ئازار دەبێتە فۆڕمى هونهر ئهوكاتهى شارهكان بۆردوومان دهكرێن، و دەنگی تۆپ و فڕۆكه جهنگییهكان شێوازی ژیانمان دەگۆڕێت، هونەرمەند دهبێ چی بکات؟ ئایا دهبێ فۆڕمى كارهكانى بكاته دهنگى ئهوانهى بێدهنگ دهبن و رەنگ و فڵچه و قەڵەمهكهى دهخاته كار، یان دەستی دەبەستێت و چاوەکانی دادەخات بۆ ئەوەی ناشیرینیهكان و تاوانهكان نەبینێت.
کاتێک مرۆڤ بێدەنگ دەبێت، هونەر هاوارى لێههڵدهستێت لە کاتی جەنگدا، هونەر وهك پهرچهكردارێك زیاتر پێویست دەبێت، چونکە ئەو کاتەی کە وشەکان شکست دەهێنن لە گەیاندنی ئەو ئازارە قووڵانەی کە مرۆڤ هەیەتی، هونەر دەبێتە زمانی مرۆڤایهتى.
پیکاسۆ کاتێک “گوێرنیکا”ی کێشا، تەنها تابلۆیەکی نەکێشا بهڵكوو هاواری مندالانی کوژراوی گوێرنیکای کرد بە رەنگ، به هێڵ به هێزى دهربڕین. کێتە کۆلویتز کاتێک دایکی شەهیدەکانى دەکێشا، تەنها وێنەی نەکێشا بهڵكوو گریانی هەموو دایکانی ئەم جیهانەی دایە بە دەستی خۆی.
لە گەڵ ئەوەی جەنگ هەموو شتێک تێکدەدات، هونەرمەند وەک شایەتێکی بنهرهتى و مێژوویی دەمێنێتەوە، چاوەکانی داناخات، دەستەکانی له جووڵه ناكهون.
ڕۆبێرت کاپا کاتێک کامێراکەی بەردەوام بهرهو رووى رووداوهكان دەگرت، تەنها وێنەی نەدەگرت بهڵكوو دەیویست ئەو کەسانەی لە ماڵەوە جێماوون حەقیقەت ببینن، نەک ئەو درۆیانەی سیاسەتمەداران و میدیاكانیان پهخشى دهكهن.
جەنگ تەنها کاریگەری نەرێنی لەسەر هونەر بهجێناهێڵێت، هەندێک جار هونەر خۆشی دەبێتە چەکێک بۆ بەرگریكردن له مرۆڤ و زووڵم و زۆر. نەک چەکی کوشتن، بەڵکو چەکی هێنانەوەی مرۆڤایەتی بۆ ناو مرۆڤ. کاتێک نازییەکان له ترسان هونەرمەندانیان دەکوشت، ئهوهیان دهزانى کەهونەر مەترسیدارە، چونکە خەیاڵى هونهرمهند مەترسیدارە، چونکە هونەر ئهوه فێری مرۆڤ دەکات کە بیربکاتەوە، هەست بکات، پرسیار بکات.
هونەرمەند ئەو کەسەیە کە حەز دەکات مرۆڤ لە جەنگ فێر بێت، ئهزموون وهربگرێت، نەک فێربوونی چۆنیەتی کوشتن، بەڵکو فێربوونی چۆنیەتی ژیان.
کاتێک هونەرمەند ترسناکی جەنگ نیشان دەدات، دەیەوێت ئەوڕۆژە بخاته روو کە کەس نایەوێت جەنگ ببینێت، کاتێک جوانی و ئاشتیش دەکێشێت، بانگەوازێكه بۆ ژیان.
جا ئەگەر جەنگ شۆڕشێك بێت بۆ گۆڕانكارى ژیان، هونەر شۆڕشێكى بههێزتره كه گۆڕانكارى دهكات لە دڵی مرۆڤ، لەوێوە مرۆڤ فێردەبێت کە هەرچەندە شەڕ بکات، هەرچەندە بکوژێت، لە کۆتاییداڕۆژێک دێتڕەنگەکان دێنهوه دەستی، ئاوازەکان دێنهوه بهر گوێی، خۆشهویستى و ئاشتى وهك پێویستیهكى ژیان دێتهوه سهر زمانی.
جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئهو کارە هونەریانهى درووست دهبن بۆ هەمیشە دەمێننەوە، ئەم کارانە وەک پەڕتووکی مێژوون، بەڵام جۆرێکی مێژوو کە بە دڵ نووسراوە، نەک بە مێشک.
کاتێک کوڕێک پاش پەنجا ساڵ سەیری “گوێرنیکا”ی پیکاسۆ دەکات، ناتوانێت تەنها بڵێت “ئەمە پێشووە” - دەبێت بڵێت “ئەمە ئێستایە، ئەمە هەموو کاتێکە، ئەمە ئەگەر ئاگاداری خۆمان نەبین سبەینێشمانە”.
هونەر كه جەنگ پیشاندهدات وەک ئاوێنەیەکە کەڕووی مرۆڤ پیشان دەدات ، نەک ئەوڕووەی کەڕۆژانە لە ئاوێنەدا دەیبینێت، بەڵکو ئەوڕووەی کە ئەگەر بێت و جەنگ رووبهرووى ببێتهوه چۆن دەبێت، ئەم ئاوێنەیە ترسناکە، بەڵام پێویستە، چونکە تەنها کاتێک کە مرۆڤ دەتوانێت بڕیار بدات کە چەندە دەتوانێت مەزن بێت ئهو كاتهیه كه خۆى ههڵدهسهنگێنێ لهبهردهمى ئهو ئاوێنهیه و مرۆڤانه بیر دهكاتهوه.
دهزانین كه هەر رەنگێک لە تابلۆكانى هونەرمەندانى جەنگ مانایەکی تایبەتی هەیە،ڕەش ترسە، سورەکە خوێن و جەنگە، هەروەها سورەکە گوڵی ئاراستەیە کە دایک بۆ کوڕی شەهیدی دادەنێت لەسەر گۆڕەکەی. زەردەکەڕووناکی و هاوارى ترسناکە.
کاتێک هونەرمەند ئەم رەنگانە تێکەڵ دەکات، وەک ئەوەیە کۆرێک بباتەوە بۆ دڵی مرۆڤ - کۆرێک لە هەموو ئەو هەستانەی کە مرۆڤ لە کاتی جەنگدا هەیەتی.
شاکارەکانی جەنگ هەرگیز ساکار نین، لە هەر هێڵێک و هەر خاڵێکدا چیرۆكێك هەیە، حیکایەتی ئەو منداڵەی کە شەوێک لەگەڵ دەنگی بۆردومانهكان نووستووە و بەیانی هەستاوە جیهانی گۆڕاوه، حیکایەتی ئەوپیرێژنەی کە ساڵانێک چاوەڕێی کوڕەکەی کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، بەڵام لە جیاتی کوڕەکەی نامەیەکی بۆ هاتووە کە دەڵێت “شەهید بووە”. چیرۆكی ئەو سەربازەی کە لە نێوان کوشتن و کوژراندا پرسیاری لە خۆی کردووە “بۆچی ئێمە لێرەین؟”
هەندێک هونەرمەند تەنها لە دوورەوە سەیری جەنگیان نەکردووە، خۆیان بوونەتە بەشێک لێی، ئەمانە نەک تەنها شایەتی جەنگن، بەڵکو قوربانی جهنگیشن.
کێتە کۆلویتز کوڕی لە جەنگی جیهانییەکەمدا لەدەست داوە، بۆیە کاتێک دایکی شەهیدەکان دەکێشێت، لە تابلۆکەدا خۆی دەبینێتەوە.
ئۆتۆ دیکس خۆی سەربازی جەنگی جیهانییەکەم بووە، بۆیە کاتێک ترسناکی سەنگەرەکان دەکێشێت، ئەو ترسناکییەی کە بە چاوی خۆی بینیویەتی دەگوازێتەوە.
ئەم جۆرە هونەرە جیاوازە لە هەموو هونەرەكانى دیکە.
لێرەدا هونەرمەند کۆنتڕۆڵی تەواوی لەسەر تابلۆکەیدا نییە، بانگەوازی ئەم هونەرانە بانگەوازی جەنگ نییە، بانگەوازی ئاشتییە.
کاتێک هونەرمەند ترسناکی جەنگ بەڕەنگ دەگوازێتهوه، ناڵێت “ئەمە جوانە”، دەڵێت “ئەمە نابێتڕووبدات”، ئەمە جیاوازی نێوان هونەری جەنگ و فیلمە ئاکشەنەکانە - فیلمەکان زۆرترین کات جەنگ جوان پیشان دەدەن، بەڵام هونەریڕاستەقینەی جەنگ ناشیرینى پیشان دەدات.
ئینجا ئەم هونەرانە دەنگی ئەو کەسانەن کە دەنگیان نییە، دەنگی ئەو قوربانیانەی کە تۆمار نەکراون، دەنگی ئەو منداڵانەی کە لە بۆردومانهكاندا گیانیان لەدەست داوە.
هونەرمەند وەک وەرگێڕێکە کە لە زمانێكى کوێرهوه بۆ زمانی بینایی وەریدهگێڕێت، لە زمانی مردوو بۆ زمانی زیندوو، لە زمانی ئازارەوه بۆ زمانی تێگەیشتن.
لە کاتی جەنگدا، هونەر ئەو زمانەیە کە مرۆڤایەتی قسەى پێدەکات کاتێک وشەکان شکستیان هێناوه، پاش جەنگیش، هونەر ئەویادەوەرییەیە کە مرۆڤ له خهو رادهچڵهكێنێت، بۆ ئەوەی دووبارە هەمان شکست بهسهر خۆییدا نەهێنێت.