
شەهلا نەجمەدین
دواى ئەوەى فەیلەسوفى فەرەنسى "ژان-لوك نانسى" وانەوتارێك دەربارەى „دادپەروەرى“ پێشكەش دەكات، گەنجێك لێى دەپرسێت "ئایا جەنگى دادوەرانە بوونى هەیە؟" نانسى لە بڕگەیەكدا بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: "هەر جەنگێك كە كرابێت، نادادوەرانە بووە، چونکە مەینەتییەکەی بۆ خەڵكانێكیش بووە، كە هیچ هەڵەیەكیان نەكردووە و شایەنى ئەوە نەبوون بكەونە دۆخى جەنگەوە. بۆ سادەكردنەوەى پرسەكە دەمەوێت بڵێم ئەو خەڵكانە خراونەتە ناو لۆژیكى ئەو دەوڵەتانەوە كە دژى یەكتر جەنگ بەرپا دەكەن". لە بڕگەیەكى تردا دەڵێت: "لەمڕۆدا دەبێت مرۆڤایەتى جارێكى دى لەخۆى بپرسێتەوە كە ئاخۆ دەبێت بە چ شێوەیەك ئایدیایەكى ئەوتۆى دادپەروەرى گەشە پێبدات كە چیتر هەمان ئەو دادپەروەرییە نەبێت كە بە گوێرەى ئەوە، دەوڵەتان مافى هەڵگیرساندنى جەنگ دژی یەكترى، بەخۆیان دەدەن".
بەم پێیە هیچ جەنگێكى دەوڵەتان لەگەڵ یەكتریدا، پاساوەكەى هەرچییەك بێت، ڕەوا نییە و ناشتوانێت دادپەروەری بەدى بهێنێت. چونكە جەنگ ماڵوێرانییە بۆ خەڵكانێك كە "شایەنى ئەوە نەبوون بكەونە دۆخى جەنگەوە". ئەم خەڵكانە كێن كە لە دۆخى جەنگدا دەردەكەون؟ وەڵامى ئەم پرسیارە لاى فەیلەسوفى ئەخلاق ئیمانوێل لێڤیناسە.
گەر لە لێڤیناسەوە بڕوانین، دەبینین سوپاكان لە پێناوى دادپەروەریدا ناجەنگن؛ بۆمبەكان، ڕۆكێتەكان، فڕۆكە جەنگییەكان تەنانەت ئەگەر بە ناوى "دوورخستنەوەى هەڕەشەى وجودى" یان "بەرگریى لەخۆكردن" یان "بەرەى مقاوەمە دژ بە زایۆنیزم"ـیش بچنە جەنگەوە، هەر ناتوانن دادپەروەیى بەدیى بهێنن، بەڵكو دەبنە هۆى نەهامەتیى زیاتر. لە دۆخى جەنگدا، ڕووبەرێكى فراوان بۆ ئەنجامدانى ناعەدالەتى، بەربەریەت و پێشێلكاریى بەرامبەر كەرامەتى مرۆڤ دەكرێتەوە، بەڵام هەر بەم هۆیە، بە وتەى لێڤیناس، ئیمكانى عەدالەتیش دەڕەخسێت؛ ئیمكانى عەدالەت بەرامبەر ئەو خەڵكانەى كە سەرباز و بكوژ نین و دەخرێنە لۆژیكى جەنگەوە، ئەوانەى كە لە دووكەڵى جەنگدا دەمرن یان بە تۆقیوى لێى دێنە دەرەوە. كەواتە ئەم خەڵكانەى نانسى باسیان دەكات، لاى لێڤیناس ئەمانەن: دیلى جەنگ، بریندار، هەڵهاتوو، دەربەدەر، برسى، پەنابەر، ئاوارە، دایكانى جگەرسووتاو، منداڵ، كەسانى لانەواز و ئەوانەش كە دیمەنە سامناکەکانی جەنگ بۆیان دەبێت بە تراومای سەخت. هەموو ئەم فیگورانە لاى لێڤیناس بە "ئەویتر" ناودەبرێن، بە مانایەکی دیکە، ئەوانەن كە لە دۆخى جەنگدا ڕووخساریان دەردەكەوێت و فەرمان دەدات "مەكوژە". بەرپرسیارێتیى ئاكاریى لەسەر كۆى ئەوانەیە كە ئەم ڕووخسارانە دەبینن، دواجار لەسەر هەموو "دازاین"ـێك. بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا تەكنۆلۆژیاى جەنگ مەودایەكى ڕەخساندبێت، كە بكوژەكان ڕووخسارەكان نەبینن، بەو پێیەى جەنگى سەردەم "ڕوو-بە-ڕوو" نییە كە ئەم مەرجە بۆ بینینى ڕووخسار، واتە بۆ ئەخلاق، زەروورییە.
ڕۆكێت و درۆن و فڕۆكە و ڕۆبۆتەكان تەكنۆلۆژیاى دوورەجەنگن: كوشتن لە دوورەوە. لێرەدا ئەو سەرباز و ئەفسەرانەى لە ژوورى داخراوى ژێرزەمینەكانەوە ڕۆكێتەكان دەهاوێژن، ڕووخسارى ئەویترەكان نابینن، بۆیە بەرپرسیارێتیى ئاكاریش بەرامبەریان هەڵناگرن، مەرگ دەبێتە جێی گاڵتەجاڕیی. لەمڕۆدا دەوڵەتان و ئەكتەرە سیاسییەكان بكوژەكانن، ئەو بكوژانەن كە نە ڕووخسار دەبینن و نە فەرمانى "مەكوژە" دەبیستن، بۆیە ئەستەمە جەنگەكانى ئەم سەردەمە ئاشتی بەدیی بهێنن، ئەستەمە كۆتاییشیان بێت.