جەنگی بێ ئاسۆ: قومارە سیاسییەکانی تره‌مپ!
گۆڤاری ئیکۆنۆمیست چۆن ئیستای جەنگ دەبینێ؟
ڕزگار عومەر


گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە نوێترین ژمارەیدا، وێنەیەکی نائومێدانە و پڕ لە تەمومژ لە دۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە دەکێشێت و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت کە جیهان لەبەردەم "جەنگێکی بێ ستراتیژ"دایە. تەوەری سەرەکی ئەم مەلەفە تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە واشنتۆن، وەک گەورەترین یاریزانی نێودەوڵەتی، لەبری داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، تەنها سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کاتیی قەیرانەکانە.
 ئیکۆنۆمیست پێی وایە:-  ئەم لێڵی و ناڕوونییە لە هەڵوێستی ئەمریکادا، ئیسرائیلی پەلکێش کردووە بۆ ناو شەڕێکی بێ ستراتیژ، بەڵکو دەرفەتی زێڕینیشی داوەتە ئێران بۆ ئەوەی لە پەراوێزی ئەم ئاڵۆزییانەدا، ئیحتیمالاتی هەنگاوە کۆتاییەکانی بەرەو بوون بە هێزی ئەتۆمی، یان بەلای کەمی هێزێکی خۆسەپێنی ئیقلیمی بکاتە یەکێك لە ئەگەرە کراوەکان.
لە ناو جەرگەی ئەم شیکردنەوەیەدا، گۆڤارەکە دۆناڵد تره‌مپ وەک کارەکتەرێکی دووفاقە وێنا دەکات؛ لە لایەک وەک "دکتۆرێک"ی ساختە کە دەیەوێت بە نەشتەرگەرییەکی خێرا و بەکارهێنانی زەبری هێزی بێوێنە کۆتایی بە کێشە کۆنەکان بهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا وەک "قومارچییەک" ڕەفتار دەکات.
لە روانگەی ئیکۆنۆمیستدا؛  تره‌مپ بە گرتنەبەری سیاسەتی "گوشاری بێ سنوور" و پێدانی پشتیوانیی ڕەهای سەربازی بە ئیسرائیل، گرەو لەسەر ئەگەرێکی پڕ مەترسی دەکات. ئیکۆنۆمیست ئاماژە بەوە دەکات کە تره‌مپ پێی وایە دەتوانێت لە ڕێگەی تێکەڵکردنی "هەڕەشەی سەربازیی ڕاستەوخۆ" و "پێشنیاری ڕێککەوتنی کتوپڕ"، تاران ناچار بە پاشەکشەی مێژوویی بکات، بەڵام کێشەکە لێرەدایە کە هیچ پلانێکی جێگرەوە (Plan B) بوونی نییە ئەگەر ئێران بڕیاری "ئاستێکی تری و ڕووبەڕووبوونەوەی گشتگیر بدات".
ئەم ناسەقامگیرییە تەنها لە گۆڕەپانی جەنگدا قەتیس نەماوە، بەڵکو لێکەوتە ئابوورییەکانی بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر جیهان. ئیکۆنۆمیست لە ڕێگەی داتا و ئامارەکانەوە هۆشداری دەدات کە بازاڕی وزە لە لێواری قەیراندایە. بەهۆی توندبوونەوەی شەڕی دەریایی لە گەرووی هورمز و باب ئەلمەندەب، تێچووی گواستنەوەی دەریایی بە ڕێژەی ٣٠٪ زیادی کردووە. لە کاتێکدا تره‌مپ بەڵێنی دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دابوو، بەڵام هەڵکشانی گرژییەکان نرخی نەوتی خاوی بۆ سەروو ١٠٠ دۆلار بەرزکردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان کە نەک هەر ئابووری ئەمریکا، بەڵکو سەقامگیریی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی تازەپێگەیشتووشی خستووەتە مەترسییەوە.
گۆڤارەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە قۆناغی "شەڕی ئاسایی" دەرچووە و چووەتە ناو قۆناغی بەریەککەوتنی وێرانکاریی گشتی، کە تێیدا چیتر "هێڵە سوورەکان" مانایەکیان نەماوە. ئیکۆنۆمیست پەیامێکی ڕاشکاو بۆ کۆشکی سپی دەنێرێت:-
 ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ستراتیژێکی ئەقڵانی و نەخشەڕێگایەکی سیاسی "بۆ ڕۆژی دوای وەستانی جەنگ " هەیە، نەک تەنها کاردانەوەی سەربازی و قوماری سیاسی. ئەگەر واشنتۆن نەتوانێت هاوسەنگییەک لە نێوان هێزی سەربازی و دیپلۆماسییەتدا دروست بکات، ئەوا جیهان نەک هەر "دکتۆرێک" بۆ چارەسەر نابینێت، بەڵکو دەبێت باجی قومارێکی گەورە بدات کە تێیدا هەموو لایەک دۆڕاو دەبن.

وتاری نووسەران