
ڕۆژێک لەگەڵ مامۆستایەکی ئاڕاستە ئیسلامی سیاسی کەوتمە دەمەتەقێ لەسەر بابەتی زمان.
ئەو برادەره زۆر بە حەماسەتەوە دەیگوت: زمانی عارەبی، زمانی قورئانە و پیرۆزە، زمانی کوردی هیچ نییه و تەنها قسەی ئاسایی و ڕۆژانەی پێ دەکەین.
ئینجا لەپڕ گوتی: بە کوردی چی بە کورسی دەڵێن؟
هەڵبەت، مەبەستی لە پرسیارەکە گەڕان بەدوای حەقیقەت و زانینی وەڵامی کورسی به کوردی نەبوو، بەڵکو تەنها ئامانجی دەرخستنی دەوڵەمەندی و زلکردن و گەورەیی و گرنگی زمانی عارەبان و هەژاری زمانی کوردی بوو!
گوتم: کێشەی ئێوە ئەوەیە هیچ شارەزاییەکتان نەک هەر لە زمانی عارەبان، تەنانەت لە زمانی دایکیشتان نییە، گەرنا دەتزانی کە کورسی عارەبی، لە(خۆرسی) کوردییەوە وەرگیراوە.
کورد لە کۆنەوە بەو شوێنەی کە خۆری لێ ئاوا دەبێت، دەگوت: خۆرسی.
واتا: شوێنی نیشتنەوە و دانیشتنی خۆر. خۆر+ سی.
سی: شوێنی دانیشتن. کە وام گوت، بێدەنگ بوو.
ئینجا گوتم: کاتێک کورد ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەتی هەبوو و دنیایەک شوێن و جوگرافیای دەرەوەی سنووری کوردستانیشی لەژێر دەست بوو و زمانەکەیشی زاڵ بوو، عەرەب تەنانەت لە نیمچەدوورگەی عەرەبی(یەمەن و حیجاز)یش بوونیان نەبوو و تەنها چەند هۆزێکی کەم بوون و لە ئەفریقیا دەژیان.
ئەفسووس، بەشێکی زۆری کوردەبۆرەی داماو، ئێستاش قەناعەتی وایە کە زمانی عارەبان، زمانێکی زۆر دەوڵەمەند و گرنگ و پیرۆزی پڕی فەساحەت و بەلاغەت و شتە و هیچ زمانێکی تر بە وێنە و ئاست و هاوشانی ئەو زمانەی عارەبان نییە!
ئینجا زمانی عارەبان لەبەرئەوەی زمانی قورئانە، پیرۆزە.
وەک ئەو مامۆستائیسلامییە وای پێ گوتم، ئەوە قەناعەتی هەموو سەلەفیزم و ئیسلامییەسیاسییه کوردەکانە.
ئەی ئەوە نەبوو ویسترا ئەلفبێی لاتینی لە جیاتی ئارامی دابنرێت، بەشێکی مەلاکان کردیان بە قیامەت و گوتیان: لابردنی ئەلفبێی عەرەبی، واتا دژایەتیکردنی دین و خودا و قورئان!
لەوە گەڕێن، باشە چۆن زمانی عارەبی لە هەموو زمانەکانی تر فەساحەتتر و بەلاغیتر و گرنگترە؟
باشە داماو، تۆ دیراسەی هەموو زمانەکانی جیهانت کردووە تا بزانیت دەوڵەمەندترین و بەلاغیترین و فەساحەتترین زمان، هی عارەبانە؟
ئەو زمانەی تۆ وا لە خشتەبراوانە و کوێرانە و عاتفییانە و نەزانانە عاشقی بوویتی و به شانوباڵیدا هەڵدەڵێیت، ئێستا لەنێو دووسەد و پەنجا ملیۆن عارەب و بیست و دوو دەوڵەتی عارەبی و به عارەبکراو، گوندێک قسەی پێ ناکات و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.
پاشان، زیاد لە دووسەد وشەی(کوردی، سریانی، عیبری...تاد.) تەنها لە قورئان هەیە.
ئەوە قسەی من نییە، بەڵکو شافیعی به ڕەگەز عەرەب و دەمارگیر بۆ هەموو شتێکی عارەبان وا دەڵێت. بڕۆ سەیری(علوومی قورئان)بکە.
دواتر بۆچی زمانی عارەبان لەبەرئەوەی قورئانی پێ دابەزیوە پیرۆزی دەکەیت؟
گێلەگیان، ئەوە فێل و تەڵەی عارەبە، هەزار و چوارسەت ساڵە، بەرگی ئایینی و پیرۆزی لەبەر کولتوور و داب و نەریت و هەموو شتێکی خۆی کردووە و بەناوی ئاسمان و خوداوە، دەرخواردی گێلووێلی وەک تۆی دەدات، تا خۆی زاڵ بکات و تۆ و نەتەوەکانی دیکە لەناو خۆیدا بتوێنێتەوە.
جاشەپیاو، هەر زمانێک ئایینی پێ هات، مانای ئەوە نادات کە پیرۆز و پێرفێکت و گرنگە. خۆ سریانی و عیبریش، زمانی ئینجیل و تەورات و دوو ئایینی ئیبراهیمین، کەواتە کورد دەبێت ئەوانیش پیرۆز بکات!
ئەو زمانەی کە قورئانی پێ هاتووە، بەرلەوەی قورئان بێت، دنیایەک شیعری ماجن و ئیرۆتیک و ڕۆمانسی و دڵداری و هەزاران جوێن و قسەی قۆڕی پێ نووسراوە و کراوە.
پاشان داماوگیان، زمان ئامرازێکە بۆ قسەکردن و لێکتێگەیشتن. زمانی هەر نەتەوەیەکیش بۆ ئەو نەتەوەیە پیرۆز و گرنگ و جێگەی بایەخ و بەرگریلێکردنە، کە زمانی دایکیەتی.
ئازیزم، خۆ جاشایەتی هەر ئەوە نییە چەک دەستدەیتێ و ببیت به سوارەی حەمیدییە و مستەشار و جەیشی شەعبی و بڕۆیتە بەرەی نەیاری نەتەوەکەت.
جاش هەموو ئەوانەن، فەتوا دەدەن کە کورد دەنگ بە دوژمن بدەن، جلوبەرگی نەتەوەی تر، لەژێر بەرگی ئاییندا دەکەن بە مۆد و ستایلی ژن و کچی کورد. بەڵێ، جاش ئەوانەشن کە زمانی نەتەوەی دیکە بە پیرۆز دەزانن و هی دایکیشیان هیچ!