
نەجات یوسف كاولۆكەیی
پێشڕەوییەكانی سوپای ڕووسیا لەبەرەكانی جەنگ و سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی وایانكرد سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا فلادیمێر پوتن كۆببنەوە.
ئەم كۆبوونەوەیەش لەكاتێكدا هات وڵاتانی ئەندام لەهاوپەیمانی ناتۆدا هانایان بۆ ئەمریكا برد و داوایان لە دۆناڵد ترامپ كرد فشار لە ڕووسیا بكات بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆكرانیا ئەگەر نا ڕووسیا هەموو ئۆكرانیا داگیردەكات و ئێمەش دان بە دۆڕاندنی خۆماندا بنێین، ئەمەش گەورەترین شكستە بۆ ئەمریكا.
لوتكەی ئالاسكا هەردوو سەركردەی جیهانی لەباوەشگرت، كۆبوونەوەكان زۆر ئیجابی بوون و دۆناڵد ترامپ و هەموو ئەوڕوپا بۆ وەستاندنی جەنگەكە چاوەڕوانی فلادیمێر پوتنیان كرد.
هەرچەندە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە هەندێك بەشاراوەیی مایەوە، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا وەرەقەی سپی بۆ فلادیمێر پوتن واژۆكرد و داواكارییەكانی بەجددی وەرگرت .
ئەم كۆبوونەوەیە پێماندەڵێت كە سەرۆكی ئەمریكا لەجیاتی سەرۆكی ئۆكرانیا زیلینسكی ئامادەیە ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكانی سەرۆكی ڕووسیا بدات، كە ئەمەش گەورەترین سەركەوتنە بۆ ڕووسیا.
بەلای دۆناڵد ترامپ گرنگ نییە كێ براوەی جەنگەكەیە، ئەوەی بۆ ئەمریكا گرنگ بێت وەستاندنی جەنگەكەیە، چونكە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆكی ئۆكرانیا گەورەترین ڕێككەوتنیان لەبواری كانزاكان واژۆكردووە. لەم ڕێككەوتنەدا ئەمریكا لەداهاتوودا بەسەدان ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت.
لێرەدا ئەوەی باجی ئەو جەنگەی دا ئەوڕوپا بوو، چونكە هەرچی چەك و تەقەمەنی هەیان بوو بۆ ئۆكرانیایان نارد، هەموو مەبەستیان ئەوە بوو شكست بە ڕووسیا بێنن، بەڵام هەرخۆشیان دانیان ناوە كە لەم جەنگەدا ڕووسیا براوەی یەكەم بووە .
لەئێستادا ئەم جەنگە بوەستێ، ئەوا لەبەرژەوەندی ڕووسیایە، چونكە نیوەی خاكی ئۆكرانیا هاتەوە سەر نەخشەی وڵاتی ڕووسیا بەمەش گوزێكی كەمەرشكێن بەر ئۆكرانیا و ئەوڕوپا كەوت، چونكە هەر ئەوان هۆكاری هەڵگیرسانی جەنگەكە بوون.
ئەم جەنگە بۆ ڕووسیا زۆر گرنگ بوو لەبەر چەند هۆكارێك:
یەكەم/ ئەم جەنگە سەلماندی كە چەكی ڕووسی گەورەترین سەركەوتنی لەبەرەكانی جەنگدا بەدەستهێنا.
دووەم/ هاوپەیمانی ناتۆ دانی بەوەنا لەم جەنگەدا بەرامبەر ڕووسیا شكستیهێنا، كە ٣٢ وڵات بەشداریانكرد.
سێییەم/ فڕۆكەی ئەمەریكی ئێف ١٦و هێزی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت شكستیانهێنا و نەیانتوانی هاوكێشەكە بۆ بەرژەوەندیی ئۆكرانیا بگۆڕن.
لەوانەیە ئەمجارە سەرۆكی ڕووسیا فلادیمێر پوتن جەنگەكە ڕابگرێت، چونكە هەموو شتەكان لەبەرژەوەندی ڕووسیان، ئەم كۆبوونەوەیە دەرگای داخراویان كردەوە بۆ كۆبوونەوەی هەر سێ سەركردە، هەریەك لە فلادیمێر پوتن و دۆناڵد ترامپ و زیلینسكی، لەداهاتوو پێكەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن.
دەبێت ئەوەش بزانین جەنگی ئۆكرانیا ئەوڕوپای چەندان ساڵ گەڕاندەوە دواوە لە ڕووی سەربازی و ئابووری و سیاسی، كە ئەمەش بە گەورەترین كارەسات بۆ ئەوڕوپا دەژمێردرێت.