
به ڕوونی
كاوه مهحموود
جیهان له سهردهمی توندڕهویدا
(شەڕی غەززە وهك نموونه)
به شی یهكهم
سەرەتا بە پیویستی دەزانم ئاماژە بۆ ناونیشان و میتۆدی خستنەڕووی ئەم بابەتە بکەم. ئاماژەکردن بە سەردەمی توندڕەوی لە ناونیشانی بابەتەکە نزیکە لەو ناونیشانەی ئیریک هۆبسباوم لە بەشی چوارەمی چوارینەکەی بەکارهێناوەی، کە ناونیشانەکەی The age of extremes سەردەمی توندڕەوی و، پێش ئەو بەشە هۆبزباوم سەردەمی شۆڕش 1789ـ1848، سەردەمی سەرمایە1848ـ 1875 و سەردەمی ئیمبراتۆری 1875ـ 1914 نوسیوە.
بە بۆچوونی من ئەو بابەتەی لە هەر چوار بەرهەمەکی هۆبزباوم واتە لە هەر چوار سەردەمەکە، هاوبەشە و بوونی هەبووە و ئێستا هەیە، بابەتی توندوتیژی و توندڕەوەییە کە سیفەت و مۆرکی هاوبەشی هەر چوار سەردەمەکەیە.
بنەمای بیرکردنەوە لەم باسەمدا لە چوارچێوەی بیرۆکەیەکی گرنگی مارکسە کە پێی وایە دەکرێ مێژوو بە هەمووکی (کلی) ببینرێت و شیبکرێتەوە. ئەم بۆچوونە لە سەردەمی ئێستادا بنەمای شیکردنەوە و داڕشتنی بیروبۆچوونە لە جیهانێکی گرێدراو بە یەکتر و هیچ کۆمەڵگایەک لە دوورگەیەکی دابڕاو لە ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی نییە.
لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونە ئەم خاڵانە دەخەمە ڕوو:
1ـ خوێندنەوە بۆ شەڕ لە غەززە لە ڕِوانگەی شوناسی کۆمەڵگاکان و ململانییە لۆکاڵییەکان و هۆکارە ناوخۆییەکان، جیاناكرێتهوه.
2ـ تەماشانەکردنی شەڕ و ڕووداوەکان بە شێوەیکی تجریدی و جیاکردنەوەی لە ناکۆکی و ململانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چ ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە پاشخانی مێژوویی ململانییەکان هەیە، یان گۆڕانکارییە نوێکانی دوای کۆتایهاتنی دوو جەمسەری و زەمینەخۆش بوون بۆ پەیدابوونی جەمسەری ئیقلیمی، کە یەکێک لەو حهمسهرانه کارتێکردنی ڕاستەوخۆی لەسەر شەڕی غەززە هەیە، ئێرانە وەک جەمسەرێکی ئیقلیمی و کارتێکردنی لە لوبنان و سوریا و یەمەن و عێڕاق و بوونی ململانێ لە گەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل، جگە لە ڕواڵەتەکانی پەیدابوونی فرەجەمسەری کە بە بۆچونی من ئێستا جیهان لە قۆناغی گواستنەوە بۆ فرەجەمسەریدایه.
3ـ جیانەکردنەوەی هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە لە پاشخانی ڕەوشی جیهانی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و کێشەکانی سەدەی بیستەم.
4ــ پەیوەندی نێوان ئەو شەڕ و گۆڕانکارییە نوێکان لە سیستمی نێودەوڵەتی، کە بنەماکەی ژمارەی هێزی ناوهندی کاریگەرە لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا و، بواری یەک جەمسەری یان دوو جەمسەری یان فرەجەمسەری دەگرێتەوە، جگە لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە international order واتە موقع لە بنیاتنانی سیستمی نێودەوڵتی international structure واتە هیکەلی نێودەولەتی هەیە. کە تێکڕای ئەم دەستەواژانە بە زمانی عەرەبی وشەی نزامی نێودەوڵەتی بۆ بەکاردەهێنن.
لە تێکڕای ئەم خاڵانەی باسم کردن ئایا کۆمەڵگای نێوەوڵەتی توانای ئیدارەکردنی قەیرانەکان و ڕێگاگرتن لە شەڕ و توانای چارەسەرکردنی هەیە؟
مەبەستی من لە بابەتە (شهڕی غهززه وهك نموونه) خستەڕووی هەڵویستی سیاسییە و دابەشبوون نێوان شەرعیەتی ئیسرائیل یان شەرعیەتی حەماس لەم شەڕەدا نییە، کە بێگومان کاردەکرێ ڕای گشتی کوردستان دوور لە بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستانی دابەشبکرێت، بەڵکو خستنەڕووی ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:
یەک/ سەدەی بیست کۆتایهات، بەڵام کێشە و قەیرانی زۆری بۆ سەدەی بیستەیەکەم گواستەوە، کە دزێوترینیان شەڕە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قەیرانی ئێستای سەرمایەدارییەوە هەیە بەتایبەتی نیولیبرالیزم و ئۆلیگارشی دەسەڵاتدار لە ناوەندە سەرمایەدارەکان و دەستوپەیوەندەکانیان لە ئۆلیگارشی سەرمایەداری وابەست لە باشوردا پەنا بۆ بەردەوامبوونی چاوگەکانی بارگرژی و بەرپاکردنی شەڕ دەبەن.
لە ماوەی نێوان کۆتایهاتنی دووەمین جەنگی جیهان تا ساڵی 2020 توێژینەوەکان لە بواری پێکدادانە سەربازییەکان ئاماژە بۆ 285 پێکدادانی سەربازی دەکەن 122یان شەڕی ئەهلی بووە و 35یان جەنگ نێوان دەوڵەتان، 45 جەنگ دژ بە ڕێکخراوێکی بیانی و 83 لە شەڕە ئەهلییەکان بۆتە شەڕی نێودەوڵەتی.
هەڵبەتە تێکۆشانی چەکداری بزوتنەوە رزگاریخوازەکانی جیهان لەو توێژینەوەیەدا خراوەتە بازنەی شەڕی ئەهلی. شەڕەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستین پێش دامەزراندنی حماس لەو بازنەیەدا بووە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە شەڕی غەززە لە چ لەو خانانەدا پۆلێن دەکرێت؟
دوو/ یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی شەڕی ئەم سەردەمە گۆڕانکارییە بە مانای سیاسی و تەکنەلۆجیکەی.. لە شەڕی ئێستادا بۆمبی زیرەک بەکاردەهێنرێت، هەڕەشەکردن و مەترسی لەسەر خەڵکی مەدەنی و تێکدانی ژێرخانی کۆمەڵگایی و باڵاخانەی شارەکان و دامەزراوی ئابووری لە شەڕەکاندا زیاتر فراوان دەبێت.
بۆ نموونه با بڕوانینە شەڕی ئۆکرانیا.. گرتنی دیلی مەدەنی و ژن و منداڵ لە لایەن حماس و شاڵاوی خاپورکردنی غەزە و بالاخانەکانی و مردنی خەڵکی سیڤیل و مندالان لە غەززە. له ههمان كاتدا با شەڕی داعش و ڕهوشی ژنە ئێزیدییەکانمان لە بیر نەچێت.
سێ ــ لەم شەڕانەدا هێزی تەقلیدی دەوڵەت بەلاوازی دەردەکەوێت و میرەکانی شەڕ (ئهمیرهكانی جهنگ) و میلشیا و کۆمپانیاکان سەربازییەکان ڕۆڵ دەبینن.
بۆ نموونه: فاگنەر. پشتبەستن بە میلشیا لە جیاتی سوپا (حشد).. کۆمپانیا تایبەتەکانی بواری ئەمنی ...داعش.
چوار/ دەکرێ گروپێک یان میلشیایەکی ژمارە کەم و ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنتڕۆڵی هیچ دەوڵەتێک نەبێت شوێن و جوگرافیایەک یان پانتاییەکی فراوان داگیر بکات وەك نموونەی داعش.
پێنج/ پەرەسەندنی تەکنەلۆجیای مەترسیدار و بازرگانی بە چەک ئەگەری وەدەسهێنانی چەکی پەرەسەندوو یان کوشندەی بۆ گروپێکی توندڕەوی میلشیایی درووست کردووە.
بۆ نموونه: داعش و قاعیدە و ڕەوتە ئیراهبییەکان ..تەقینەوەی ناوەندنی بازرگانی نێودەوڵەتی.
بە گشتی لە سەدەی بیستەوە و تا ئێستا جیهان لە سایەی شەڕی سارد و گەرمدایە و سەردەمی جەنگ کۆتایی نەهاتووە و لە چارەگە یەکەمی سەدەی بیستویەکەمدا شەڕ لە عێڕاق ئەفغانستان سوریا لیبیا یەمن سودان، ئەتیوبیا و ئۆکرانیا ، شەڕی کەنداو و شوێنی دیکەش لە ئارادابوون.
لە تێکڕای ئەم خاڵانەی باسم کردن، بابەتێک دێتە پێشەوە ئەویش تیرۆری دەوڵەت و تیرۆری ڕێکخراوەی سیاسییە و، پرسیار ئەوەیە چۆن پەلاماردانی حماس لە 7ی نۆڤەمبەر و شاڵاوەکانی سوپای ئیسرائیل و، گروپە فاشیستەکانی ئۆکرانیا کە لە 2014وە چالاکی سەربازی دەکات و کارەکانی فاگنەر و ڕەفتاری سوپا و هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت دژ بە نەیارە سیاسییەکانیان لە شوێنی جۆراجۆردا چۆن پۆلێن دەکرێن، بەتایبەتی کە حاڵەتی کوشتنی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدرێت.