بەڕوونی

كاوە مەحموود

جیهان لە سەردەمێكی نوێی گەڵاڵەنەبوودا!

بەشی یەكەم/

ریتمی ڕووداوە نوێكانی تایبەت بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ‌و بوارەكانی ئابووری ‌و سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئاماژە بە نزیكبوونەوەی گۆڕانكارییەكی چلۆنایەتی جیا لە سەردەمی كۆتایهاتنی شەڕی سارد ‌و تاكە جەمسەری دەكات.

ئەم جۆرە گۆڕانكارییانە، گەر لە سۆنگەی ئەزموونی مێژووی مرۆڤایەتییەوە تەماشای بكەین، هیچ كاتێك بێ چەمكی ناكۆكی ‌و ململانێ ‌و بەكارهێنانی هێز تا دەگاتە دیاردەی نەگریسی شەڕ ‌و جەنگ ئەنجامنەدراوە.

كاتێك باس لە گۆڕانكاریيە نوێكان‌ و شێوازی دەركەوتن ‌و بەرجەستەبوونی دەكەین، لە هیچ كاتێكدا بۆچوونمان لەم بوارەدا لە بازنەی گەڕانەوەی جیهان بۆ ڕەوشی پێش شەڕی سارد‌ و تاكە جەمسەری ‌و هەمان ئەو وردەكارییانە نییە، كە لە ململانێی سەدەی بیستەمدا پیادەكرا.

بابەتە نوێكان، كە باڵی بەسەر ڕوواڵەتی ڕەوشی جیهانی ڕاكێشاوە، لە سەرەتاكانی سەدەی بیستویەكەمەوە لە دۆخی كارلێكردنبوونە‌ و بەشێوازی گۆڕانكاری چەندایەتی كەڵەكەبووە، كە لە هەلومەرجێكی نزیكدا ئەگەری گۆڕانكاری چلۆنایەتی لە ڕەوشی جیهان ‌و چەمكی زلهێزی نێودەوڵەتی ‌و بابەتی جەمسەربوون دێنێتە كایەوە.

خاڵی یەكەمی نیشانە بەرچاوەكانی گۆڕانكارییەكان بریتیە لە دابەزینی ڕێژەیی هەژموونی ئیمپریالزمی ئەمریكا وەك تاكە جەمسەر ‌و بەرزبوونەوەی ئاستی ڕوسیا وەك جەمسەرێك لە بازنەی سەرمایەداریدا وەك بژاردەی سیستمی ئابووری ـ كۆمەلایەتی ‌و بوونەوەی بە زلهێز، بەڵام نەك بەهەمان ئەو شێوەیەی یەكێتی سۆڤیەت لە سەدەی بیستەمدا، كە زلهێزێكی جیهانیبوو، وەك جەمسەری ئەلتەرناتیف لە بواری بژاردەی سیستمی ئابووری ‌و سیاسی ‌و كۆمەڵایەتیيەكی ناكۆك بەسیستمی سەرمایەداری، خۆی دەخستەڕوو.

خاڵی دووەمی بابەتە نوێكان پەیوەندی بە قەیرانە سەختەكانی ناوەندە سەرمایيەداریەكانی ئەوروپاوە هەیە ‌و ئەمەش ریزبەندییەكی نوێی لە گۆڕەپانی سیاسی ئەوروپادا دروستكردووە‌ و پشتگیری سەرەكی یەكێتی ئەوروپا بۆ ئۆكرانیا‌ و ئاكامەكانی ڕەنگدانەوەیەكی بەرچاوی ئەو قەیرانەیە‌ و ئاكامەكەشی لاوازی ڕۆڵی یەكێتی ئەوروپایە، كە هەندێ ناوەندەی نیولیبرالیزمی نێودەوڵەتی بە "كیشوەری پیر" ناوی دەبەن.

سێیەمین خاڵی گۆڕانكارییەكان پەیوەنديی بە بەرزبوونەوەی ئاستی دەوڵەتی چینە وەك زلهێزێكی جیهانی، كە خاوەن وزەیەكی ئابووری سەقامگیر ‌و چەسپاوی لە ئابووری نێودەوڵەتیدا هەیە ‌و لە ئاستی ناوخۆییدا ئابوورییەكی بتەو ‌و سەقامگیریيەكی سیاسی ‌و گەشەپێدانێكی هەمەلایەنی كارای دابینكردووە ‌و تەنانەت بەپێی سەنتەرەكانی توێژینەوە دەربارەی سیاسەت‌ و گۆڕانكارییەكانی ئایندەی جیهان، باس لە بوونی بەجەمسەری ژمارە یەك لەسەر ئاستی جیهان لەناوەڕاستی سەدەی بیستویەكەمدا دەكرێت.

ئەو خوێندنەوەیە سەبارەت بە ڕۆڵی ئاییندەی چین لە توێژینەوەكاندا پشت بەو ئەلتەرناتیڤە دەبەستێت، كە چین لە بواری سیاسەتی دەرەكی خۆی ‌و خوێندنەوەی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی رايگەیاندووە‌ و جەخت لەسەر پاراستنی ئاسایشی هاوبەشی جیهان‌ و گەشەپێدانی هاوبەش ‌و دەستپێشخەری شارستانی جیهانی دەكاتەوە.

چوارەمین خاڵ وابەستە بە قایلنەبوونی هێزە هەژمووندارە نوێكان بە ڕۆڵی جەمسەری هەرێمایەتی، كە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت ‌و تاكە جەمسەری ئەمەریكا دروستبوون، بەتایبەتی جەمسەری ئێران كە بەناوی "هەناردەكردنی شۆڕش" باسی لە حوكمڕانی خۆی بۆ چوار پایتەختی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرد، مەبەستمان بەغداد ‌و دیمشق ‌و بەیروت ‌و سەنعایە. هەروەها جەمسەری توركیا كە بەبیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بنكەی سەربازی لە دەوحە ‌و كوردستانی باشوور ‌و سوریا ‌و لیبیا دادەنا‌ و هەردوو جەمسەریش بەشێوازی جیا ‌و لە ڕێگای پێدانی چەكەوە بەشێك لە شەڕی نێوان ڕوسیا‌ و ئۆكرانیا ‌و سەرجەم ناكۆكی ‌و ململانێیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

سەرەتاكانی گۆڕانكارییەكان، كە زەمینەسازییە بۆ گۆڕانكاری وەرچەرخان ئامێزی چلۆنایەتی، لە ئاراستەی سیاسەتی ترامپ لە بواری نێودەوڵەتیدا پەیتا پەیتا دەردەكەوێت.

یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی ئەم بوارە، سیاسەتی سەرۆكی نوێی ئەمەریكایە سەبارەت بە شەڕ لە ئۆكرانیا. بنەمای سیاسەتی ترامپ لە بواری دەرەكیدا جیاوازی لەگەڵ سیاسەتی بایدن هەیە. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت تا وردەكارییەكانی سیاسەتی بایدن، واتە بۆ زیاتر لە سی ساڵ، سیاسەتی دەركی ئەمریكا بریتیبوو لەوەی هێزی ئەمەریكا لە جیهاندا ناكرێ سنووردار بێت ‌و هەرچۆنێك بێت گرنگە دەسەڵات ‌و هەژموونی ئەمەریكا بەسەر جیهاندا بمێنێتەوە.

لە پشتگیریكردنی ئۆكرانیا، كاركردن بەم لۆجیكەی لەسەرەوە باسمانكرد، بنەمای سیاسەتی بایدن بوو. بیرۆكەی سەرەكی ئەو سیاسەتە بریتیبوو لەوەی، كە ڕوسیا شەڕ دەدۆڕێنێت ‌و دووچاری شكستییەكی ئەوتۆ دەبێتەوە، كە دوور لە ویستی ئەمەریكا هیچ جموجۆڵێكی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێناكرێت ‌و لەم ڕووانگەیەوە بایدن لە كاتی سەردانەكەیدا بۆ پۆڵۆنیا ئاماژەی بە مەبەستی ئەو جەنگە كرد، كە گۆڕانكارییە لە ڕژێمی حوكمڕان لە مۆسكۆ.

بەپێچەوانەی ئەم سیاسەتە، ترامپ فۆكسی خۆی دەخاتە سەر سیاسەتێك، كە ئەمەریكا بتوانێت بەرژەوەندییەكانی خۆی لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزێت ‌و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە كارەكان لە بازنەی ناوچەی هەژموونی تایبەت‌ و فۆكسی سەرەكی زیاتر لەسەر ناوچەی نزیك لە كیشوەری ئەمەریكای باكوور بێت ‌و لەو شوێنەدا پێگەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەهێز بكات، نەك خەرجی دارایی ‌و وزەی ئابووری ‌و مرۆیی خۆی لە ناكۆكی‌ و شەڕ لەو ناوچە دوورانەی، كە بەنیسبەت ئەمەریكاوە گرنگ نین، بەفیڕۆبدات. هەر لەم ڕوانگەیەوە ترامپ پێش وەرگرتنی دەسەڵات بەفەرمی، باسی لە سیاسەتی خۆی سەبارەت بە كەنەدا ‌و پەنەما ‌و مەكسیك ‌و گرینلاند كرد، كە ئەو جۆرە ئاراستەیە مایەی چەسپاندنی شوێن‌ و قورسایی ئەمەریكا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ‌و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكایە ‌و وەك هەنگاوی تەواوكەر بۆ ئەو سیاسەتەش باسی لە كۆتایيهاتنی شەڕی غەززە‌ و كۆتايیهاتنی جەنگی نێوان ڕوسیا ‌و ئۆكرانیای كرد ‌و ئەم ئاراستەیەش بەشێكە لە دیدی گشتگیری ترامپ سەبارەت بە بازرگانی نێودەوڵەتی‌ و ڕاگرتنی كۆمەكی دەرەكی ‌و پشكی بەشداری ئەمەریكا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

وتاری نووسەران