
لە پەراوێزی کردەی تیرۆرستیی کوشتنی "خواناس"دا، پێوستە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی بکرێت و ئەو ئاماژە و ڕەمزانەی بە ئاشکرا دوای ئەم ڕووداوە دەرکەوتن بخرێنە بەر باس و بەجددی لەسەری بووەستین.
ئەو دۆخەی ئێستا کۆمەڵگەی کوردی تێدایە دۆخێکی ناسەقامگیری ناسروشتییە، کە دەرئەنجامی نەبوونی قوناغی ڕۆشنگەری و تێنەپەڕاندنیەتی بەرو مۆدێرنیزم! له ئەنجامی شکستی مۆدێرنیزم کۆمەڵگە لە ململانێیەکی ناهاوسەنگدایە لە بەرژەوەندی هزری کۆنەپارێزدا، کە ئەمە بەرو چەقبەستن و گەڕانەوەیەکی تووندتری دەبات بۆ ناو فەندەمینتالیزم.
کانت لە بارەی ڕۆشنگەرییەوە دەڵێت: «با ئازایەتیی ئەوەت هەبێت هزری خۆت بەکاربهێنیت: ئەوە دروشمی سەردەمی ڕۆشنگەرییە.» بەبێ بوونی هزرین و عەقڵانی بوونی تاک ناتوانین ڕۆشنگەربین چوونکە ڕۆشنگەری واتا زاڵبوونی گوتاری ئەقڵانییبوون، دژی نەریت و خوڕافیاتیی دیینی و فەندەمێنتالیزم، بۆ ئەوەی ئازادیی تاک بسەپێ و لەژێر هەژموونی گوتاری دیینی و نەریتی دەرباز بێت. سەردەمی ڕۆشنگەری بەرهەمهێنەری کۆمەڵێک فەلسەفە، هزر، ڕێبازی ئەدەبی، سیاسی و کولتوورییە. واتە سەردەمی فرە هزر و ململانێی هزری کۆنەخواز و نوێخوازە، چونکە ڕۆشنگەری لەسەر بنەمای عەقڵ و ئازادیی مرۆڤ دامەزراوە. هەر ئەمەش بووەتە هۆی داڕێشتنی بنچینەی هزریی فەلسەفی و سیاسیی مۆدێرنیزم.
قۆناغی ڕۆشنگەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا غایب بوو، بەسەر ئەم دۆخەدا تێپەڕی و کتوپڕ خۆی لەناو قۆناغ و دۆخێکی جیاوازی ڕواڵەتیی مۆدێرن و جیهانگیریدا بینییەوە. لە کاتێکدا زۆربەی ململانێکان پێش دەستپێک تەواوکران و بەنیوەچڵی بەجێهێڵدران. هزری فەلسەفی، سیاسی، ئەدەبی ..هتد بەبێ تێگەشتنێکی قوڵ لە دەرەوە وەک هەر کاڵایەک هاوردەکران و نەتواندرا تێگەیشتنێکی ئەقڵانی دروست بکات و لە ڕواڵەتدا مایەوە.
هەر بۆیە کۆمەڵگەی کوردی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵگری کلتوور و نەریتی ئیسلامی نەیتوانی بەرو مۆدێرنیزم/مۆدێرنیتە هەنگاو بنێت. هاشم ساڵح لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی "ژاک درێدا و ڕۆشنگەری ئایندەی ئیسلام و عەڕەب و جیهان" دەنووسێت: «دریدا ددانی بە گرینگی و بایەخی ڕۆشنگەریدانا، هەروەها لە تێڕوانینی ئەودا گرفتەکە بریتی بوو لەوەی جیهانی ئیسلامی تا ئێستا ڕۆشنگەری بەخۆیەوە نەدیوە. وەک چۆن لە ئەوڕوپا فەراهەم بووە، هەر لەبەر ئەمەشە پێکدادان ڕوودەدات لە نێوان جیهانی ئیسلامی و ڕۆژئاوادا، ئەم پێکدادانەش بەردەوامە مادام سیستەمی بەها باڵاکان یاخوود باگراوەندەکان جیاواز و ناکۆکن لە هەردوو جیهانەکەدا.» ئەمە بەو واتایە دێت کە جیهانی ڕۆژئاوا هەڵگری بنەمای فەلسەفی و سیاسیی مۆدێرنیزمە کە دین و دەوڵەت لێکجیاکراونەتەوە، بەڵام جیهانی ئیسلامی هەڵگری هزری فەندەمێنتالیزمە و هێشتا دین بەهای باڵایە و گوتاری زاڵی نێو کۆمەڵگەیە بە گشت کایەکانیەوە.
لەبارەی مۆدێرنیزمەوە هاشم ساڵح" دەڵێت: «مۆدێرنیزم بەشیوەیەکی هاوئاهەنگ لەسەر چەند ئاستێک هەنگاوی نا: ئاستی زانستی-تەکنەلۆژی، ئاستی ئایینی-خوداناسی، ئاستی فەلسەفی، ئاستی پیشەسازی-ئابووری، ئاستی سیاسی-قانوونی و تادوایی. کەواتە مۆدێڕنیزم بریتییە لە ڕاستییەکی گشتگیر و کامڵ: واتە تۆ یان مۆدێرنیت، یان مۆدێرن نیت. ناکرێت ببینە خاوەنی هەندێک لە ڕواڵەتەکانی، یان وەکو گوتمان هەندێک لە بەرهەم و ئامێرەکانی وەربگرین و ئیتر وا بزانین بەوە دەبینە مۆدێرن.» لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، عەقڵانییەت جێگەی ئەقڵیەتیی سونەتیی لەقدەکات و نایهێڵت، جگە لەوەی مۆدێرنیتە بەبێ سیکۆلاریزم/عەلمانییەت مۆدێرنیتە نییە. هەرەها، یاسا سەروەرە و بەسەر هەموو تاکەکان بەبێ جیاوازیی دەسەپێندرێت. مرۆڤ ئازادە و مافی پارێزراوە. هەموو ئایدۆلۆژیا و ئایدیاکان دەبێت لە خزمەت مرۆڤ بێت، نەوەک مرۆڤ لە خزمەت ئەوان بێت. واتا مرۆڤ سەنتەرە نەک ئایدۆلۆژیا و ئایینێکی دیاریکراو.
لە ئەنجامی غیابی ڕۆشنگەری و شکستی مۆدێرنیزم، کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ هەنگاو بەرو دواوە دەنێت و تووندتر و قوڵتر ڕۆدەچێتە ناو هزری فەندەمێنتالیزم و کۆی پایە نەریتی و دیینییەکانی بەهێزتر دەکات. فەندەمێنتالیزم واتا پابەندبوونێکی توند بە بیروباوەڕ و پراکتیزکردنی کردە ئایینییەکان. لێکدانەوەی وشەیی بۆ دەقەی ئایینی دەکات نەک ئەقڵانی هەروها ڕەتکردنەوەی مۆدێرنیتە و عەلمانییەت/سیکۆلاریزم. لای ئەوان بیروباوڕەکەیان ڕاستیەکی ڕەهایە، نە سازشی لەسەر دەکرێت نە ڕەخنە قبوڵە، بەدەر لە هزری ئەوان هەموو شتێک هەڵەیە و جێگەی قبوڵکردن نییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو تیۆرە زانستیانە ڕەت دەکەنەوە کە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئایینی خۆیانن و بانگەشە بۆ سەپاندنی یاسا و بەها ئایینییەکان لە کۆمەڵگادا دەکەنەوە. فەندەمێنتالیزم لە هەموو ئایینە جیاوازەکاندا هەیە، وەک ئایینی مەسیحی، ئیسلام، جوولەکە و هیندۆسی. بەڵام فەندەمێنتالیزمی ئیسلامی داوای خەلافەت دەکات لە ئەنجامدا بووەتە بزووتنەوە تیرۆرستیی توندڕەو تەنانەت دەستەڵاتیشیان بەدەستەوە بووە وەک گروپی قاعیده و داعش ...هیتد هەر ئەمانە لە دەستەڵاتدا کارەساتی مرۆییان خوڵقاند.
ئەم دۆخە ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری و جیاوازی چینایەتی و کەڵەکەبوونی سامان لەلایەکی کۆمەڵگە و نەبوونی ستاتیژیەتی بنیانتانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی سەردەمی و پێشکەوتووخواز، مەیدانێکی فراوانی بۆ بڵاوبوونەوەی هزری کۆنەخوازی کردووە تا زیاتر ڕێکخراو و حیزب و کەسایەتی ئایینی ئەسپی خۆیان تێدا تاوبدەن و گوتاری ئیسلامی زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگە؛ مارکس گووتەنی "وشیاری ساختە" یان درۆیینە لەناوکۆمەڵگەدا بڵاوبکەنەوە.
کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک فەندەمێنتالیزەکراوە، تا ئاستی کردەی تیرۆرستی و کۆمەڵگەش بە گشتی پشگیری لێدەکات. ئەمە نیشانەی سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامییە کە سەرەتایەکی ترسناک و دووبارە بوونەوەی سیناریۆی ڕانەگەیێندراوی ئەفغانستانێکی ترە. ئەمە ئەبەستینەوە بە شیکردنەوەیەکی سلاڤۆی ژیژەک کە لە چاوپێکەوتنێکدا تێزێکی واڵتەر بنیامین دەهێنێتەوە بۆ شیکردنەوەی چەمکی فاشیزمی ئیسلامی، کە هەڵقوڵاوی هزری ئیسلامی فەندەمێنیتاڵیزمە. تێزەکە دەڵێت: «لە پشت هەر دەرکەوتەیەکی فاشیزمەوە شۆڕشێکی شکستخواردوو لە ئارادایە.» ژیژەک پێی وایە کە ئەم فاشیزم و فەندەمێنتاڵیزمە ئیسلامییەی ئێستا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە نەمانی چەپی ئیسلامی سیکۆلار. بە واتایەکی تر ئەگەر ئەم تێزە لە کۆنتێکستی ئێستا وربگرین لە جێگەی فاشیزم، تیرۆریزم بەکاربهێنێن ئەگەر لە هەر شوێنێک تیرۆریزمی فێندەمێنتالیست سەرهەڵبدات و بەدەر بکەوێت مانای ئەوەیە کە شۆڕشێکی شکستخواردوو هەیە. هەر کاتێک ئەمە سەریهەڵدا، واتا غیابی خەباتێکی شۆڕشگێڕی پێشکەوتنخواز و نوێگەر. کۆمەڵگەی کوردی ئێستا لە دۆخی متبوون دایە؛ ئەوەی هەیە وەرگەڕانە بەرەو گوتاری دیینی فەندەمێنتالیست بە حیزبە عەلمانییە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنە کۆن و نوێکانەوە بەرنامە و ڕاگەیاندنەکانیان خستووەتە خزمەت ئەم هزرە و ئەم گوتارە. ئەمە نیشانەی سەرەتای کۆتایی هاتنی کۆمەڵگەی کوردییە بەرەو مۆدێرنیزم، هەنگاوهەڵهێنانە بەرەو خەوێکی قوڵ لە باوەشی فەندەمێنتالیزم لە ژێرسایەی فاشیزمی ئیسلامی.
ئاسۆس ساڵح