
پەروین عەزیز
لەساڵانی (1994-1995) بوو پەیوەندیم بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ئافرەتان و حزبی شیوعی کوردستانەوە کرد، لەڕێگەی ئەم هاوڕێ ئافرەتانەی ئەوکات لەکۆمەڵەدا کاریان دەکرد، بەداوای لێبوردنەوە ناوی هەندێکیانم یاد نەماوە، بەڵام خوشکە فریشتەم دەناسی لە ڕێگەی ناوناوبانگیەوە پێش ئەوەی بیبینم و بەدیداری شادبم.
خوشکە فریشتە بە هۆی چالاکی و گورج و گۆڵی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا ناوبانگێکی باشی هەبوو لەنێو هاوڕێیان و ئافرەتاندا. لەساڵانی زوو بارەگای حزبی شیوعی لە گوندی داربەسەری بچووك داندرابوو، هاوڕێ فریشتەش هەم ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی ئافرەتان و هەم ئەندامی حزبی شیوعی بوو. ئەوکات من هێشتا لەدایک نەبووبووم، دایکم تازە هاوسەرگیری لەگەڵ باوکمدا کردبوو لە داربەسەر دەژیان. بەحوکمی ئەوەی خانەوادەی باوکم و مام و ئامۆزاکانم شیوعی بوون، هەربۆیە دایکیشم بوو بە یەکێك لە دڵسۆزانی حزب و کۆمەڵە، لەوساوە هەڵسا بە بەشداریکردن لە کاری نهێنی و خزمەتکردنی حزب و کۆمەڵە بەگشتی، لەوساتەوە دایکم و هاوڕێ فریشتە بوون بە هاوڕێ و خوشکی یەکتر، ئەوکات هاوڕێ فریشتە بەناوی نهێنی بەخەجاو ناودەبرا.
هەروەها خوشکە مامزم لە هەولێر ناسی. ئافرەتێکی ئازا و دڵسۆز و لێهاتووبوو (دایکی ئامێز) مامۆستا شوکریە و زۆری دیکەشم لە هاوڕێیان ناسی و خۆشحاڵ بووم بەناسینیان و کاری زۆرمان بەیەکەوە ئەنجام دا. لەساڵانی نەوەدەکان ڕێژەی ئەندامانمان زۆر بوو منیش وەك ئەندامێکی گەنج بەردەوام بووم لەکار و چالاکییەکاندا، هەروەها وەکو هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ بەشداربووم لە ئاهەنگەکانی حزب و کۆمەڵە، خوشکە فریشتە لەبیرەوەریەکانی خۆیدا باسی لەوسەفەرە دەکرد کە وەکو وەفد چووبوو بۆ چینی میلی و لەوێ جلوبەرگی چینی لەبەر کردووە و تەنانەت بە من و هاوڕێ ئاشتی جوانەمەرگیشی گوت ئەوکات من وەك ئێوە گەنج و جوانبووم و باریکەڵە بووم، جلەکانم تاقی بکەنەوە، بۆ کامتان گونجاو بوو دەتاندەمێ بەدیاری، ئێمەش زۆر شەرممان دەکرد و هیچمان نەگوت. باسی لەوە دەکرد کە لەڕێگای چوونیاندا ئەم وتارەی پێیان بووە هەشت لاپەڕە بووە، بە هاوڕێیانی گوتووە ئەوە زۆر کورتە و پێویستە هەندێك شتی تری بۆ زیاد بکەین و زیاتر بیڕازێنینەوە و لەئەنجامدا کردوویانەتە هەژدە لاپەڕە و بووەتە وتارێکی تێروتەسەل و جوان کە لەچین پێشکەشیان کردبوو.
هەروەها سەفەری بۆ مۆسکۆی پایتەختی سۆڤیەتی جاران لەوێدا سەردانی نەخۆشخانەی دڵی کرد بوو دەیگێڕایەوە و دەیگوت سەموون و چای ساردیان بۆ هێناین خواردمان کە ئێمە گوێ بیست بووین سەرمان سوڕما دەمانگوت چای سارد؟
خوشکە فریشتە دەیگوت ڕوسییەکان چای سارد بەباشتر دەزانن لەچای گەرم بۆ دڵ، هەر بۆیەش چای ساردیان بە نەخۆشەکانیان دەدا و پێشکەشی ئێمەشیان کرد. زۆر جاریش بە پارچە شیعرێکی خۆی دڵ و ڕۆحمانی ئاودەدا و دەگەشاندەوە.
لەوساڵانەوە تائێستا خۆم بەقوتابی ئەم قوتابخانە و ئەم ڕێبازە دەزانم و خزمەتی حزب و کۆمەڵەی ئافرەتانی پێدەکەم، زۆر کەس و زۆر شتم بینی، زۆر شت فێر بووم، فێری خۆشەویستی و ڕێزگرتن لەهاوڕێ و لەهاونیشتیمانیان بووم.
هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی خوشکە فریشتەی نەمر و فریشتەکانی تریش گیانتان شاد و ئاسوودە و ڕێگاتان پڕ ڕێبوار بێت.