هیوا عومەر

 

لە ساڵی 2025دا، ژمارەیەك پارتی سیاسی ڕووبەڕووی بەستنی كۆنگرە دەبنەوە، بەشێكیان لەئێستاوە كێشەیان تێكەتووە، بەشێكی تریشیان هیچ ئاسۆیەكی ڕوون نییە ئاراستەی كۆنگرەكەیان چۆن دەبێت، پێشتریش ئەزموونی بەستنی كۆنگرەی حزبە دەسەڵاتدارەكانمان بینی چۆن بوو.

یەكێك لەو ئیشكالیەتانەی بەزەقی هەستی پێدەكرێت لە ژیانی سیاسی و حكومڕانی هەرێمی كوردستان، قەیرانی پارتە سیاسییەكانە، وەك ئەنجامی ڕاپرسییەكان پشتڕاستی دەكەنەوە، "لاوازی و بێمتمانەیی هاووڵاتییان بەحزبەكان  و دامەزراوەكان، چۆتە ئاستێكی مەترسیدار" ئەمەش رەنگدانەوەی بوونی قەیرانە لەناو خودی پارتە سیاسییەكاندا، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە .

ڕیشەی قەیرانی حزبە سیاسییەكان ریشەیەكی مێژوویی و جیۆپۆلیتیكییە و ڕەنگدانەوەی كلتووری فكری و سیاسی وپاشماوەی بیری خێڵەكی  و ناوچەیی و ئاستی گەشەكردنی دیموكراسییەت و  باری سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی كۆمەڵگەكەمانە .

جگە لە لاوازی پەیوەندی پارتەكان بە هاووڵاتییانەوە، ئەم قەیرانە ڕەنگیداوەتەوە لە بڵاوبوونەوەی بێ متمانەییش لەنێوان رێكخستنەكان و سەركردایەتی حزبەكاندا، پارتەكان لە جێگای ناوەندێكی هاوبەشی كۆمەڵێك هاووڵاتی لەسەر بنەمای فكر و بەرنامە بۆ ئامانجێكی گشتی هاوبەش، بوونەتە ناوەندێك زۆر جار رۆڵی كۆمپانیا و حكومەت و بوونی بەرژەوەندی تایبەتی دەبینێت، لەوەش ترسناكتر لە جێگای ئەوەی ناوەندێك بێت بۆ تێكۆشان و كاركردن لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتیدا، بۆتە ناوەندێك بۆ بەرژەوەندیی دەستە و تاخمێكی تایبەت.

«الدولە العمیقە» پرسی دەوڵەتی قووڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم ناوچەیەدا لە دروستبوونی حزبی قووڵ ڕەنگیداوەتەوە، ئەوكاتەی حزب لەناو حزبدا دروستدەبێت.

لەم دۆخەدا حزب خەڵكانێك هەڵدەتۆقێنێت لەسەر بنەمای پاسیڤكردن و پەراوێزخستنی زۆرینەی ئەندامان و كادیرانی، ناوەندێكی تری بڕیار و دەسەڵات دروستدەكات، كۆنگرە و كۆبوونەوە حزبییەكان تەنها كاریان شەرعییەتپێدانی بڕیار و روئیای كەمینەی دەسەڵاتخواز دەبێت، ئەمەش وادەكات جۆرێك لە نامۆبوون لەناو خودی رێكخستنەكاندا، دروستببێت .

ڕەنگدانەوەی قەیرانی ژیانی حزبەكان، لە حزبێكەوە بۆ حزبێكی تر وەك یەك نییە، لەناو حزبە دەسەڵاتدارەكاندا كاتێك فكر، بەرنامە، پرنسیپ و بەهاكان بەرەو لەناوچوون یان كاڵبوونەوە دەچن، لە جێگای ئەوە حكوومەت و ماڵی گشتی هەراج و دابەشدەكەن بۆ هێشتنەوە وەلائی زۆرەملێی، ئەندامانیان، دۆخێك دروستدەكەن، كۆبوونەوە  لەدەوری حزبدا لەسەر بنەمای بەخشینەوەی دەستكەوتی ماددی و پلەوپۆست بێت تا ئاستی چاوپۆشین لە یاساشكێنیبێت .

لەناو هێزی ئیسلامی سیاسی، سوودوەرگرتن و بەكارهێنانی ئایین و ڕمزەئایینییەكان وایكردووە هێزێكی پیرۆزی ببخشێتە حزب و فیگەرە ئیسلامییەكان، لە جێگای ئەوەی حزب وەسیلەیەك بێت بۆ ئامانجی چاككردنی ژیانی سەرزەمین، وەبەرهێنان لەسەر سەرمایەی ڕەمزی ئایینی كۆمەڵگە دەكەن و ڕایەڵەی ئەندامان لەسەر ئەم پەیوەندییە دادەمەزرێنن لە جێگای بەكارهێنانی ماڵی گشتی، ئایینی گشتی بەكاردەهێنن .

بەشێكی تری هێزە سیاسییە لیبراڵە تازەكان، بەپەیڕەوكردنی گوتارێكی پۆپۆلیستی، شەعبەوی، چۆن بەخێرایی بەجەماوەری دەبن، ئاواش بەخێرایی دادەبڕین لە جەماوەر، بزووتنەوەی گۆڕان یەكێكە لەو نموونانە.

هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكانیش، تادێت زیاتر دادەبڕێن لە جەماوەر، ئەوان بەچەندین دەرد و قەیرانی فكری و سیاسی و جەماوەری گیرۆدەن .

پرسیارێك ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئایا هۆكارەكانی چەقبەستوویی لەناو حزبەكان چین، بەتایبەتی لەناو هێزە چەپەكاندا و دەتوانین چارەسەری قەیرانەكان بكەین و جارێكی تر حزب لەگەڵ كۆمەڵگە ئاشتبكەینەوە؟

لە بەشەكانی داهاتوودا هەوڵی ئەرگۆمێنتكردنی ئەم پرسیارە دەدەین .

وتاری نووسەران