
لەڕوانگەی چینایەتیەوە
عوسمان زیندانی
بەپێی یاسای كاری نێو دەوڵەتی وجاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ (كار كردن)یەكێكە لەمافە بنەڕەتیەكانی مرۆڤ و دیارە بەپێی واقیعی كۆمەڵگەی چینایەتی بنەمای سەرەكی بۆ كاكردن لەلای كرێكار دابین كردنی پێداویستیەكانی ژیانی كرێكار و خێزان و مناڵەكانیەتی ، لەم ڕاستایەدا هەمیشە كرێكار و سەرمایەدار لە كێشە و ململانێدا بوون لەسەر كات و كرێی كرێكار بەتایبەتی ،
بۆئەم مەبەستە یاسای كاری عێراقی ژمارە (٣٩)ساڵی (٢٠١٥)كرێی وەك مافێكی سەرەكی و بنەڕەتی لەبەرامبەر كاری كرێكار دیاری كردوەو لەپێناسەی كرێكاردا نووسیویەتی ( كرێكار ئەو كەسەیە كە كارێك دەكات لە ژێر چاودێری خاوەنكاردا لەبەرامبەركرێیەكدا كە خاوەنكار دەبێت بیدات بەكرێكار )لێرەدا بەڕوونی دیاركردوە كە كاری كرێكار وابەستە و گرێدراوە بە كرێی كارەكەیەوە ٠
لەهەمانكدا كاری زۆرە ملێی قەدەغە كردوە وە كاری (سەربار) واتا كاری زیاد لە ٨ سەعات كار ، بەكرێ دیاركردوە وە لەیاساكەدابەڕوونی دیاركراوە كە دەبێت كرێ لەكاتی خۆیدا بدرێت٠
ئەم چەند ماددە وبڕگە یاساییانە دەلیلی حاشا هەڵنەگرە بۆ ڕەوایەتی كرێی كرێكار٠
بەڵام خاوەنكاران بەپێی وویستی خۆیان كرێ دیار دەكەن و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان كرێ دەدەن نەك بەپێی ئەوەی یاسا دیاری كردوە ئەمەش پێچەوانەی ماف و یاسای كار و مافی مرۆڤە٠
.لەهەرێمی كوردستاندا بەدەیان كۆمپانیا هەن كەلەكاتی خۆیدا كرێ نادەن بەكرێكارو دوای دەخەن لە كاتێكدا كرێكار هیچ سەرچاوەیەكی تری دارایی نیە كە بژێوی ژیانی خۆی پێدابین بكات٠
باشتری نموونە دواكەوتنی كرێی كرێكارانی ژینگە پارێزە كە لە(كۆمپانیا شكار )كار دەكەن لەماوەی دوو ساڵدا زیاتر لەچەند جارێك كرێی كرێكارەكانی دواخستوە دواجار لەمانگی ئایاردا كەڕۆژی جیهانی كرێكارانە ودەبێت پشوو بدرێت بەكرێكاران بەڵام كۆمپانیای ناو براو كاری پێكردوون و كرێی مانگی ئایار دواخستوە هەربۆیە كرێكاران چەند ڕۆژێكە دەستیان داوەتە مانگرت و دەبینن شەقامەكانی چمچماڵ پاك نەكراوەتەوە خۆڵ وخاشاك لە كۆڵان و شەقامەكان كەڵەكە بووە ٠
هەتا ئێرە پەیوەستە بەبەرپرسیارێتی كۆمپانیاكانەوە بەڵام. ئەی كوا حكومەت و وەزارەتی كار و لیژنە قسەكەرەكانی ناو پەرلەمان بۆ داكۆكیكردن لە مافی كرێكار ؟
ئەم بێدەنگیەی دەسەڵاتداران بەشێكە لە ئەنجامدانی تاوانێك كەدەكرێت دەرحەق چینی كرێكار بۆیە
چەند خاڵێك گرنگە بیخەینە ڕوو وەك فشارێك دروست ببێت بۆسەر دەسەڵاتدارن ، ئەگیان لەوەتەی مێژوو هەیە هیچ دەسەڵاتێك بەزۆر نەبێت شوێنی خۆی چۆڵ نەكردوە بۆ هیچ لایەنێكی تر و نەئامادە بووە داخوازی ڕەوایی كرێكاران جێبەجێ بكات
بۆیە باشترین ڕێگە بەردەوامیدانە بەمانگرتن و پێوویست دەكات كرێكارانی بەشەكانی تری ناو چینی كرێكار هاوپشتی بكەن لەگەڵ كرێكارانی ژینگە پارێزدا و فشاری زیاتر بخەنە سەر حكومەت و وەزارەتی كار بۆ لێپێچینەوە لەو پێشێلكردنە یاسایەی كۆمپانای شكار و كۆمپانیاكانی تر ئەنجامی دەدەن٠
لەڕوانگەی چینایەتیەوە خوێندنەوەبكەین بۆ دواخستنی كرێی كرێكار لە لایەن خاوەنكار و بێدەنگ بوونی حكومەت لەكۆمپانیاكان ڕەوشەكەپێمان دەڵێ كە سیستەمی سەرمایەدار ی لە هەر كوێیەك بێت كرێ و مافی كرێكار بۆی گرنگ نیە ئەوەی گرنگە لای كەڵكە كردنی سەرمایەیە و چارەسەر كردنی قەیرانەكانی لە سەر حسابی كرێكار دەكات ، و دەسەڵاتی هەرێمیش یەكێكە لە و دەسەڵاتانەی كە ژیانی كۆمەڵگەی بەگشتی و ژیان و گوزەرانی كرێكاران بەتایبەتی كردۆتە قوربانی ئامانجە ناڕەواكانی چینی سەرمایەدار و حوكمەتەكانیان ٠
كال ماركس لە كاری كرێ گرتە وسەرمایەدا بەوردی و شیكاریەیكی ئابووریانە و زانستیانە باس لە دزینی ڕەنجی كرێكار دەكات لە لایەن خاوەنكارەوە كە كرێكار كارو بەرهەم و خزمەتكوزاری پێشكەش دەكات و سەرمایەداریش كرێی دەداتێ ٠
بەڵام (ماركس )ئەوەی ڕوونكردوتەوە كە بەپێدانی كرێ بەكرێكاریش چەوسانەوە ناوەستێنێت و بردنی ماف و ڕەنجی كرێكار دەدزرێت ، چونكە ئەوەی كرێكار وەری دەگرێت تەنها بۆ بژێویە و باقی مانەوەی بەرهەمەكە و بوونی بەكاڵا و سەرمایەی زیادەی كاركردنەكە دەچێتە سەر داهات و سەرمایەی كۆكراوەی خاوەنكارەكە ،ئەمە. لە شێوە گشتیەكەیدا كە تیوریزەكراوێكی گشتیە و كرێكار تیایدا زەرەرمەندەو سەرمایەدار قازانجكەرە بەڵام ئەوەی لێرە لەهەرێمی كوردستان و لای كۆمپانیا و سەرمایەدارەكان دەگوزەرێت لەوە واوەتر و خراپترە ئەویش دواخستنی كاتی پێدانی كرێی كرێكارە لە مانگێكەوە بۆ زیاتر لەمانگێك یان نزیك بەدوو مانگ بەم. كارەش كرێكار زیاتر ناعەدالەتی بەرامبەر دەكرێت و خۆی و خانەوادەكەی تووشی هەژاری و بێدادی دەبنەوە٠
ئەم بێدادی و زوڵم و ستەمە پێویستی بەخۆڕێكخستنی چینی كرێكارو و هۆشیاری چینایەتی و ئیرادەی سیاسی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەژموونە ستەمكاریەدا ناتوانرێت بە ئاسانی كرێكاران شاد و ئاسودە بن بەمافە ئینسانیەكانیان.