هۆشیاری عەبدولعەزیز

بەشێوەیەکی گشتی سیاسەت وەک چەمکێکی زانستی و پرۆسەیەکی بەردەوامی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەسەر سێ بنەمایی ڕیشەی دیار بونیادنراوە کە پێکدێ لە ستراتیژ و تاکتیک و   پرانسپی ئەخلاق ، ئەم سێ بنەمایەش ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هونەری گۆڕانکاریی و چارەسەری کێشمەکێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان و  تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە لە کایەی کێشەکاندا سەرهەڵدەدەن ، واتا سیاسەت لە بنەچەدا تاکتیکێکی ستراتیژیە لە پرۆسەی  گۆڕانکاریەکاندا و هەوڵدەدات هێلی گشتی خۆی دیاری بکات لە پێناو ئامانجێکی دیاری کراودا کە پارێزەری بەرژەوەندیە گشتیەکان بێت

، پێچەوانە بەم تێڕوانینەش هەر هەوڵێکی سیاسی لەسەر ئاستی گشتی دەچێتە دەرەوەی مەنتق و دواجار بەها و قورسای خۆی لەدەست دەدات و لە مەودایەکی کوورتدا تووشی داڕمان و شکست و ئیفلاسی سیاسی دەبێ و دەبێتە هۆکاری سەر هەڵدانی توخمەکانی قەیرانی سیاسی و ئابوری ، دیارە هەر پرۆسەیەکی  سیاسیش لەسەر بنەمایی دیماگۆجیەت و فریودانی کۆمەڵگا و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی بونیاد نرا ئەوە بێگومان ئەو  سیاسەتە  پرانسیپی ئەخلاقی و وویژدانی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێ پشت بە هێزیی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا ببەستێت و ببێتە جێ متمانەی خەڵک و خاوەنی هەیکەلەیەکی تۆکمەی وا کەدابڕان دروست نەبێت لە نێوان حوکمڕانی و خەڵکدا و چەمکە ئەخلاقیەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەو دۆخەی کە سیاسەت تێیدا دەگاتە کەناری شکست و داڕمان و دەبێتە مەخسەرەی کۆی گشتی خەڵک

  

چونکە ئەگەر سیاسەت لە پرانسیپە ئەخلاقیەکەی داماڵرا و بوە ئامرازێک بۆ دەستخستنی بەرژەوەندی تایبەت و میکانیزمێک بۆ ئیحتکارکردنی سوڵتە و کۆنترۆڵکردنی کۆی کایەی کۆمەڵگا ، بەبیانووی پاراستنی سەروەری نیشتمانی و ڕێکخستنەوەی ئایکۆنەکانی دەوڵەتداری ، ئەوە راستەوخۆ کۆمەڵگا دەخرێتە خزمەتی بەرژوەندی تایبەتی ئەو هێز و ڕەوتە سیاسیەوە کە کار لەسەر بەرجەستەکردنی سیاسەتی خۆی دەکات و هێواش هێواش پێڕادەکێشێ بۆ دیکتاتۆریەت و بێبەهاکردنی ئیرادەی گشتی و ستەمکاری وگەشتن بەدەسەڵاتێکی ڕەها، تا بەپێی خواست و مەغزای تێگەیشتنی خۆی بۆ کایەی سیاسی جڵەوی کۆمەڵگا بکات

ئەم جۆرە لە سیاسەت لە کۆمەڵگای کوردیدا بە پشتبەستن بە گووتار و سلوکی چەواشەکاری و بەبیانووی پاراستنی گەل و پرۆسەی ناسوێنالیزاسوێنی کورد و  خەمخۆری خەڵک لە دوای ڕاپەڕینەوە لە گەشەو برەودایە و وا ئێستا بەتەواوەتی و لە سەردەستی ئەحزابی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە چڵەپۆپە و خەریکن بەتواوەتی کار لەسەر تەوزیفکردنی ئەو سیاسەتەدەکەن و بەمافی ڕەوای خۆیانی دەزانن کە بێگەڕانەوە بۆ ڕای  گشتی ، سەوداو مامەڵە  بە تەواوی جومگە گرنگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و داهاتی نیشتمانی  و نەوت و ئیدارەدانی خەڵکەوە بکەن ، ئەم سەوداو مامەڵە سیاسیە دیماگۆجیە بێ مۆراڵە گەیشتۆتە ئاستێکی وا مەترسیدار کە خەریکە کورد و دەسکەوتەکانی لە نێوو دەبات ، کەچی سەرەڕای ئەوەش هێشتا پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی ئیدارەیەکی دوو زۆنیدا ، جڵەو کردنی خەڵک بە ڕەوا دەزانن و لە بچوکترین ناڕەزایەتیدا پەنا دەبەنە بەر هێزی چەکدار و لەو ڕێگایەوە خەڵکی  سەرکوت دەکەن ، لەولاشەوە بەپێی ئەو یاسا و ڕێسا داڕێژراوانەی کە لەبەرژەوەندی خۆیان و حزب و سەرکردەکانیانە کار لەسەر هەڕاجکردنی  هەموو جومگەیەکی حومکڕانی دەکەن و بونەتە دەڵاڵی کۆکردنەوەی پارە و سەرانە

بۆیە ئەوەی لەکۆمەڵگای ئێمەدا دەگوزەرێت، ڕەواجدانە بە سیتمێکی دەسەڵاتدارێتی پۆلیسی حزبی کە لێوان لێووە لەبێدادی و چەوساندنەوە و شێواندنی کەرامەتی ئینسان ووایانکردوە کەس خۆی بەخاوەنی ئەم خاک و نیشتمانە نەزانێت

داڕشتن و فۆرمەڵەکردنی ئەو دۆخە و زیندوو کردنەوەی مشەخۆری و دەستبردن بۆ گیرفانی خەڵک و گوێڕایەڵکردنی کۆمەڵگا بە گەوجاندنەوە بۆخۆی گەورەترین مەترسیە لەسەر ئایندەی ئەم قەوارەیە و ئەگەرەکان بە ئاراستەیەکی تاریکدا دەبرێن ، کەچی  ئەوانەی ئەمڕۆ لەژێرناوی پاراستنی نەتەوە و نیشتماندا ،کۆمەڵگایان چەمبەرکردووە، هەموو مێشکی کۆمەڵگایان لەسەر بنەمای  موچە و داهات فۆرمەڵە کردوە و خەریکی شکاندنی کەرامەتی تاکی کوردن و دەیانەوێ لەژێرگووشاری پاراستنی قەوارەکەدا یاری بەباری دەروونی خەڵک بکەن ، بۆئەمەش هەزار سیناریۆیی ترسناک نالۆژیکی و بێمانا دێننە گۆڕێ و سوکایەتی بە شعوری کۆمەڵگا دەکەن ، بۆئەوەی هەمیشە کۆمەڵگا لەسەر دەروونێکی ناجێگیر ژیان بکات و بیر لە گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی و ئیداریی و حوکمڕانی نەکاتەوە کە بەرۆکی ئەم هەرێمەی گرتووە

لەکاتێکدا کارەکتەرە سیاسیەکانی خۆیان لەسەربنەمایی بازرگانی کردن بە هەموو بەهاکانی کۆمەڵگا ، ئەخلاقی سیاسیان لەدەست داوەو بوونەتە دوژمنی خەڵک و جوانیەکانی ژیانی ڕۆژانە  و هیچ بایەخێک بە بیروبۆچونی کۆمەڵگا نادەن و بەردەوام تۆمەت و منتی بێ مانا دەبەخشنەوە بەسەرخەڵکدا، و لەژێرکاریگەری ئەم بیرکردنەوە سەقەتەدا  سزای برسیکردن و خۆبەدەوەستەدان و  ترساندن و تۆقاندن و زیندان و کوشتن و تیرۆرکردن بەشێوەیەکی ڕەها دەخەنە بواری کرداری بۆسەرکووت کردن و بڕینی دەنگی خەڵکی ناڕازی ، بەدەستبردن بۆ ئەم کردارانەش شتێک نەماوە بە ناووی ئەخلاقی سیاسەت و هەموو بەهایەکیان لەدەست داوە و تازە ناتوانن ئەو  هاوسەنگیە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە بەرجەستە بکەن کە کۆمەڵگای کوردی قوربانی لە پێناودا بەخشی.

وتاری نووسەران