
بڕواناكەم لە هیچ وڵاتێكی دنیادا، هێندەی ئەو هەرێمە بچووكەی ئێمە، سیمینارو فیستیڤاڵ، پانێل و كۆڕ، دیداری كراوە و گفتوگۆ، سیمپۆنیزم و دیبەیت ئەنجام بدرێن. بە جۆرێك ئێستا فیستیڤاڵی هەنجیر و هەناریش دەكرێت. سازدانی ئەو جۆرە چاڵاكییانە، لە هەرێمێكی بێ مووچە و پڕ لە كێشە و قەیراندا، جگە لە بەهەدەردانی بودجە وچەواشەكردنی دنیای دەرەوە هیچی تر نییە. لەكاتێكدا، هاووڵاتییانی هەرێمێك بە دەست نەبوونی مووچە، سووتەمەنی و خزمەتگوزاری گشتی گیرۆدە بووبن، باسكردن لە سیاسەتی عێراق و جیهان لە دیدارێك كە دەیان بەرپرسی گەندەڵ، كە سی ساڵە هۆكاری ئەو شكستە حوكمڕانییەن كە بە سەر هەرێم داهاتوون تیایدا ئامادەن، نەك هیچ بەهایەكی سیاسی و فیكری و نەتەوەیی نییە، بەڵكو لە نوكتەی سیاسی دەچێت. لە وڵاتانی دنیادا، بۆ هەر مەراسیم ودیبەیت و دیدارێك، جۆرێك لە كێشە و گرفت و پێداویستی سیاسی هەیە، كە دەشێ لەو جۆرە چاڵاكییانەدا باسیان لێوە بكرێت، و رێگە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، كەچی لە ئەوانەی لەو هەرێمەی ئێمە ئەنجام دەدرێن، جگە لە دووبارەبوونەوەی هەمان دەم و چاو، هەمان بەرنامە و گەنگەشەی سیاسی هیچی تر نییە. ئەو چاڵاكییانە، پتر سەرقاڵكردنی دنیای دەرەوەیە بەكارێك كە مەبەست تیایدا لابردنی فۆكسە لە سەر ئەو هەمووو كێشە و گرفتانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، كە فەرمانبەرەكانی بە سێ مانگ مووچەیەك وەردەگرن، كە چی بە ملیۆنان دۆلار لە بودجەی ئەو دەسەڵاتە بۆ دیدارێك ڕێكدەخرێت. سازكردنی ئەو جۆرە چاڵاكییانە، لە ڕاستیدا بۆ لە بیربردنەوەی كێشە بنەڕەتییكانی هاووڵاتییانە. ئەوانەی سەرچاوەی ئەو هەموو گەندەڵی و كێشە و گرفتانەن، ناتوانن لە دیدارێكی كراوە، باس لە نەخشە ڕێگایەكی سیاسی و چارەسەری كێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەكان بكەن، لە كۆمەڵگایەكدا، كە گرفتی گەورەتر و كێشەی بنەڕەتیتر هەن، سازكردنی ئەو هەموو فیستیڤاڵ و دیدارانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، یان بە سپۆنسەری ئەو كەناڵ و نێوەندە ئەكادیمیانەی كە بودجەیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ تەرخان دەكرێت، بە قەد كاری ژینگەپارێزێك كە ڕۆژانە شەقامەكان بە گیرفانی بە تاڵ پاك دەكاتەوە، خزمەت بە هاووڵاتیان و كوردستان ناكەن. ئیدی نازانم بۆ دەبێت هەفتانە و مانگانە، ئەو جۆرە چاڵاكییانە بكرێن؟ مەگەر بودجەی ئەو كارانە، بۆ مامۆستایەكی وانەبێژ، پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری تەرخان بكرێت باشتر نییە؟ بێگومان ئێمە ناڵێین ئەو جۆرە چاڵاكییانە نەكرێن، بەڵام دەبێ بە بەرنامە و ڕێكبخرێن، نەك ببنە دیاردەی ڕۆژانە وەك ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا هەیە. جارێكیان وا ڕێككەوت، سێ فیستیڤاڵی سینەما، لە هەفتەیەكدا لە سێ شاری كوردستان كران، لە كاتێكدا كارەكانی (یەلماز گۆنای ) لێ دەرچێت، ئێمە ی كورد شتێكمان نییە بە ناوی سینەما، هاورێم یاسین برایم، هەر بۆخۆشی و بە گاڵتەوە پێمی گوت:_ ( ئێمە خۆمان بە دەست نەبوونی مووچە ، كارەبا و ئاو، سووتەمەنی و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و شەقام و پارك، كرێی خوێندن و دەیان شتی تریش بووینە سینەما ) ئیدی سینەمامان بۆ چییە!