وانزیک دەبینەوە لە شەش ساڵی تەمەنی خولی شەشەمی پەرلەمانی ڕاگیراو و کابینە ماوە بەسەرچووەکەی حکومەت و بانگەشەی هەڵبژاردنیش نزیکە، ئیتر :
+ هەر چین و توێژێک لەو هەمووماوەیەی ڕابردوودا داوای دامەزراندنیان کردوە، لە مامۆستایانی گرێبەست و یەکەمەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکان و مەلا بێ مووچەکان و .... تاد، بەڵێنی دامەزراندنیان پێ دەدرێت. و موعامەلەی دامەزراندنیان بۆ دەکرێت و وەرگرتنی موچەکانیان دەکەوێتە دوای هەڵبژاردن لە ٢٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤.
+ قەیرانی چیمەنتۆ و لم دروست بوە، بەهۆی ئەو هەموو ( بەردی بناغە) یەی کە لەم چەند ڕۆژەدا بۆ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان دادەنرێن، هەندێکیان لەجارێک زیاتر ئەم بەردە قوڕبەسەرەیان بۆ دانراوە.
+ ئەم هەموو دەمانچەیە لەکوێ بوون ئێستا دابەشیان دەکەن، ئەی بۆچی دابەشتان نەکردن بەسەر پۆلیس و ئاسایش و پارێزەرانی ئارامی هاووڵاتیان؟
+ ئەو نەرمی نواندن و خاکی بوونە چییە ؟ لەناو بازاڕ و چایخانەو شوێنە گشتیەکان نمایشی دەکەن و بەهۆی ئێوەوە، لەفە و فەلافل وچاو قاوە نرخیان بەرزبوەتەوە.
+ دەزانن ساڵێک ٣٦٥ ڕۆژ و هەر شەوو ڕۆژێک ٢٤ کاژێرە، و هەر ساڵێک ٨٧٦٠ کاژێرو ، و شەش ساڵەکە ٥٢٥٦٠ کاژێر دەکات، لەو هەمووکاژێرەدا ئێوە لە کوێ بوون، چیتانکرد بۆ ڕێکخستنەوەی مووچە و هەردوو زۆن و هێزی پێشمەرگەو،ئارامی و خزمەتگوزارییەکانی ئاووکارەباو تەندروستی وخوێندن، وکێشە هەڵواسراوەکان لەگەڵ بەغدا.
+ ئەوە چییە، لەو هەموو کاتە ، تادرەنگانی شەو لەسەر مێزو خوانی ڕازاوەی جۆرەها خواردن و خواردنەوەی ئەلکهولی بەڕێ دەکەن (ئەگەر شتی تریشی لەگەڵدا نەبێت) !!! کەچی وێنەی خۆتان لەڕیزی پێشەوەی جومعەو جەماعەت و شەونوێژو حەج وعومرە بڵاو دەکەنەوە.
+ دەزانن بۆچی هەڵبژاردنەکانی چەند ساڵی ڕابردوو، رێژەی دەنگدان لە سەدا ٣٥ تێپەڕی نەکردوە؟
تکایە، لەبری فێڵ لەخەڵک کردن، بەرنامەی گونجاوو، بەڵێنێک بدەن کە توانای جێبەجێکردنی هەبێت، خۆ هەڵبژاردنی پێشوو، وتتان پاشەکەوتی مووچە دەدەینەوە،و هەلی کار دابین دەکەین،کەچی نەک پاشەکەوتتان نەدایەوە، مووچەی ٣ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ تان لوولدا، و وا ئەیلول تێدەپەرێ و پایز هات و ئێوە هێشتا مووچەی مانگی ئابی هاوینتان دابین نەکردوە.
بەڕێزان ئێوە وەک مەلەوانە درۆزنەکەتان لێهاتووە، ئەمجارە ئەگەر نوقمیش بوون کەس بەهاوارتانەوە نایەت.

وتاری نووسەران