عومەر خدر كاكیل

 

دەمێكە هەردوو بەرگی بیرەوەریەكانی پیشمەرگەی دێرین (حازم عەلی كوتك)، (57 ساڵ خولانەوە لەژێر وەهمی شۆڕشدا- 2020)و (خاپەرۆكی یادوەریەكان)م خوێندۆتەوە. ئەم دوو كتێبە دانسقەیە هی ئەوەن، بەهۆی زمانە پاروەكەی و چیڕۆكە زۆر و ناخهەژێنەكانی، بەردەوام بخوێندرێنەوە و لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی وردی بۆ بكرێت، وانە و پەندی لێوەربگیرێت.

حازم عەلی كوتك قاڵبوی نێو خەباتی چینایەتی و تێكۆشان بە درەنگەوە دەستی بەنووسین كرد، بەڵام كە دەستی پێكرد شكۆمەندانە هاتە ناو ناوان، ئەویش بەهۆی خەباتە چینایەتیەكەی خۆی و خانەوادە تێكۆشەرەكەی لەلایەك و شارەزایی و هۆشیاری و زمان پاراوی و تەمەنە پڕ كوێرەوەری و تێكەڵبوون و گەڕان و ئاوارەبوون بە پارچەكانی تری نیشتیمان.

ئەم كتێبەی كە تەواوكەری بیرەوەریەكانیەتی، تەنها بیرەوریەكی ئاسایی نیە، بەڵكو دەتوانین بڵێین مێژووی پڕشنگداری حزبێكی خاوەن سەروەری و نەبەردیە كە حزبی شیوعی عێراقە. سەرەڕای ئەوەی بە زمانێكی هێندە پارا و بەرز نووسراوە، كە دەستم بە خوێندنەوەی كرد حەزم نەدەكرد تەواو بێت. ئاخر ئەو كتێبانەی مرۆ كەمەندكێش دەكەن هەم دەبێ ڕاستگۆیانە و هەم بەزمانێكی پارا و ئەدەبیانەی بەرز نووسرابن، ئەو سێ خاڵەش لەم یادەوەریە ڕەچاو كراون و هەن..

بۆ خوێندنەوەی ئەم بیرەوەریانە مەرج نیە لە سەرەتاوە دەست پێبكەیت و تا كۆتاییەكەی، بەڵكو خوێنەر دەتوانێ هەر بابەتێك پێی خۆش بوو دەست بەخوێندنەوەی بكات و چێژی لێوەرگرێ، دەتوانین بڵێین هەر بابەتە و چیڕۆكێك یان ڕوداوێكن نووسەر زیرەكانە دایڕشتوون.

من بە خوێندنەوەی ئەم بیرەوەریانە شارەزای زۆر ڕوودا و كەسایەتی شۆڕشگێڕ و تێكۆشەر بووم، كە ڕەنگە لە نزیكەوەش بەرچاوم كەوتبن و چاكوچۆنیشمان لەگەڵ یەك كردبێ، بەڵام بەهۆی ئەم بیرەوەریانە ماهیەت و بەرزی ئەوم بۆ دەركەوتووە، ئێستا پێم خۆشە هەر جارێك كە دەیبینم و تێر لە باوەشی بكەم و دەستە ماندوەكانی ماچ بكەم، یان بچمە سەر گۆڕەكەی و كڕنۆش بۆ گۆڕەكەی ببەم.        

بۆ نموونە كاتێ باسی شەهید (مام كاوێس)ی قارەمان دەكات، هەست دەكەی ئەم پیاوە لە گۆشت و خوێنێك دروستكراوە، جیا لە مرۆڤی ئەم سەردەمە، پیاوم دەوێ لە خوێندنەوەی بیرەوەریەكان بگاتە لاپەڕە 135 و مام كاوێس بخوێنێتەوە و فرمێسك بەچاویدا نەیێتە خوارێ و حەسرەت بۆ لەدەستدانی ئەو شێرە بریندارە نەخوا..

"ئەوەی تاكو ئێستا دەمكولێنێتەوە ئەو ئارەزووە سادەیەی مام كاوێسە، گوتی: هاوڕێ ڕۆسمەن دابگیرسێنم و گۆرانییەكانی محەمەد عارف گوێ لێبگرم."

هەر لە بەشی دوای ئەو كاتێ باسی حاجی دەهام و خەمخۆریەكەی و وەفادارییەكەی بۆ هاوڕێیانی دەكات، ئەوەمان بۆ ئاشكرا دەبێ ئەو مەعدەنەی شیوعیەكانی لێ دروستبووە زۆر جیایە لە كەسانی تر! 

"لەپشتڕا ئامێزی لێدام و گوتی: ناتوانم لەكەستان تووڕەبم، ئەگەر یەكتان شەهید بن، خوانەخواستە من بەزگدەدەم و دەمرم!"

ئاخر ئەو خەمخۆریە و ئەم هەستە لەكاتی تەنگانە و شەڕ و شۆڕ تەنها لە كەسانی پشتێ چاوەڕێ دەكرێ.

(حازم عەلی كوتك) تەنها بە ئازار و نەهامەتیەكانی بنەماڵەكەی و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خەم و ناسۆری ناچێژێت، بەڵكو بۆ ئازاری هاوزمان و هاونیشتیمانیانی بەشەكانی تریش زوخاوی دەكێشا و ناخی پارە پارە دەبێ، ئازارەكانیانی لە خاپەرۆكی یادوەریەكان جێ دەكاتەوە، ئەوەتا لە لاپەڕە 255 دا چیڕۆكی (ئەو پیاوەی ببووە باوكمان) چیڕۆكیێكی ڕاستەقینەی خێزان و خانەوادەیەكی هەژار و زەحمەتكێشی مەهابادیمان بۆ دەگێڕێتەوە، كە ژیانێكی هێندە سەخت ژیاون و هەرگیز لەژێر سێبەری ئەو دنیا بێڕەحمە بەزگی تێر دانەنیشتبوون، دوو منداڵی بەلەنگاز و داماو دایك و باوكیان لەدەست دەدەن، كاك (كەریم)ێك دەبێتە فریاد ڕەسیان، ژیانی نێو كۆشكی باوكە بازرگانەكە بەجێ دێڵێ بۆ بۆ پیگەیاندنی ئەم دوومنداڵە، بە باوكی دەڵێ: "بابە ژیانی منداڵە ڕەشوڕووت و برسیەكانی هەژارێك، دروست هێندەی مندڵی سەرمایەدارەكان لەلام نرخ و بەهای هەیە!" 

فرمێسك داباراندن لە ئاست ئەو هەموو خەمخۆریەی كاك كەریم بۆ دوو منداڵەكە و دەستبەرداربوونی لە سەروەت و سامانی باوكە بازرگانەكەی و دەستكردن بە حەمباڵی بەخێو كردنی دوو منداڵ و لە پاڵ ئەوەش كاری نهێنی لە حزبێكی چەپ بۆ نەهێشتنی نابەرابەری و هەژاری بە ئەركی سەر شانی زانیوە. ئەو سەردەمیش هەر ئەوە لە كەسیكی چەپ و یەكسانیخواز چاوەڕێكراوە. 

نووسەر كاتێ ڕەخنە لە حزبەكەشی دەگرێ، هێندە شكۆمەندانە ڕەخنە دەگرێ، مرۆ حەز دەكات بەهۆی ڕەخنە بنیادنەرەكانی باوەشی پیدابكات. ئاخر ئەو سەردەمێك بەهیوایەكی گەش تەمەنی گەنجی خۆی كردبووە قوربانی چرۆ گەشەكەی حزب، كەچی ئیستا حزب بەو چەترە نابینێ خۆی لە سایەیا ببینێتەوە. ئەوەتا لە لاپەڕە 159 بە حەسرەتەوە دەڵێ: "چیبكەم ئێستا ئەو چەترە نیت خۆم لە سایەت ببینمەوە! بەیادی سەدەی ڕابردوو لەگەڵتدا تیهەڵبچمەوە، چیتر تۆ ئەو سەبەتە نیت هێلكەی خۆمت تێدا دانێم تا دەتروكێن، ئەوەی ڕۆژێك موریدی تەریقەتت بوو ئێستاش لەخۆم خۆشترم دەوێن..." خۆزگە سكرتێر و سەركردایەتی حزب راسپاردەكانی كۆنگرەیان لەبەر چاو دەگرت و لایەكیان لەوانەی دڵیان ڕەنجاوە دەكردەوە و جارێكی تر سەبەتەكەیان والێبكردایە هەمووان بەحەزرەت بان هێلكەكانی خۆیانیان تێ بهاویشتایە بۆ تروكاندن.

*(خاپەرۆكی یادەوەرییەكان) نووسینی حازم عەلی كوتك- یاداشت و بیرەوەری، 337 لاپەڕەیە لەگەڵ ئەلبوومێكی 15 لاپەڕەیی، بە قەبارەی 14- 21سم لە چاپخانەی (چوار چرا) لە ساڵی 2023 بە بەرگی ڕەق چاپ كراوە..

 

      

وتاری نووسەران