هەژار هەورامی

بەنرخ بوون وخواستراوی دارایی ودراو

زۆربەی دیموکراسییە نوێیەکان سەرمایەدارین.ئەم دیموكراسیانە داكۆكی لە خاوەن دەسەڵات وسەرمایە دەكەن. دەنگی دەنگدەران بووەتە كاڵایەكی شیاوی كڕین وفرۆشتن ،دەتوانرێت دەنگەكان بكڕدرێت.بە ئاشكرا وبێ شەرمانە كەسانی دەوڵەمەند وسەرمایەدار وبازرگانی گەورە دەنگەكان دەكڕن و لە دەر ئەنجامدا دەسەڵات دەگرنە دەست .

ئەوان بە زەبری پارە و بەخشینی ئیمتیاز وپاداش ،مێدیا و و مایكی شوێنە گشتییەكان بەتایبەت شوێنە ئائینییەكان (مزگەوت)دەكڕن ودەیانكەن  بە پشتیوانی خۆیان .تەنانەت حزبە سیاسییەكانیش بە پارەی ئەوان هەڵدەسووڕن وئیش دەكەن .بە گشتی سیاسەتمەدارەكان ئامرازێكی گونجاون بە دەست سەرمایەدارەكانەوە.(سیاسەتمەدارەكان لیستۆكی دەستی سەرمایەدارەكانن.)

بریس ئاماژەی بۆ ڕۆڵی زیانبەخشی "هێزی دراو لە سیاسەتدا" كردووە و جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە دراو بەربەست وڕێگرە لە بەردەم كارو ئەركەكانی هێزی یاسا دانان(پەرلەمان) وهێزی جێ بەجێكاردا(حكوومەت)وهەروەها دیموكراسی گەندەڵ دەكات.تەنانەت كار دەكاتە سەر هێزی دادوەریش لەو وڵاتانە.

ڕەنگدانەوەی ئەم تایبەتمەندییە خراپەی دیمۆكراسی دووای ڕووخاندنی حكوومەتەكانی ئەفغانستان ،لیبی و  وعێراق هاتنە كایەی دیموكراسی پەرلەمانیی بوو. بە هۆی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییانەوە  بەشی هەرە زۆری كەسایەتی وحزبە كانی بەشداری پرۆسەكە وە دووی سەروەت وسامان و پارە وبازەرگانی كەوتن . ململانێ ئەوەیان بوو كە كامەیان پۆستی حەساسی سیاسی وئابووریان  دەستدەكەوێت تاكۆ بیخەنە خزمەتی دراو كۆكردنەوە وخۆ دەوڵەمەند كردنەوە . ئەم ڕەوتە وای لێهات كە دەیان وسەدان ملیارد دولار لە سەروەت وسامانی گشتی ئەو وڵاتانە حەیف ومەیل كرا ودزرا. و نە تەنیا ئەم وڵاتانە  نەیانتوانی چێژ لە دیموكراسی بە تایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە وەرگرن ، بەڵكۆ زۆربەی جومگەسەرەكییەكانی ژیان بە تایبەت لە بواری پەروەردە وتەندرووستی و خزمەتگوزاری گشتی لە چەنگ دەوڵەت وحكوومەت(كەرتی گشتی ) دەرهێنراو ودرا بە كەرتی تایبەت ،كە خاوەنەكانیان هەمان دەستڕۆیشتووانی ناو حزبەكان وكەسانی تازە دەوڵەند بوو بوون .

بۆ سەلماندنی ئەم وتانەش تەنیا بەسە ئاوڕێك لە ئامار وزانیارییەكانی خودی دام ودەزگاكان حكوومەتەكانی ئەفغانستان ،لیبی و عێراق بدەینەوە كە مانگانە وهەفتانە وتەنانەت ڕۆژانە باسی ئەو كارەساتە دەكات . بێ گومان حزبێكی سیاسی كە ئامانجی سەرەكی بووبە بازرگانی وسوود وسەرمایە ئیتر دوور دەكەوێتەوە لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی كە پێش ڕووخانی حكوومەتی دیكتاتۆری پێشوو لە سەری سوور بوون .بەم جۆرە دیمۆكراسی گەندەڵ دەكەن و خەڵكانێكی زۆر حەسرەت بۆ ڕابردوو دەخۆن .

 

سەر چاوە :"بنەماكانی زانستی سیاسەت " نووسینی عەبدول الرحمانی عالم ،لاپەڕەی 306 .چاپی حەڤدەیەم،چاپخانەی نەشری نەی ،ساڵی چاپ 2007

وتاری نووسەران