ڕائید فەهمی

وەرگێڕانی ڕەنج مەجید

دەستپێشخەریی حەوكەمەی جیهانی، کە لەلایەن سەرۆک شی جینپینگ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرۆک وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای لە کاتێکدایە، کە ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دامەزرا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینە بووەتەوە، شانبەشانی ئەو ئاڵنگاری و مەترسییە تازانەی لەمڕۆدا هەڕەشە لە جیهان دەکەن.

سەرۆک شی جینپینگ زۆر بەوردی و دروستی دەستنیشانی ئەوەی كرد، کە حەوكەمەی جیهانی لە دووڕیاندایە و پێویستە بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی و بنیاتنانی جیهانێکی دادپەروەرتر، کە گەرەنتی ڕێزگرتن لە سەروەری هەموو وڵاتان و مافی گەلەکانیان بکات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، چاكسازیی تێدا بكرێت.

سیستەمی نێودەوڵەتی لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەهۆی پێشێلکردنی زۆرێک لەو بنەما و ڕێسایانەی کە لە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، وەک قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و پابەندنەبوون بە پرەنسیپی هاوکاری نێوان وڵاتاندا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جیهانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی و بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، دووچاری قەیرانی شەرعییەت بووە.

هەموو ئەمانە هاوكاتن لەگەڵ پاشەكشێی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان و كاری فرەلایەنە، کە کاردانەوەی مەترسیداری لەسەر ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری جیهانی هەبوو و ڕۆڵ و شکۆ و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لاواز کرد و دەزگاکانیشی پەراوێزخست.

لەو فاکتەرە بنەڕەتییانەی دیكەدا، کە سیستەمی حەوكەمەی جیهانی و باوەڕبوون بە شەرعییەتی لاواز دەكات، چڕبوونەوەی کۆنترۆڵی ئۆرگانەکانە بەدەست وڵاتانی زلهێز و نوێنەرەکانیان، لەسەر حیسابی نوێنەرایەتی و بەشداریکردنی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، لە بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا. 

بۆیە سیستەمەکە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی جیهانی و ئەو گۆڕانکارییانەی بەرەو فرە جەمسەریی دەبات، كە هاوكاتە لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای هێزی ئابووری و تەکنەلۆژیی چین و هیندستان و بەرازیل و کاریگەرییان لەسەر کاروباری نێودەوڵەتی، ناتەبا و ناسازە.

لەگەڵ پەرەسەندنی کاریگەریی پارت و بزووتنەوە ناسیۆنالیستە ڕاستڕەو و توندڕەوەکاندا، کە زۆرێکیان لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی و ئەمریکای باشووردا گەیشتوونەتە دەسەڵات و لەوەتای دۆناڵد ترەمپ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرتووە، سیستەمی حەوكەمەی جیهانی ناسک و لاوازتر بووە، ئەمەش لە پەرەسەندنی ناوچەكانی شەڕ و ململانێ و گرژیدا ڕەنگیداوەتەوە.

لە بڕگەکانی دەستپێشخەریی حەوكەمەی جیهانیدا، دووپاتكردنەوەی ئەو بنەما و پرەنسیپانە دەبینین، کە لە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و پێشێل یان فەرامۆشكراون، وەکوو یەکسانی و سەروەریی نێوان وڵاتان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕەتکردنەوەی دوو پێودانگی و جێبەجێکردنی بنەماكانی سیستەمی نێودەوڵەتی و بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتی بەشیوەیەكی هەڵبژێردراو.

هەروەها بڕگەکانی دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ ئامانجەکانی "بەڵێننامەی دواڕۆژ"دا یەکدەگرنەوە و بەهێزی دەکەن، کە لە لوتکەی دواڕۆژدا پەسەندکرا، کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو.

لەكاتێدا فەلسەفەی دەستپێشخەرییەکە جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی پێگە و شکۆ و دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەبەرکردنی ڕۆڵی بێهاوتای لە حەوكەمەی نێودەوڵەتیدا دەکاتەوە، دەستپێشخەرییەکە داوادەكات كار بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی لە حەوكەمەی جیهانیدا بكرێت لەڕێگەی فراوانکردنی بەشداریی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، لە ئۆرگان و چوارچێوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، وەکو ئەندامێتی لە ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ نموونە، هەروەها ڕێگریکردن لە سەپاندنی دیدگا و بنەمای کاری چەند وڵاتێك بەسەر ئەوانی دیکە و بەسەر شێوازی كاركردنی دامودەزگاکانی سیستەمی حەوكەمەی جیهانی، وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات.

کۆماری چینی میللی لە ڕێگەی سەرۆک شی جینپینگەوە نەک هەر پابەندبوونی خۆی بەو بنەما و پرنسیپ و میکانیزمانەی لە دەستپێشخەرییەکەدا هاتووە ڕادەگەیەنێت، بەڵکو کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکییان لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لە وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای و چەندین پڕۆژەی هاوبەشی پێشکەشکردووە کە لەگەڵ ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکەدا یەکدەگرێتەوە و داوای لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای کردووە، ببنە سیمبولی جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە.

چڕبوونەوەی ململانێکان و قوڵبوونەوەی جەمسەرگیریی سیاسی لە دنیای ئەمڕۆماندا، کە لە بنەڕەتدا رەنگدانەوەی دژیەكییەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە لەسەر ئاستی جیهانی و لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانیدا، هەروەها کێبڕکێی خێرای کۆنترۆڵکردن و بەدەستهێنانی سامانە سروشتییەکان، سەرچاوەی وزە، تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، و بازاڕەکانە، کە گەیشتووەتە ئاستی جەنگی بازرگانی و هاندانی زیادەڕۆیی لە خۆپڕچەككردندا، بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان، هیچ هیوایەك نابەخشێت بەوەی كە ئەم دەستپێشخەرییە وەڵامی خوازراو لەم وڵاتانە وەربگرێت، بۆیە هاندانی وڵاتانی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای بەوەی کە ڕۆڵێکی کارا و پێشەنگانە لە جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە و پێشکەشکردنی مۆدێلێکی سەرنجڕاکێش بۆ وڵاتانی جیهان بگێڕن، گرنگیی تایبەتی هەیە.

 

 

وتاری نووسەران