بە ڕوونی

كاوە مەحموود

 

بەشی یەكەم

هەنگاوەكانی دوناڵد ترامپ بۆ داڕشتنەوەی سیستمی بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ڕێگای زیادكردنی ڕێژەی كومرگ لەسەر كاڵای هاوردە لە سەرجەم دەوڵەتانەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕەنگدانەوەی ئارەزوویەكی سەركێشانەی حوكمڕانێك نییە، كە بە كودەتای سەربازی هاتبێتە دەسەڵات لە وڵاتێكدا دامەزراوەكان ‌و سەنتەرەكانی توێژینەوە‌ و ناوەندە ئەكادیمییەكان بوون ‌و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان نەبێت.

لە هەمان كاتدا ئەو هەنگاوانە زێدەی خەونێك نییە، كە ترامپ بە شەو بینیبێتی ‌و بیەوێت بەڕۆژ پەیڕەویبكات ‌و لە كۆتاییدا بەبریارێكی تاكەكەسێك دابنرێت، كە لە ئابووری نازانێت‌ و پرس بە كەس ناكات.

بابەتی زیادكردنی كومرگ بەو جۆرەی ڕاگەیەنرا، سیاسەتێكی ئابووری نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵدان ‌و كاركردن بۆ پاراستنی سەرمایەداری دارایی هاوچەرخ‌ و مانەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك تاكە جەمسەری خاوەن هەژموون لەسەر ئابووری جیهاندا.

كاركردن بۆ ئەم سیاسەتە ‌و سەرەتاكانی، بۆ یەكەمین خولی ترامپ لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە ‌و لە بانگەشەی دواهەڵبژاردنیشدا ئاماژەی بێكرا ‌و چەندین مانگە ئاماژە بۆ وردەكارییەكانی ئەم سیاسەتە كراوە.

لە بانگەشەكردن بۆ ئەم سیاسەتە‌ و بڕیاڕی زیادكردنی گومرگ بەو ڕێژەیەی ڕاگەیەنرا، ترامپ ئەو سیاسەتەی بە شۆڕشێكی ئابووری‌ و چارەسەرێكی مێژوویی دانا بۆ گەڕاندنەوەی كۆمپانیا‌ و سەرمایە بۆ ئەمەریكا‌ و نیشتەجێكردنی كەرتی پیشەسازی لەو وڵاتە ‌و پەیداكردنی ملیونەها هەلی كار‌ و لە هەمان كاتدا بە چارەسەرێك بۆ دیاردەی لە مێژینە ‌و مەترسیداری كورتهێنانی دارایی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ئەم سیاسەتە نوێیە ‌و دانانی ڕێژەیەكی جیاوازی زیادكردنی گومرك بۆ هەر دەوڵەتێك بابەتێكی خۆڕسكانە نییە، بەڵكو پشتی بە كۆمەڵێك توێژینەوەی ئابووری بەستووە، بەمەبەستی داڕشتنی شێوازێكی نوێی سیاسەتی ئابووری لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتیدا، وەك جێگرەوەیەك بۆ سیاسەتی پێشوو، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاتر لە شەست ساڵی رابووردوو پەیڕەویدەكرد.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردووەوە توانی هەژموونی تەواوی خۆی بەسەر سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا بەسەپێنێت، بەتایبەتی دوای بڕیاری نكسۆن لە ساڵی 1971، كە بەمەبەستی چارەسەركردنی كورتهێنانی دارایی وڵاتەكەی، بەهای دۆلاری ئەمەریكی لە بەهای زێڕ جیاكردەوە ‌و نرخی ئاڵۆگۆڕی دراوی وڵاتانی ئەوروپای بە دولار جێگیركرد.

بازنەی ئەم سیاسەتە بریتیبوو لە بوونی دۆلار بە دراوێكی جیهانی بۆ ئاڵۆگۆڕكردنی بواری بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت ‌و بەردەوامبوونی هەژموونی ئەمەریكا لە ڕێگای چارەسەركردنی زیادبوونی كورتهێنان بە چاپكردنی دۆلار وەك دراوێكی ئاڵۆگۆڕكردنی جیهانی.

ئەم سیاسەتە ئابوورییەی ساڵانی ڕابووردوو هاوكات بوو لەگەڵ بوونی ئەمەریكا بە هێزێكی سەربازی مەزن ‌و بوون بە تاكە جەمسەر ‌و توانای سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەو دەوڵەتانەی ناكۆكییان لەگەڵ هەژموونی ئەمەریكا هەبوو.

لەگەڵ سەرەتاكانی دیاردەی جیهانگیری لە كۆتایی نەوەتەكانی سەدەی ڕابووردوودا، كە خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك تاكە جەمسەر سەركردایەتی دەكرد‌ و وەك پرۆسەیەك بۆ ئازادی جموجۆڵی ئازادانەی سەرمایە لە جیهاندا ئاراستەكانی دەستنیشاندەكرد‌ و لە بواری كەلتووریشدا بانگەشەیەك بۆ تەرز ‌و وێنە ‌و جۆری ژیانی ئەمەریكایی بوو، ئەم ئاراستەیە ئابوورییە لەسایەی جیهانگیریدا هاوكات بوو لەگەڵ دەرچوونی دۆلاری چاپكراو ‌و پەیداكردنی فرسەتی زیادكردنی سامانی كۆمپانیاكان لە دەرەوەی ئەمەریكا بەهۆی ئازادی جموجۆڵی سەرمایە ‌و بوونی هێزی كاری هەرزان لە دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌ و لە ئاكامدا ژێرخانی پیشەسازی لە ئەمەریكا زیانی پێكەوت ‌و سەرمایەداری لە ئەمەریكا كەوتە خانەی سەردەمی دوای پیشەسازی ‌و لە بازنەی سەرمایەداری داراییدا كۆبۆوە بەو مانایەی سەرمایە لە كەرتی پیشەسازییەوە خرایە كەرتی دارایی وەك كەرتێكی زیندووی ئازاد، كە هیچ بەربەستێكی جیهانی لە جموجۆڵیدا نییە‌ و لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێكەوتنی بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاردرا‌ و بەم جۆرە سەرمایەداری دارایی لەگەڵ ئاراستەی نیولیبرالیزم هێزی یەكلاكەرەوە لە سیاسەتی جیهانی ‌و لەسەر ئاستی ناوخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هێزی بڕیاردانی سیاسەت ‌و دەستنیشانكردنی پاڵێوراوان بۆ كۆنگرێس ‌و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بوو.

  لە لایەكی دیكەوە، ئەم ڕەوشە نوێیە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامبوونی زیادبوون لە رێژەی كورتهێنانی دارایی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌ و پەیدابوونی دۆخی قەرزاری ئەمەریكا بە بەشێكی زۆری دەوڵەتانی جیهان.

سیاسەتی دارایی ئەمەریكا پێش ترامپ پشتی بە مامەڵەكردن لەگەڵ كورتهێنان دەكرد لە ڕێگای گەڕانەوەی دولار بۆ ئەمەریكا لە سەرچاوەی پیشەسازی سەربازیدا، كە ئەمەریكا تا ئێستا لە جیهاندا بە خەرجی 900 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 لە پلەی یەكەمدایە‌ و لە هەمان كاتدا بەشێوازی جۆراجۆر سیاسەتی دەستبەخۆگرتن (تقشف)ی لە بواری خەرجی گشتی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی ‌و بیمە كۆمەڵایەتییەكان‌ و كەمكردنەوەی خەرجی گشتی دەوڵەت لە بواری كۆمەڵایەتی پەیڕەودەكرا.

بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2024 قەوارەی قەرزاری دەوڵەت (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا) دەگاتە 36 هەزار ملیار دولار واتە 36 تریلیۆن، جگە لەوەی 4 ترلیۆن دولاری ئەمەریكی لە گەنجینەی وڵاتی چیندایە.

 سەبارەت بە بابەتی كورتهێنان لە ساڵی 2024، هاوردەی ئەمەریكا لە چینەوە 439 ملیار دۆلارە، لە كاتێكدا هەناردەی ئەمەریكا بۆ چین 144 ملیار دۆلارە.

ئەگەر تەماشای ڕێژەكان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانی ئەمەریكا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە ساڵی 2024 بكەین، ئەوا هاوردەی ئەمریكا لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا 606 ملیار دۆلارە، لە كاتێكدا هەناردەی ئەمەریكا بۆ یەكێتی ئەوروپا 370 ملیار دولارە.

جیاوازی لەم ژمارانە ‌و لە رێژەی كورتهێنانی ئەمەریكا لەگەڵ هەر وڵاتێكدا بنەمای ئەو ڕێژانەی زیادكردنی گومرگە كە ترامپ لە ڕۆژانی ڕابووردوودا ڕایگەیاند.

لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، بۆچی ترامپ لەم هەلومەرجەدا ئەم سیاسەتە نوێیەی ڕاگەیاند ‌و چ پێشهاتێك دەخوێنرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردن لە سیاسەتێك زیاتر لە شەست ساڵە پیادەكراوە ‌و هەژموونی ئەمەریكای بەسەر ئابووری جیهانیدا سەپاندووە.

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە ڕەچاوی ئەو گۆڕانكارییانە بكەین، كە بەشێكیان لە ژمارەی ئامارەكان خرانەڕوو، بەشێكی دیكەش پەیوەندی بە گۆڕانكاری لە تەرازووی هێزی نێودەوڵەتی لە سیاسەت ‌و سیستمی نێودەوڵەتی جیهانەوە هەیە، جگە لە كارتێكردنی سەرجەم گۆڕانكارییەكان لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌ و ژیانی خەڵك تیایدا‌ و لە هەمووی گرنگتر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی ‌و چۆنێتی كاركردن بۆ دەربازبوون لێوەی هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە خوێندنەوەی ئەم بابەتانە هۆكاری سەرەكی هەنگاوە نوێكان ‌و داڕشتنی سیاسەتی زیادكردنی گومرگ لەلایەن ترامپەوە دەردەكەوێت وەك ڕێگایەك لەچوراچێوەی هەوڵی سەرمایەداری هاوچەرخ لە پرۆسەی خۆنوێكردنەوە ‌و دەربازبوونی ئاستەنەگی سەرمایەداریی دارایی.

 

وتاری نووسەران