
نەرمین نەجمەدین مامۆ
بە پێچەوانەی زۆربەی پشووە فەرمییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، ڕۆژی ١ی ئایار پاشخانێکی ئایینی نیە، بەڵکو پاشخانێکی سیاسییە. سەرچاوەی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٦. لەو کاتەدا مانگرتنی گشتی بۆ جێبەجێکردنی هەشت کاتژمێر کار لە رۆژێکدا، لە ئەمریکای باکوور دەستیپێکرد.
دوای سێ ساڵ، لە ساڵی ١٨٨٩دا خەڵک لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی کرێکاراندا لە پاریس کۆبوونەوە. لێرەدا بانگەواز کرا کە کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا لە ١ی ئایاری ١٨٩٠ خۆپیشاندان یان مانگرتن ئەنجام بدەن.
لە ئەمریکا لەم نێوەندەدا ڕۆژی ١ی ئایار خۆی وەک "ڕۆژی خەبات بۆ کرێکاران" جێگیر کردبوو. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەزارەها کەس لە شارە گەورەکاندا لە ساڵی ١٨٩٠ەوە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کرد و هەندێکیان کارەکانیان وەستاند. دوای ئەوە لە کۆتایی ساڵی ١٩١٨، کەمێک دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم، ڕۆژێ هەشت کاتژمێر کار بە فەرمی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. لینینی مەزن گووتی “هەشت کاتژمێر کار هەشت کاتژمێر پشوو هەشت کاتژمێر خەوتن!”
بەڵام لەو کاتەدا جەژنی ١ی ئایار سەرتاسەری نەیتوانی خۆی جێگیر بکات.
١ی ئایار پشووی فەرمی بووە و ئێستاش پشووی فەرمیە بۆ ڕێزلێنان لە بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی جیهان و وەک بیرخستنەوەیەک کە ڕۆژێکی ئاسایی کارکردنی هەشت کاتژمێری هەمیشە شتێکی ئاسایی نەبووە.
بۆ نمونە هەتا ئێستاش لە کوردستان کرێکاران زیاتر لە ١٢ کاتژمێر کار دەکەن.
لەم ڕۆژە مەزنەدا بەبیریدێنمەوە کە پێویسته سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئیتر کۆنترۆڵی خۆیان بکەن و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن، ئاوڕێک لە ژیانی خراپی خەڵک بەگشتی و کرێکاران بە تایبەتی بدەنەوە، ئەوەش لە پێناو باشتر کردنی ژیانی خەڵک و خۆشگوزەرانی گشتی و رێز گرتن لە مافەکانی چین و توێژەکان.
بەڵام بەرپرسیاریەتی بنیات نانی کۆمەڵگایێکی سەقامگیر تەنها لە ئەستۆی ئەوانە نیە کە بڕیاردەرن ، ئەوە ئێمە هەموومان پێکەوە دەتوانین گۆڕانکاری بکەین ، ئەوەش لە ڕێگەی ئەوە دەکرێت کە هەموو جارێک ناڕەزایی پێشان بدەین ، هەموو جارێک دژی نادادپەروەری بوەستینەوە، هەموو جارێک پروتێستۆی ناڕەوایەکان بکەین ، ئەگەر خەڵکی سڤیل و جەماوەرێکی وشیار و بڕیاردەر و یەکگرتوو هەڵسێتەوە و هەموو جار بە گەندەڵی و ناڕوایەکان بڵێت نەخێر دەنگێکی یەک گرتوی کاریگەر بەرجەستە دەبێت.
دەبێت هەندێ دەنگ هەیە بوێرانە هەڵیبڕین ئەگینا وەک نوسەری سوێدی ئەدەبی منداڵان Astrid Lindgren ئاسترید لیندگرێن دەڵێت:
دەنا " مرۆڤ نین هیچین"
ئەمڕۆ لە گەڵ نوێنەر و ئەندامانی پارتی چەپی سوێدی و خەڵکێکی بەرچاو لە کرێکاران و ئازادیخوازان بەشداری رێپێوانێک بووین بە بۆنەی ۱ی ئایار جەژنی کرێکارنی جیهان
نەرمین نەجمەدین مامۆ
سوێد
یەڤلێ 1 - 5 - 2023