ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

  تاریق کارێزی نووسەرو ڕۆژنامەنووس لە ساڵی2015 لە خانووەکەی خۆی لە کۆڵانێکی گەڕەکی میللی باڕووتخانە لەناو جەرگەی شاری کەرکوک، کتێبخانەی کارێزی دامەزراند، ئێستا دوای نزیکەی 10 ساڵ، ئەم کتێبخانەیە بۆتە خاوەنی 30 هەزار کتێب و ئەرشیفێکی دەوڵەمەند. (٪80)ی کتێبەکان کتێبی کوردین.

 تەنیا ئەمساڵ2024 (3240) کەسی خوێندەوار و توێژەر و کتێبدۆست سەردانی ئەم کتێبخانەیان کردووە بۆ خوێندنەوە یان خواستنەوەی کتێب.

 جگە لە کتێب، بەردەوام گۆڤار و ڕۆژنامە دەگەنە ئەم کتێبخانەیە و بەسەر خوێنەران دابەشدەکرێن و بۆ ئەرشیفی کتێبخانەکەش هەڵدەگیرێن، بەمجۆرەی خوارەوە:

 گۆڤاری ڕامان، 20 دانە لە هەر ژمارەیەکیدا.

 گۆڤاری دیوان 25 دانە

 گۆڤاری گوڵان 80 دانە

 گۆڤاری نوێبوونەوە 15 دانە

 گۆڤاری تروسکە 20 دانە

 گۆڤاری کوردستان بالعربی 80 دانە

 ڕۆژنامەی خەبات 20 دانە

 ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ 20 دانە

 ڕۆژنامەی هەولێر 60 دانە

 ڕۆژنامەی هەواڵ 15 دانە

 ڕۆژانامەی ڕێگای کوردستان تەنیا یەک دانە!

 بڵاوکراوەی گڵکەند 150 دانە

 تورکمان اللی 20 دانە.

 

 

 

کتێبخانەی کارێز لە کەرکوک بۆتە سەنتەرێکی ئەرشیفی و ڕۆشنبیری، بۆتە چرایەکی ڕووناک چۆن بابەگوڕگوڕ ڕووناکی دەبەخشێ، ئەم شوێنەش ڕووناکی بە شاری کەرکووک دەبەخشێت.

 وایلێهاتووە هەموو چوارشەممەیەک کۆڕێکی ڕۆشنبیری لەم شوێنەدا پێشکەش دەکرێت. تەنیا لە ساڵی 2024 دا (65) کۆڕی ڕۆشنبیری لە کتێبخانەی کارێز ڕێکخراوە (2463) کەس لەم کۆڕانەدا ئامادەبوون لە هەردوو ڕەگەز، 2033 کەس لە ڕەگەزی نێر و 430 کەس لە ڕەگەزی مێ.

 دوو خولی خۆشنووسی کردۆتەوە.

 خوێندنگەکان سەردانی زانستی بۆ ئەم کتێبخانەیە ئەنجامدەدەن. قوتابیانی زانکۆ و توێژەران بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی پێویست سەردانی ئەم کتێبخانەیە دەکەن.

 ئەم شوێنە وەکو ئەرشیفخانەش دەوڵەمەندە، ڕۆژنامەکان کۆن و نوێ لەبەرگگیراون (956) بەرگ و دەخرێنە بەردەستی توێژەران.

 مانگانە سەرووی 3500 ڕۆژنامە و نزیکەی 6000 گۆڤار لەڕێی کارێزەوە بە دیاری دەگەنە دەستی خوێنەران.

 گەلێک کەرەستە و بابەتی کەلەپووری شوێنەواری کوردەواری لێرە پارێزراون خەریکە سیمای مۆزەخانەش بەخۆیەوە دەگرێت.

 ڕۆژانە کتێبخانەکە کراوەتەوە و دەستەیەکی خۆبەخشی پێنج کەسیش سەرپەرشتی ئەم کتێبخانەیە دەکەن، کە ئەم بەڕێزانەن:

1- سەید حەسەن پیریادی سەرۆکی دەستەکەیە.

2- فەیسەڵ ئەمین، ئەندام

3- ستار جەباری، ئەندام

4- شێخ محەمەد عوبێد، ئەندام

5- تاریق کارێزی ئەندام و بەڕێوەبەر.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم کتێبخانەیە ئەوە دە ساڵە کراوەتەوە و بۆتە سەنتەرێکی ڕۆشنبیری لایەنی دەسەڵات لە کەرکوک نە داوای مۆڵەتدەرهێنانی لێکردوون، نە کۆسپی خستۆتە پێش چالاکیيەکانیان.

 ئەم کتێبخانەیە پشت بە هیچ یارمەتی لایەنی حکومی و حزبی نابەستێت، بەڵکو سندوقی کۆمەکیان لەناو کتێبخانەکە داناوە و ئەدەبدۆست و ڕۆشنبیروان خۆبەخشانە بەئارەزووی خۆیان شتێک دەخەنە ناو ئەم سندووقە و لێژنەی سەرپەرشتی کتێبخانەکە دەتوانێ پارەکە بۆ دەوڵەمەندکردن و سوودی کتێبخانەکە بەکاربێنێت.

 زۆر لە نووسەران و لایەنی ڕۆشنبیری و چاپەمەنی بە بەخشینی کتێب یارمەتی کتێبخانەکە دەدەن. سەرنجماندا بنەماڵەی مامۆستا دڵزاری شاعیر بەشێک لە کتێبخانەکەی ماڵەوەیان بەم کتێبخانەیە بەخشیوە. هەروا کاک ئەسعەد عەدۆی نووسەر و ڕۆژنامەنووس کتێبخانەیەکی خۆی بە کتێبەکانییەوە بەم کتێبخانەیە بەخشیوە.

وتاری نووسەران