
هەڵكەوت محەمەد
بەشی یەکەم
توێژینەوەکانی زانکۆی ساپیێنزا لە ڕۆمای ئیتاڵیا بۆ ماوەی ٥٨ ساڵ لە شوێنەواری ئەرسلان تەپە بەردەوام بووە. ئەرسەلان تەپە شوێنەوارێکی دەشتی مالاتیای باکووری کوردستانە، لە ڕۆژئاواوە، نزیک ڕووباری فوراتە. تەمەنی بۆ پێنج هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. بەرلەوەی کلتوری عوبێد لە میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق) دەرکەوێت، ئەوێ نیشتەجێی مرۆڤی چاخی بەردینی نوێ بووە.
لە دۆزراوەکانی هەردوو چینی شەش و حەوت لە ئەرسلان تەپە، ئاڵۆزیی کۆمەڵگەی ئەو کاتەی باکووری میسۆپۆتامیا (کوردستان) بۆ توێژەرانی ئەو شوێنەوارە دەرکەوت. ئەو ڕێوشوێنانەی بەڕێوەبردن لەوێ دۆزرانەوە نیشانەی هەبوونی کۆمەڵگەی ئاڵۆزی بەر لە پێنج هەزار ساڵن. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی واڵاترەوە لەو پێشکەوتنانەی ئەو کاتە بڕوانین، دەبینین هەنگاوی باش و یەک لە دوای یەک لە نێوان ٥٠٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە سێ شوێندا هەڵهێندراون.
یەکەم، ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا وەک ئەوەی لە ئەرسلان تەپە هەبوو
دووەم، باکووری میسۆپۆتامیا (کوردستان)
سێیەم، نموونەی دەرکەوتن و جێگیرکردنی یاسا لە میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق).
ئایا چەند ئەو پێشکەوتنانە لەیەک دەچن و لێکبەستراون؟ هەر سێ ناوچە لە چاخی هۆلۆسیندا تێکەڵییەکیان هەبووە و لەیەکتری دەبڕاو نەبوون. چاخی جیۆلۆجی هۆلۆسین لە ٩٧٠٠ ساڵ پێش زایینەوە دەستپێدەکات، دوای بەسەرچوونی دوایین چاخی بەستەڵەک دێ. زۆرترین کاریگەرییش لە دوو سەردەمی کلتوری عوبێد (کە سەردەمێکی بەر لە مێژووی میسۆپۆتامیایە بە جۆری گڵسازییەکان و دەرکەوتنی بەڕێوەبردن دەناسرێتەوە) لە نێوان ٥٣٠٠ تا ٤٥٠٠ ساڵ و ناوەڕاست و کۆتایی ئوروک لە نێوان ٣٧٠٠ تا ٣١٠٠ ساڵ پێش زایین لە کلتوری میسۆپۆتامیای باشوور بۆ سەر میسۆپۆتامیای باکوور بووە. یەکەمیان کلتوریی بووە و دووەمیشیان تۆڕێکی داگیرکاریی بووە. بەڵام کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە هەر سێ شوێندا تا ڕاددەیەک تەریبی یەکتری، دەرکەوتوون.
لە بەراوردێکی نێوان دوو شوێنەواردا، یەکەم، تەل زێدانی سەر خاڵی پێکگەیشتنی ڕووباری بەڵخ و فورات لە نزیک ڕەققەی سوریا، دووەم، تەپۆلکەی حاجی نەبی دەکەوێتە سەر فورات لە نێوان غازی عەنتاب و ڕوها، هەردوو شوێنەوار لە نێوان ٥٨٠٠ تا ٣٣٠٠ ساڵ پێش زایین دەرکەوتوون، لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێ ٤٢٠٠ تا ٣٨٥٠ ساڵ پێش زایین پێکەوە نیشتەجێ بوون. زانیارییەکانی شوێنەواری دیکەی وەکو تەل براک، هامۆکار، تەپە گەورە و گرێ ڕەش بەکاردەهێنین تا جیاوازییە ئابووری و سیاسییەکانی ئەو کاتەی باکووری میسۆپۆتامیا، تێبگەین.
دەرکەوتنی کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە باکووری میسۆپۆتامیا دەبێت لەوەی باشوور جیابکرێتەوە و تیکەڵ نەکرێن. دەبێت لە چاخی بەردینی نوێی باکووری میسۆپۆتامیا وەک زنجیرە شوێنێکی جیاجیا، کە لە ڕووی کلتوری ماددی، ئایین و ئابووری سیاسیی هاوبەش و لێکبەستراون، بڕوانین. لە ئەنجامی پێشکەوتنی مرۆڤ لەو نیشتەجێیانەی میسۆپۆتامیای باکوور، چەند کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز لە هەریەکەیان دەرکەوتوون. جارێ ئارەزووی فراوانخوازیی لە میسۆپۆتامیای باشوور لە سەردەمی دوایین میرنشینانی ئوروک دەرنەکەوتبوو (لە نێوان ٣٧٠٠ تا ٣١٠٠ پێش زایین دەردەکەوێت) و ئەو شوێنەوارانەی باکووریان داگیر نەکردبوو و زۆر کەم کاریگەرییان لەسەر میسۆپۆتامیای باکوور هەبووە. کاتێک یەکەم کاریگەرییەکانی باشوور لە سەر باکوور دەرکەوتووە، کۆمەڵگەی ئاڵۆز لە میسۆپۆتامیای باکوور دەرکەوتبوو و هەندێک لەو نیشتەجێیانەی باکوور وەکو شار بوون.
ئەگەر کۆمەڵگەی ئاڵۆز بە هەبوونی سیستەمی بەڕێوەبردن و سیاسیی، چەقگریی لە دەسەڵاتدا، فەرمی بوونی سەرۆک و پاشا، چینبەندیی کۆمەڵگە و ئابووری کۆمەڵگە لێکبدەینەوە، ئەوا چەند شوێنەوارێکی میسۆپۆتامیای باکوور، لە سەردەمی کلتوری عوبێد تا کۆتایی چاخی بەردینی نوێ، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت بوون، لەوانە:
- چینایەتیی ئابووریی و دەرکەوتنی دەستەبژێرێک، کە هێمای دەسەڵاتیان بەکارهێناوە.
- چینایەتی کۆمەڵایەتیی، لە شێوازی خانووەکان و ڕێوڕەسمی ناشتنیان دەردەکەوێت و کەلوپەلی بەبایەخیان هەبووە.
- تایبەتمەندیی لە کارەکانیاندا.
- فەرمیبوونی سەرۆک و پاشا لە پێکهاتەی گشتیی بەڕێوەبردن، چەقگیری بەڕێوەبردن، هاوڵاتی پایەبەرز، ڕێورەسمی گەورە و واڵای بۆنە و کۆبوونەوەکان و ناشتنی ئەندامانی دەستەبژێر، دەردەکەوێت.
- چەقگریی دامەزراوە ئایینییەکان.
- سیستەمی ئاڵۆزی بەڕێوەبردن بۆ کۆکردنەوە و دابەشکردنی بابەت و کاڵا و بەرووبوومی زیادە و دەستی کار.
- بازرگانییکردن لەگەڵ شوێنی دیکەی دوور بۆ ماددەی خاو و بەرهەمی نوێ.
- دابەشکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە نێوان خەڵک و ئەندامانی پایەبەرزی کۆمەڵگە.
پشکنینی کاربۆن ١٤ بۆ شوێنەوارەکانی تەل زێدان و ئەوانەی دیکەی ناوچەی خابوور، تەمەنی شوێنەوارەکانی میسۆپۆتامیای باکوور بۆ ٥٣٠٠ تا ٤٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگێڕێتەوە. تەل زێدان شوێنەوارێکی سەردەمی عوبێدە لە باکووری سوریای ئێستایە و لە نێوان ساڵانی ٥٥٠٠ تا ٤٠٠٠ پێش زایین نیشتەجێ بووە. بەهەرحاڵ، بڵاوبوونەوەی ئاشتییانەی کلتوری عوبێد هەڵگری شوناسی کلتوری باشوور بە باکووردا، جێی کلتوری حەلەفی گرتەوە، کە کلتورێکی دیکەی بەر لە مێژووی میسۆپۆتامیایە لە نێوان ٦١٠٠ تا ٥١٠٠ ساڵ پێش زایین هەبووە. لە دۆڵی باڵخ لە سووریای ئێستا لە ڕووبەری تەنیا ٢٥ دۆنمدا، دوو ئاستی نیشتەجێبوون هەیە. چەند گوندێکی حەوت دۆنمی دەوری تەل زێدانیان داوە. ئەوانە خەڵکی سادە و بێ پایەی کۆمەڵایەتی بوون. لە سەردەمی کلتوری عوبێد، تەل زێدان چەقی ناوچەکە بووە. زانیاری ئابووری ئەوکاتەی تەل زێدان پێمان دەڵێت، ئاژەڵداریی بەرەو بەخێوکردنی مەڕ چووە، ئەوەش نیشانەی پێشکەوتنی تایبەتمەندی بەرهەمهێنان نیشان دەدات. هەر لە نزیک ئەوێ و لە شوێنەواری گردی کۆسەکی باکوور، لە نێوان ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٧ تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی تۆکیۆ کنە و پشکنینیان لێ کردووە، قەبارەی تەشی بچووکترە لەچاو تەشی شوێنەواری دیکە، بە واتای ئەوەیە لە گردی کۆسەکی باکوور هەوڵی بەرهەمهێنانی چنراوەی وردتر، دەستی پێکردووە و پێشکەوتن ڕوویداوە.
بە هەمان شێوە، دۆزینەوەی کوورەی برژاندنی گڵسازیی و شوێنی تایبەتی بەرد شکاندن بۆ دەستکەوتنی ئامرازە بەردە لا تیژ و سەر تیژەکان لە شوێنەواری تەل زێدان نیشانەی تایبەتمەندییەتی کارەکانە. بابەتی تایبەتی وەکو دەفری بەردی تەخت، سەرە تێڵای بەرد، دەفری بەردی ناو هەڵکۆڵدراوی بە نەخش، تەوری مس و مورووی بەردی لازولی (بەردێکی شینی بە بەهایە) لە شوێنەوارەکانی تەل زێدان، تەپە گەورە و ئارپاچیا دۆزراونەتەوە. تەپە گەورە شوێنەوارێکی یەکجار بەبایەخی میسۆپۆتامیایە و ١٥ کیلۆمەتر لە باکووری مووسڵە. لە نێوان ٥٠٠٠ تا ١٥٠٠ ساڵ پیش زایین نیشتەجێ بووە.
ئەوانە هەموویان بەڵگەی بازرگانی و ئاڵوگۆڕن لەگەڵ شوێنی دوور لە خۆیان و هەموویان بۆ کەسی پلە و پایە بەرزی کۆمەڵگە بووە. دۆزینەوەی پوولە قوڕینە، مۆری داخستنی لە قوڕ دروستکراو، پارچە قوڕی بەدەست گووشراوی سەر کۆگە و عەمبارە بچووکەکان لە تەپە گەورە، تەپەی دەگرمان، تەل زێدان و زۆری دیکە بەڵگەی کاروباری بەڕێوەبردنن. بەڵام پێچەوانەی میسۆپۆتامیای باشوور، لە باکوور بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کاڵا و بابەتەکان لە لایەن پیاوانی دەستەبژێر و هەبوونی ڕێوڕەسمی ئایینی و ناشتن، دەستنەکەوتووە. لە هەمان کاتدا بەڵگەکان سەرەتای دەرکەوتنی کۆمەڵگەی ئاڵۆز، نیشان دەدەن، جارێ سەرۆک و کۆمەڵێکی دەستەبژێر دەرنەکەوتوون.