
بەشی دووەم:
کاریگەریی عوبێد لە ٤٥٠٠ ساڵ پێش زایین لە تەل زیدان لاواز دەبێت. بابەتەکانی گڵسازیی ڕەنگکراو زۆر کەم دەبنەوە. لە سەرەتای چاخی بەردینی نوێدا بابەتی بێنەخش و بێڕەنگ زۆر بوون، بەڵام ئەو بابەتانەی عوبێد کە شێوەیان وەکو بزمارە سەرێکی پانیان هەیە و لە ئاگردا سوورکراونەتەوە، زۆر بوون. ئەو بابەتە شێوە بزمارانە لە نزیک سەرەکەیان هێڵی ڕاست و چەپیان لەسەر بووە، بەڵام ئەوانەی عوبێد لوس بوون. هەرچی لە چینی ١٢ ی تەپە گەورەیە، چەند بابەتێکی بەردی لازورد و زێڕ دۆزرانەوە و نیشانەی دەسەڵات و خەڵکی پایە بەرزن. ژمارەیەکی زۆری مۆری داخستن و کاروباری بەڕێوەبردن لە زۆربەی خانووەکاندا دۆزرانەوە، پەرت و بڵاوبوون، هەموویان لە شوینێک یان ژوورێک هەڵنەگیرابوون. کەواتە لەو سەردەمەدا سەنتەریکی بەڕێوەبردن نەبووە، بەڵکو کارەکان بەش کراون.
لە ناوەڕاستی چاخی بەردینی نوێدا شوێنەوارەکانی حاجی نەبی، تەل زێدان، کەلاوەی فەخار، تەپە گەورە و چەند چینێکی گرێ ڕەش (هەموویان شوێنەواری دۆڵی بالخن) بەڵگەی ماددی باشیان تێدا دۆزراونەتەوە. یەکەم نیشانەکانی کۆبوونەوەی دەسەڵات لە تەپەگەورە لە دوایین چینی کاتێکی درەنگی چاخی بەردینی نوێ دەردەکەوێت. لەوێدا خانوویەکی زۆر گەورەی شێوە بازنەیی هەبووە لە چاو هەموو ئەوانی دیکەی چواردەورەی زۆر گەورەتر و پایە بەرزتر بووە. هەر لە نێژراوانی گۆڕی منداڵەکان لە تەپەگەورەدا دیارە چینێکی دەستەبژێری بەدەسەڵاتی کۆمەڵگە دەرکەوتوون. لە شوێنەواری تەل براکیش خانوویەک دیوارەکانی لە بەردی بازالت دروستکراوە و لەسەر تێکەڵەیەکی تەختی بەرد و قوڕ چەسپێندراوە بەڵگەی هەبوونی پێکهاتەیەکی گەورەی کاروباری گشتیی نیشان دەدات.
لە شوێنەواری حاجی نەبی لە دۆڵی فورات، لە چاو تەل براک شوێنەوارێکی بچووکترە، دیوارێکی سێ مەتر پان بە سێ مەتر بەرزیی و چوار داڵانی ١٠ مەتر درێژ هەبوون، ئەوانە شوێنی هەڵگرتن و کۆگەکردنی بەروبوومی زیادەی کۆمەڵگەکەی ئەوێ بوون. لە دۆزراوەی گۆڕی مردووەکانیان سەرەتای دەرکەوتنی چینێکی بە دەسەڵات و خاوەن سەرمایەی تۆمار کردووە. لە یەکێک لە گۆڕەکانی منداڵێکی ساوا دا یەک بازنەی مس و دوو ئەڵقەی زیو دۆزرانەوە. لە ئەناتۆلیا ئەو بازنە مسە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی مسە. لەوە کۆنتر هەندێک مورووی زێڕ، بەردی لازورد و کارنێل (عەقیق) لە شوێنەواری گرێ ڕەش لەوانەی حاجی نەبی کۆنترن.
دوو جۆر مۆر لە حاجی نەبی دۆزرانەوە، هەبوو شێوەی ئەندازەیی سادەی لەسەر هەڵکۆڵدراوە بەڵام هەیانبوو شێوەی ئاڵۆزە و کاری زۆری تێدا کراوە. ئەو دوو جۆرەی مۆر دەکرێت ڕەنگدانەوەی دوو چینی دەسەڵات و خەڵکی ئاسایی بێت. مۆرەکانی لە تەل زێدان دۆزرانەوە زۆر لەوانەی لە شوێنەوارەکانی دیکەی میسۆپۆتامیای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا دەچن، وەکو ئەرسلان تەپە، تەل ئەلشێخ، نۆرسون تەپە و تەپەگەورە. دەکرێت لەو جۆرە ئاڵۆزییەی مۆر لە هەموو شوێنەوارەکاندا لەگەڵ دەرکەوتنی دەستەبژێری کۆمەڵگەکان لەو شوێنەوارانەدا سەلمێنەری هەبوونی پێوەندی نێوان ئەو دەستەبژێرانە، لە نێوان خۆیان بێت.
لە هەردوو شوێنەواری تەل براک و مەجنوونە بەڵگەی هەبوونی دەسەڵاتێکی چەقگر هەیە. مۆری تایبەت، بە جوانی سەری شێری لەسەر هەڵکۆڵدراوە یان شێرە و لە ناو قەفەسێک کراوە هێمای هەبوونی پاشایەتیە لە هەزارەی سێیەمی پێش زاییندا. شتێكی هاوشێوەی ئەوانیش لە هاموکار دۆزرایەوە و هەر هەمان لێکدانەوەی دەرکەوتنی پاشایەتیی و دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان دەدات. بەڵگەی باشیش لەبەردەستن، دەری دەخەن لەو سەردەمەدا پێکدادان و جەنگ لە تەل براک، تەل مەجنون و هاموکار هەبووە و لەگەڵ دەرکەوتنی پاشاکان لە ناوچەی خابوور، هاوتەریبە.
هەر لە درەنگانێکی چاخی بەردینی نوێدا بە تایبەتیش لە قۆناغی دوو، شوێنەوارەکانی حاجی نەبی، تەل زێدان، هاموکار، تەل براک و گرێ ڕەش بەڵگەی باشیان تێدا دۆزراونەتەوە، پێوەندی توندی ئاڵوگۆڕی کاڵای خاو و بابەتی پڕ بەها دەسەلمێنێت، لەو کاڵایانە، قاوغی گیانداری ناو ئاو لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بەردی کلۆرایت (بەردێکی ڕەنگ سەوزە سیلیکای ئەلەمنیۆمی تێدایە) لە ناوچەی دیاربەکر و مس لە ناوچەی ئەرخەنی (بە تورکی ئەرگەنی) لە نزیک دیاربەکر، کە ئەو شوێنانە لە ڕووبەرێکی واڵای جوگرافیدان. لە شوێنەواری حاجی نەبی، پیشەی مزگەریی فرە بەرهەم بووە، وادیارە ئەو پیشەیە چەقگر نەبووە، واتا لەلایەن چەند کەس و دەسەڵاتێکەوە کۆنترۆڵ نەکراوە. بەڵگەی دیکەی بازرگانیکردن لە نێوان ئەناتۆلیا و ناوچەی خابوور لەبەردەستن. بەردی لازوردیش لە هەردوو شوێنەواری تەپە گەورە و گرێ ڕەش سەرچاوەیان بۆ کانەکانی بەدەخشان لە ئەفگانستان، دەگەڕێتەوە. ئەو جۆرە بەردە لە تەواوی میسۆپۆتامیای باشوور خواستی لەسەر بووە و برەوی زۆری بە بازرگانی لەگەڵ شوێنە دوورەدەستەکان، داوە.
لە قۆناغی دووی درەنگانێکی چاخی بەردینی نوێدا نیشتەجێی گەورە لە ناوچەی موسڵی ئێستا و شوێنەواری تەل براک دەردەکەون، ئەوە یەکەمین جارە نیشتەجیی مرۆڤ بەو قەبارە و ڕووبەرە گەورە ببن و ئاراستەی دەرکەوتنی شار وەربگرن. دوای ئەو قۆناغە، واتا لە نێوان ساڵانی ٣٨٥٠ تا ٣٧٠٠ بەر لە زایین هەمان بەردەوامیی کلتوری ماددی قۆناغی دوو بەردەوام دەبێت، وەکو ئاڵۆزیی زۆرتری کۆمەڵگە، بەهێزبوونی سەرۆکایەتیی و پاشایەتیی، بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆجیای دەستەبژێر بوون، چەقگریی سیاسیی و سەرەتای دەرکەوتنی شار لە میسۆپۆتامیای باکوور دەردەکەون. قۆناغەکە لێرەدا هاوتەریبی کلتوری ئوروکی میسۆپۆتامیای باشوورە. کلتووری ئوروک لە میسۆپۆتامیای باشوور لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێ تا چاخی برۆنز هەبووە، واتا لە نێوان ٤٠٠٠ تا ٣١٠٠ پێش زایین و سۆمەرییەکان خاوەنی بوون.