هەڵكەوت محەمەد

 بەشی سێیەم

لە دوو بەشی ڕابردووی ئەم بابەتەماندا نیشانماندا کۆمەڵگە ئاڵۆزەکان لەباکووریش وەکو باسووری میسۆپۆتامیا هەبوون و پێش ئەوانەی باشوور ئاکارەکانی دەرکەوتوون و لە ژیانی رۆژانەیاندا پەیڕەو کراوە. هەر چۆنێک بێت، بەرەوپێشچوونی ئاڵۆزبوونی کۆمەڵگە لە هەموو نیشتەجێیەکانی باکوور وەکو یەک نەبووە، بۆیە لە دوایین قۆناغی چاخی بەردینی نوێ بەرەبەرە دۆڵی بەلخ چۆڵ دەبێ و نیشتەجێیەکانی ناوچەی خابوور گەورەدەبن. زنجیرەیەکی قووچەکی فرەئاست لە کۆمەڵگەکاندا دەردەکەون و پێوەندی توند و بەهێز لە نێوان نیشتەجێیەکانی فورات و دیجلەدا هەبووە. دۆزینەوەی ئەو جۆرە پەیکەرانەی چاو تییاندا زۆر گەورە و جیا نیشاندراون لە حاجی نەبی، هاموکار، تەل براک، تەپەگەورە و زۆری دیکەدا نیشانەی لێکچوونی باوەڕە ئایینییەکانی ئەو ناوچەیەن و لەوانەیە لە سەرەتای چاخی بەردینی نوێ دەرکەوتبن.

لە قۆناغی چوارەمی چاخی بەردینی نوێدا و لە نێوان ساڵانی ٣٧٠٠ تا ٣٣٠٠ پێش زایین، کە دەکاتە سەردەمێکی درەنگی ئوروکی ناوەڕاست، پێوەندییەکان لە نێوان میسۆپۆتامیای باکوور، میسۆپۆتامیای باشوور و ئەناتۆلیا زۆر بەهێز دەبن. لە چاو قۆناغی چوارەم، نیشتەجێیەکان زۆر فراوان دەبن. لەوەدەچێت پێوەندییەکان زۆرتر بۆ ئاڵوگۆڕ بووبێت تا دەستیان بگاتە سەرچاوە و بەرهەمەکانی باکوور. شێوازی ئەو پێوەندییەی باشوورلەگەڵ باکوور داگیرکردن، یان بازرگانییکردن لەگەڵ ناوچە دوورەکان و یانیش خۆگونجاندن لەگەڵ دەسەڵاتی میسۆپۆتامیای باکوور بووە. چەندی ئەو پێوەندییە لەگەڵ نیشتەجێی دوورتر بووبێت ئەوەندە مەرجەکانی میسپۆتامیای باشوور ئاسانتر بوون، چونکە بازرگانانی ئوروک نەگەیشتوونەتە شوێنە دوورەکان.

لە چینێکی حاجی نەبی هەبوونی ناوچەیەکی بچووکی بازرگانی دیارە، لەوانەی نیشتەجێی حاجی نەبی جیان و هەڵگری کلتوری ئوروک بوون. ئەوانە کۆمەڵێکی بچووکی میسۆپۆتامیای باشوور بوون، دەسەڵاتەکەی ئەو ناوچە بچووکە دەسەڵاتی بەسەر ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگ لە دۆڵی فوراتدا، هەبووە و بۆ ماوەی ٤٠٠ ساڵێک بەردەوام بووە و هیچ نیشانەیەکی ناکۆکی و پێکدادان لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی حاجی نەبی دیار نییە. ئەو کۆمەڵگە بچووکەی ئوروک کاروباری بەڕێوەبردنی خۆیان هەبووە و لەوەی حاجی نەبی جیا بوون. بەو ئارامییە دوورودرێژەی نێوان ئەو کۆمەڵگە بچووکەی ئوروک لەگەڵ میسۆپۆتامیای باکوور، وادەردەکەوێت بەڵێنێکی ئاشتی لە نێوانیاندا هەبووە، ئەو جۆرە بەڵێنانە بە ژنخوازی و تێکەڵبوون لەگەڵ دەستەی دەسەڵات، ڕێکخراوە. پیاوانی ئوروک و ئافرەتانی میسۆپۆتامیای باکوور خێزانی نوێیان پێکهێناوە و بەو شێوەیە باکوور و باشووریان لێک گرێداوە. ئەو جۆرە تێکەڵبوونە لە بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانەدا دیارە کە هەموویان کلتوری ئوروکیان پێوە دیارە و دەگاتە ڕێژەی ٨٣٪، بە هەمان شێوە کۆگەکانی خواردن و دانەوێڵە هەڵگرتن، بەکارهێنانی مۆر و ئاکاری کارگێڕیی ئوروک بوون. بەڵام بابەتاکانی خواردن ئامادەکردن و چێشت لێنان تا ڕیژەی ٩٧٪ هەر کلتوری میسۆپۆتامیای باکوورە، بە واتای ئەوەی ئەو بەشەی ئافرەتی تێدا بووە وەکو خۆی ماوە، ئاوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئافرەتی باکوور لەگەڵ پیاوانی باشوور خێزانیان پێکهێناوە.

دەکرێت هەبوونی کلتوری ئوروک لە حاجی نەبی وەکو کونجێکی بازرگانی ناوچەکە بۆ چەند هۆیەک بگێڕینەوە، یەکەم: کلتوری ئوروک تەنیا گڵسازیی نییە، بەڵکو قوڕی لە ئاگر سوورکراوە، ڕێوشوێنی کارگێڕیی، کێشان و پێوانەکردن، بابەتی گران بەها و کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانەی وەکو داسی لە قوڕ دروستکراوی برژاو. دووەم: قوڕی هەندێک بابەتی ژیانی ڕۆژانە لە حاجی نەبی لە قوڕی خوزستان و ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا نزیکە، واتا ئەو بابەتانە لەوێوە بۆ حاجی نەبی هێندراون، ئەوەش بەڵگەی بازرگانییکردنە. لە لایەکی دیکە، 80٪ ی  ئێسقانی ئاژەڵان لەو چینەی بابەتەکانی کلتوری ئوروکی تێدا دۆزرانەوە ئێسقانی مەڕ و بزنن و جۆری خواردنی ئەو ئاژەڵانە لەوانەی میسۆپۆتامیای باشوور و باشووری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا نزیک بووە. بەڵام ئێسقانی مەڕ وبزنی ئەو چینانەی کلتوری ناوچەی حاجی نەبی تێدا بەجێماوە، هەر وەکو ئەوانەی ئەو ناوچەیەیە. ئامرازەکانی وەکو بەردی تیژی بڕین و داماڵینی گۆشتی ئاژەڵان لە نێوان ئەوانەی هەڵگری کلتوری ئوروک بوون لەگەڵ ئەوانەی خەڵکی ناوچەکە بوون جیاوازە، تەنانەت شوێنی بڕینەکان و ئەو پاشماوەیەی لەسەر ئێسقانەکان بەجێیان هێشتووە جیاوازن.

لەگەڵ دۆزینەوە و توێژینەوەی زۆرتری شوێنەوارەکانی کوردستان، بەرەبەرە ڕۆڵی نیشتەجێیەکانی میسۆپۆتامیای باکوور (کوردستان) لە کۆی تەواوی پێشکەوتنی مرۆڤایەتییدا زۆرتر و زۆرتر دەردەکەوێت. لە سەدەی ڕابردوودا میسۆپۆتامیای باشوور (عێراق) بە لانکەی دەرکەوتنی شارستانییەت و کۆمەڵگەی ئاڵۆز دەزاندرا. بەڵام لیرەدا بۆمان دەرکەوت کە کۆمەڵگە ئاڵۆزەکان، هەرنەبێ هاوتەریبی باشوور، ئەگەر پێش ئەویش نەبووبێ، لە نیشتەجێیەکانی باکوور (کوردستان) دەرکەوتوون و رۆڵی مەزنیان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە.

سەرچاوەکان

https://www.researchgate.net/.../290164316_The...

وتاری نووسەران