
هۆشیاری عەبدولعەزیز
سەرمایەداری لە وڵاتە دواكەوتوەكان جگە لە هەڵچنینی سەرمایەكەیان و قۆرخكردنی تەواوی سێكتەرە گرنگەكانی دراو بازاڕ و سەروەت و سامانی نیشتمانی و تێكدانی سەرخان و ژێرخانی ئابوری و فریودان و كۆیلەكردنی ڕێژەیەكی زۆری هاوڵاتی و پاشەكشە پێكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆی و كۆنترۆڵكردنی خۆراك و داودەرمان و پێداویستی گشتی ژیان، كارلەسەر خولقاندنی نائارامی و ناسەقامگیری ئابوری دەكات و هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە دەسەڵات وەك دەڵاڵی فەرمی بەكاربێنێ و لەتەك قازانجی كەڵكە بووی خۆیدا تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزاریە گشتیەكانی دەوڵەت لە بازنەی كەرتی تایبەتدا بخاتە ژێرچنگی خۆی و خۆی خاوەنی گشتی بێت ، چونكە دەزانن لە وەها دۆخێكدا گەلانی دواكەوتوو بەهۆی كامڵ نەبوونی بونیادی سەرمایەداری نیشتمانی و دروستبوونی كەلەبەری زۆر گەورە لە تێگەیشتن بۆ بوارەكانی ئابوری بازاڕ و بەهێزكردنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنانی نیشتمانی، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕشەی چەوساندنەوەو هەژاری و پەراوێزخستن دەبێتەوە و ناتوانێ بەپێی میكانیزمێكی گونجاو قۆناغەكە تێپەڕێنێ و دەبێتە ژێردەستە و توانایی موجازەفە و نوێكاری نامێنێ
لەزۆر حاڵەتیشدا سەرمایەداری نیشتمانی بەهۆی چاوچنۆكی و قۆرخكاری بەردەوامەوە، دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ داروخان و ویرانكاری بە پێچەوانەی سەرمایەداری وڵاتانی پێشكەوتوو، كە بەردەوام كار لە سەر بونیادنانەوەی دەوڵەت و پرۆسەی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی دەكەن و دەیانەوێ كۆمەڵگاكانیان لە ئاستێكی بەرزدا ببینن ، لەم تێگەیشتنەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی ئەوەی لە ئەمرۆدا لە كوردستان روودەدات، پرۆسەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراوی تایبەتە و بە فیتی نەیاران و هەلپەرستانی ناوخۆ و دەرەوە بێگوێدانە بەها ئەخلاقیەكان و یاساوڕێسا سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەكان كارلە سەرتێكدان و وێرانكاری بوارەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەنانەت بواری پیشەوەریش دەكات و دەیەوێ نائارامی و پەشێوی بە ئاراستەیەكی ڕەگ داكوتاوی قوڵ ڕۆبچێتە نێوو جەستەی كۆمەڵگاوەو ببێتە هۆكاری تەواو هەڵوەشاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و كورتهێنانی بازاڕ لە دابینكردنی خۆراك، و ئاو و پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی تاك
ئەم پرۆسەیە جگە لەوەی لە گەڵخۆیدا دنیایەك لە نابەرابەری و هەژاری و ناسەقامگیری دێنێتە دنیاوە، كاریگەری نیگەتیڤی دەبێ لە سەر ژێرخانی ئابوری و پرۆسەی سیاسی و وادەكات بەشێوەیەكی سێستماتیكی توشی شكست و قەیرانێكی هەمە لایەنە ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەك هۆیەكی سەرەكی و وەك گەورەترین مەترسی و سەرچاوەی سەر هەڵدانی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر توێژێك لە خاوەن پارە و داهات لە رێگای قاچاخچێتی و تۆڕی مافیایەوە سەدان جۆر لە كەل و پەلی ستۆك و ماوەبەسەرچوو هاوردە بكەن و لە بەرانبەریشدا گەورەترین تاڵانكاری و فەرهود و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان سەری هەڵداوە و بوەتە مەترسی لە سەر ژیانی ئاسای تاك ، لەم نێوانەشدا ئەحزابی دەسەڵاتدار لە پێناوخۆیان و حزب و بنەماڵەكانیاندا باشترین دەرفەتیان ڕەخساندوە بۆ ئەو هەموو كۆمپانیاو بەڵێندەرە حزبی و مشەخۆرەی كە وەك ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا لە گۆڕەپانەكەدا هەڵتۆقین و بە پاڵپشتی حزب و دەسەڵات باشترین زەوی شارەكان و ناوچەگەشتیاریەكان و زەویەكشتووكاڵیەكانیان بەكەمترین نرخ پێ دەبەخشرێ و بوونەتە گەورە فیرعەونی قۆرخكاری و وێرانكردنی وڵات
بەهاوبەشبوونەوەی ئەم مافیایانە لە گەڵ بەرپرسە سیاسی و بازرگانە چاوچنۆك و دەڵاڵەكانی دەسەڵات، هیچ سانسۆرێك لە سەر هاوردەكردن و بازاڕ نەماوە و بەتەواوەتی دەستیان بە سەر بازرگانی و مامەڵەكردن بە نەوت و سوتەمەنیشەوە گرتووە، تەواوی كەرتی نەوتی و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ تا دەگاتە وەبەرهێنان لە كەرتی پەیوەندیكردن و سكیۆرتی ... هتد، لە دەست حكومەت دەرهێنران و لە رێگای حزبیشەوە كرانە موڵكی چەند بنەماڵەیەك و هەر ئەوانەشن كە كار لە سەر تۆخكردنەوە و تەشەنەكردنی گەندەڵی و لاوازبوونی سیستمی فەرمانرەوای و سوككردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی ئیدارەدانی دەوڵەت دەكەن و لە لایەكی تریشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری بژێوی خەلك زۆر خراپ و دژوارتربێ و تەنانەت توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بارودۆخەش نەماوە كە ئامبازی دەسەڵاتە و دەیەوێ وەك هاوبەشێكی ڕوو قایم پارێزگاری لەسەرمایەو بازاڕی چەتەگەریی خۆیان بكەن و ناهێڵن بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیا حزبیەكان كەبەشێكی گەورەی ئەو بازاڕەن بكەوێتە مەترسیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك بوەتە بوكەڵەی دەستی ئەوان و بەدڵی خۆیان یاری بە ژیان و كەرامەتی دەكەن و بوونەتە خۆركەی هەڵوەشاندنەوەی گیرفان و وەزع و گوزەران و سفرەی تاكی كورد