ڕێبین فەتاح
لە هەر کۆڕ و مەجلیسێکدا، لە سەر و لە ژێر هەر بابەتێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەمپیس و جنێوفرۆشت بەرچاوکەوت، قوتابی و ئوستازی قوتابخانەی توندئاژۆی ئاینیی و داعشبیرییە.
ئەو حوجرە و خانەقایە، ئەو ئاینە کوردییەی نالی، سالم، مەحوی، مودەڕیس و سەجادی بەرهەم دێنا، لەسەردەستی داعشبیران، گوزەشت و کۆتایی هات.
ئەو ڕۆژانە، گوتاری زاڵ، لە مەدرەسەی داعشبیرانەوە چەکەرە دەکات؛ وەک ژەهر بەسەر کۆمەڵگەدا بڵاو دەکرێتەوە. ژەهرێک ئەقڵ دەکوژێت، مەعریفەی نوێ بە خورافەی کۆن دەسڕێتەوە.
مەدرەسەیەک تەنیا ببڕە و بکوژە دەناسێت. دەیەوێت کیمیاگەران لە تاقیگەکان بێنێتە دەر و زەرگ و شمشێر هەڵگرن. پزیشکان لە ژوورەکانی نەشتەرگەری بێنە دەر و لە حیکمەتی نوشتە و دوعا بدوێن. ئەندازیاران نەخشە ئەندازەییەکان توڕهەڵدەن، زەویناسان تف لە تیۆر و میتۆدەکانیان بکەن و قەناعەت بە تڕەکەڵەکێی (دنیا لەسەر پشتی گا و گا لەسەر پشتی ماسی) بێنن!
داعشبیران، لەو بۆشاییەوە دێنە ژوورەوە، کە ململانێ و ملشکاندنی سیاسی لەناوخۆی کوردستاندا دروستی کردووە.
ئەوان لەڕێگەی تۆقاندن و تیرۆری کەسایەتییەوە، بوونەتە مەترسی هەرە گەورە لەسەر ئێستا و داهاتووی کوردستان. بەشێکی کاریگەرن لە پڕۆژەی لەناوبردنی گەلی کوردستان و بە ئاشکرایی لەلایەن دوژمن و داگیرکەرانەوە پەمپ دەدرێن و کۆمەک دەکرێن.
داعشبیران، وەک بەشێک لە پڕۆژەی داگیرکردنی عەقڵ، کە زەمینەیەکی گونجاو بۆ داگیرکردن و تواندنەوەی تەواوەتی دەڕەخسێنێت، بەوردی ئیش لەسەر گەمژاندن، دەستخەڕۆکردن و لەخشتەبردنی نەوەی نوێ دەکەن.
داعشبیران، پێش تیرۆری فیزیکی، تیرۆری کەسایەتی دەکەن. جیاکاری و هەڵاوێردن بە هەر بنەمایەک پشتئەستوور بکرێت، فۆڕمێکی لە مرۆخستنە و لە مرۆخستن قۆناغی دەستپێکە لە کوشتن و لەناوبردن.
نابێت لە جنێو، سووکایەتی و هەڕەشەکانیان بترسین و دەبێت بەتوندی وەڵامیان بدەینەوە. هەست بە مەترسی جددییان بکەین و بەرەنگاربوونەوەیان لە پێشینەی ئەرکەکانمان بێت.
دڵنیام شەڕی داعشبیران لە شەڕی چەکدارانیان قورسترە. دەزانم زۆر لە بژاردەی نووسەران، ڕۆشنبیران و ئەکادیمیان لەژێر کاریگەری تۆقاندن و تیرۆری کەسایەتی کە چەکی داعشبیرانە، خۆیان بێلایەن گرتووە و بێدەنگن، بەڵام دەبێت تێبگەن ئەو بێدەنگییە گرەنتی پارێزراویی هیچ یەکێکمان نییە.
لالەسەرحەد واتەنی، شەڕێکە و بەرۆکی گرتووین، ئەگەر نەیکەن خواش دەمانگرێت!