بەشی سیازدەھەم و كۆتایی

ئەبوكاروان

یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی سەرکردە مێژوویی و نیشتمانییە شۆڕشگێڕەکان، تێگەیشتنە لە قۆناغە ھەستیار و مەترسیدارەکانی ناو حزب و کۆمەڵگا و هەمیشە و پێش هەر ئاماژەیەک، ئەو درک بە قەیران و ئاستەنگە مەترسیدارەکان دەکات و پێشبینییەکانی لە چوارچێوەی گورزەیەکدا دەخاتەڕوو ، تا لە ڕێگەی ڕێکخستنی بازنەیەکی هۆشیاری ناوخۆییەوە هەوڵی کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی قەیران و نەهێشتنی ئاستەنگە پێشبینیکراوەکە بدرێت و نەبێتە هۆکاری لێکترازانی حزب و کۆمەڵگا و شێواندنی دۆخی گشتی، ئەمەش ڕۆڵی سەرکردە لە ئیدارەدانی قەیرانەکان دەستنیشاندەکات و لە زانستی سیاسیشدا ئەمە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی تێگەیشتن و توانای شیکردنەوەی سەرکردە، وەک ئەوەی کە لینین لە وتارێکدا بەڕوونی ئاماژەی پێدەکات. 

فلادیمیر لینین، وەک سەرکردە و بیرمەندێکی مارکسی شۆڕشگێڕ لە پرۆسەی شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی حزب و سەرکردەکانیدا، درک بە جۆرێک لە ناتەبایی و ئاستەنگی مەترسیداری ناو حزب دەکات و دەگاتە دەرئەنجامێکی وا کە خەریکە بارودۆخی حزبی شیوعی بەرەو خراپی دەڕوات و ململانێی نێوان سەركردەكانی حزب بەئاراستەی ئاڵۆزی و جیابوونەوە ھەنگاودەنێ، نامەیەك لە ٢٤ی كانونی یەكەمی ١٩٢٢ ئاراستەی كۆنگرەی حزب دەكات و تێیدا زۆر بەدیقەت و هەستی بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانەوە پەنجە دەخاتە سەر مەترسییەکان و ئاماژە بەوە دەكات، كە ململانێ و کێشمەکێشە ناوخۆییەکان گەیشتۆتە ئاستێک، کە حزبی دابەشکردۆتە سەر دوو گرووپی هاودژ و لە ئەگەری چارەسەرنەكردنیشیدا شکست و داڕوخانی حزب دێنێتە پێش و دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی شۆرش و سەرکەوتنەکانی. لینین هەوڵدەدات لە نامەكەیدا وێڕای دەستنیشانکردنی هۆکار و مەترسییەکانی ئەو گرفتە، چەندین پێشنیاری جددی بخاتە بەردەم كۆنگرە و لە هەنگاوی یەکەمیشدا ئاماژە بە زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی دەکات و هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە ئەوە بخاتەڕوو، کە فراوانکردنەوەی ناوەندی بریار لە سەركردایەتی حزبدا هۆکارێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و دەتوانێ ڕێگربێ لە فەرزکردنی ڕای ئەو سەرکردانەی، كە ناكۆكییەكانیان گەیشتووەتە لوتكە. ھەر لە نامەكەیدا و بەپشتبەستن بە توانای تێگەیشتنی مارکسییانەی خۆی بۆ شیکردنەوەی لایەنی سایکۆلۆژی تاک، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی یەك بەیەكی سەركردەكانی خستوەتەڕوو، تا لەو ڕێگایەوە سەرنجی ئەندامانی حزب و کۆمەڵگا ڕاکێشێ بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵ و کاریگەریی سەرکردە و ئەو هۆکار و فاکتەرانەی کە ئەو حاڵەتە لە جەستەی حزبدا گەشە پێدەدەن و دەبنە مەترسی لەسەر ئایندەی شۆڕش، بۆیە بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە و ڕاو سەرنجی لینین لەم بارەیەوە، ھەوڵدەدەم لێرەدا دەقی نامەكە بڵاوبكەمەوە  .... 

‏‎نامەیەک بۆ کۆنگرە :-

‏‎پێم باشە لەم کۆنگرەیەدا، چەند گۆڕانکارییەک لە سیستەمی سیاسی حزبدا بێتە کایەوە و بۆ ئەمەش هەوڵدەدەم سەرنجەکانی خۆم لەم بارەیەوە لەگەڵتاندا بەشبکەم .

  بەپلەی یەکەم، پێشنیاردەکەم دەیان یان سەدان ئەندام بۆ کۆمیتەی ناوەندی زیادبکرێت، بڕوام وایە مەترسیی گەورە بۆ کۆمیتەی ناوەندی دێتەپێش گەر دۆخەکە لەبارنەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت پشت بەم ئەگەر و گریمانەیەببەستین، ئەگەر ئەم ڕیفۆڕمە نەکەین .

پێشنیاردەکەم، بەهەندێک مەرجەوە، کۆنگرە ڕەنگێکی یاسایی ببەخشێتە بڕیارەکانی گۆسپلان (کۆمیتەی دەوڵەت بۆ پلاندانان) لەم ڕووەوە، تا ئاستێک و بە کۆمەڵە مەرجێک، هاوڕاین لەگەڵ بۆچوونی هاوڕێ ترۆتسکی. 

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، وادەزانم ئەمە زەروورەتە، هەم بۆ بەرزکردنەوەی پایەی کۆمیتەی ناوەندی، هەم بۆ باشکردنی پرۆسەی بەڕێوەبردن، هەم بۆ ڕێگریکردن لەوەی ناکۆکیی گرووپە بچووکەکانی ناو حزب کاریگەریی گەورە نەکاتە سەر داهاتووی پارتەکە.

وا دەزانم پارتەکە مافی خۆیەتی (٥٠-١٠٠) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی لە چینی کرێکار هەبێ، پارتەکە دەتوانێت ئەم کارە بکات بەبێ لاوازکردنی چینی کرێکار . 

ڕیفۆڕمێکی وەها، دەتوانێت تۆکمەیی پارتەکەمان زیاتر بکات، دەتوانێت خەباتەکەی لەناو دەوڵەتە نەیارەکاندا بەهێزتر بکات، ئەو خەباتەی، دڵنیام لە ساڵانی داهاتوودا توندتردەبێتەوە. بڕوام وایە  بە گرتنەبەری ئەم ڕێکارە، پارتەکەمان هەزار ئەوەندە تۆكمتر دەبێت.  

١٩٢٢/١٢/٢٣

درێژەی سەرنجەکان لینین/

‏‎ ۲٤ی کانونی یەکەمی ۱۹۲۲

سەبارەت بە سەقامگیری و تۆکمەیی کۆمیتەی ناوەندی وەک لە سەرەوە باسم کردووە، مەبەستم ڕێکارگەلێکە بۆ ڕێگریکردن لە لێکترازان و دابەشبوون .

ئەندامەکەی پاسەوانانی سپی کاتێک لە (ڕوسکایا میسل)، ( وابزانم ، س.س.ئۆڵدنبۆرگ بوو)، ڕاستی دەکرد کاتێک دەیگوت، لە گەمەکەمان دژی ڕووسیای سۆڤیەتی، گرەومان لەسەر دوو شت دەکرد : یەکەم، لێکترازانی ناو پارتەکە ؛ دووەم، ناکۆکییە جددییەکانی ناو پارتەکە لەپێناو لێکترازان . پارتەکەمان لە دوو چین پێکهاتووە، بەبێ تەبایی و لەیەکترتێگەیشتنی ئەم دوو چینە، لەرزۆکی و کەوتنی پارتەکە شتێکی حەتمییە. لەو حاڵەتەدا، گرتنەبەری ڕێکارەکان و قسەکردن لەسەر تۆکمەیی پارتەکە دادمان نادات. لەو حاڵەتەدا، هیچ ڕێکارێک ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم لێکترازانی پارتەکە، بەهیوام، ئەم ڕووداوە هێندە دوور و مەحاڵ بێت، شیاوی باسکردن نەبێت .

مەبەستم لە تۆکمەیی و سەقامگیری، گەرەنتییەکە بۆ ڕێگری لە لێکترازان لەداهاتوویەکی نزیکدا. لێرەدا، دەمەوێت شتگەلێک دەربارەی کۆمەڵە کەسێکی دیاریکراو بڵێم .

بڕوام وایە، دوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، مەبەستم ستالین و ترۆتسکییە، فاکتەری سەرەکین لە مەسەلەی تۆکمەیی و سەقامگیریی پارتەکەدا، پێوەندییەکانی نێوانیان زیاتر لە نیوەی مەترسییەکانی لێکترازانی ناو پارتەکە پێکدەهێنێت، دوورکەوتنەوە لەم لێکترازانە زەحمەتە، ڕەنگە زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بۆ (٥٠ تا ۱٠٠) کەس، ڕێگری لەم لێکترازانە بکات .

هاوڕێ ستالین، وەک سکرتێری گشتی، دەسەڵاتێکی بێسنووری گرتووەتەدەست، دڵنیا نیم لەوەی بتوانێت بەردەوام بەوریاییەوە ئەم دەسەڵاتە بەکاربهێنێت، لەلایەکی ترەوە، هاوڕێ ترۆتسکی خاوەنی کارامەییەکی زۆرە، بەڵگەیش بۆ ئەمە خەباتەکەیەتی دژی کۆمیتەی ناوەندی سەبارەت بە مەسەلەی کۆمیسیۆنی گەل بۆ گواستنەوە، ڕەنگە ترۆتسکی کارامەترین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بێت، بەڵام باوەڕبەخۆبوونێکی زۆری تێدایە و بێ ئەندازە خۆی بە کاروباری کارگێڕییەوە سەرقاڵ دەکات.

ئەم دوو تایبەتمەندییە لای دوو سەرکردەی دیاری کۆمیتەی ناوەندی، ڕەنگە بەبێ مەبەست سەربکێشێت بۆ لێکترازان؛ ئەگەر پارتەکە ڕێکاری گونجاو نەگرێتەبەر، ڕەنگە ئەم لێکترازانە لەناکاو ڕووبدات.

من ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بەگوێرەی سیفەتەکانیان پۆلێن ناکەم، تەنها ئەوە دەڵێم ڕەفتارەکانی زینۆڤێڤ و کامێنێڤ لە تشرینی یەکەمدا سودفە و ڕێکەوت نەبوون، بەڵام ناکرێت لۆمەی شەخسیی ئەمان بکرێت، وەک چۆن ناکرێت تۆمەتی نابەلشەڤیبوون بدرێتەپاڵ ترۆتسکی.

لەناو ئەندامە گەنجەکانی کۆمیتەی ناوەندی، دەمەوێت هەندێک شت دەربارەی بوخارین و پیاتاکۆڤ بدرکێنم. بەبۆچوونی من ئەم دوو ئەندامە بەهێزترین فیگەرن (لە ناو گەنجەکاندا)، نابێت ئەم شتانە لەبارەیانەوە لەیاد بکرێت: بوخارین بەتەنها تیۆریستێکی گرنگ و گەورەی ناو پارتەکە نییە، بەڵکوو هاوکات کەسێکی خۆشەویستە لای هەموو ئەندامانی پارتەکە، بەڵام تێڕوانینە تیۆرییەکانی زۆر جار مارکسیستی نین، چونکە تێڕوانینی سکۆلاستی لەخۆدەگرن (ئەو هەرگیز بەوردی دیالەکتیکی نەخوێندوەتەوە، وا دەزانم هەر لێی تێنەگەیشتووە).

سەبارەت بە پیاتاکۆڤ، مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و کارامەییە، بەڵام بێئەندازە ئارەزووی بەڕێوەبردن و لایەنی کارگێڕی دەکات، بەجۆرێک مەحاڵە لە مەسەلە سیاسییە جددییەکاندا پشتی پێببەسترێت .

هەردوو سەرنجەکە دەربارەی حاڵەتی ئێستایە، ڕەنگە ئەم دوو خەباتگێڕە دیار و دڵسۆزە دواتر مەعریفەیان فراوانتر بکەن و کەموکورتییە لاوەییەکانیان ڕاستبکەنەوە .

سەربار بۆ نامەكە

‏‎ ۲٤ی کانوونی یەکەمی ۱۹۲۲

ستالین زۆر توندوتیژە، هەر چەند ئەم کەموکورتییە لەناو ژینگەی ئێمەی کۆمۆنیست و لە پێوەندییەکانماندا ڕێگەپێدراو بێت، بەڵام بۆ پێگەی سکرتێری گشتی شیاوی قەبووڵکردن نییە. بۆیە پێشنیاردەکەم هاوڕێیان هاوڕێ ستالین دووربخەنەوە و کەسێکی تر بخەنە جێگەی، کەسێکی نەرمونیانتر، دڵسۆزتر، ڕەوشت بەرزتر، زیاتر بەتەنگی هاوڕێیانەوە بێت، کەمتر ڕاڕا و میزاجی بێت و ...هتد. ڕەنگە ئەم تایبەتمەندییانە وەک شتگەلی بێبەها سەیر بکرێن، بەڵام بەبۆچوونی من  شتگەلی گرنگن بۆ دوورکەوتنەوە لە لێکترازان، لە ڕوانگەی ئەو شتانەی پێشتر نووسیم دەربارەی پێوەندیی نێوان ستالین و ترۆتسکی، ئەمە ڕەنگە بێبەها دەرکەوێ، بەڵام دواتر بایەخێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت . 

‏‎لینین

‏‎٤ی کانوونی دوەمی۱۹۲٣

‏‎

درێژەی سەرنجەکانی لینین/

٢٦ی کانونی یەکەمی ۱۹۲۲

‏‎زیادکردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی تاوەکوو (٥٠تا۱٠٠) ئەندام بەبۆچوونی من پێویستە و خزمەت بە ئامانجێکی دوو لایەنە یان سێ لایەنە دەکات تاوەکوو ژمارەی ئەندامەکان زیاتر بێت، فێربوونی کاری تایبەتی کۆمیتەی ناوەندی زیاتر دەبێت و مەترسییەکانی لێکترازان بەهۆی ناوریاییەوە کەمتر دەبێت. بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران لە کۆمیتەی ناوەندیدا، دەبێتە هۆی پێشخستنی ماشێنە خراپەکەمان. ئەم ماشێنەمان لە سیستەمی کۆنەوە بەمیرات بۆ ماوەتەوە، نەدەکرا لەم ماوە کورتەی پڕ جەنگ و برسێتییەدا بتوانین بیگۆڕین. سەبارەت بەو (ڕەخنەگرانە)ی بە بزەو گاڵتەوە باس لە کەموکورتییەکانی ماشێنەکەمان دەکەن، دەتوانین بەهێمنی پێیان بڵێین، ئەمانە هەرگیز لە هەلومەرجەکانی شۆڕشی هاوچەرخ تێناگەن، مەحاڵە لە ماوەی پێنج ساڵدا ئەم ماشێنە بەگوێرەی پێویست بگۆڕین، بەتایبەت لە هەلومەرجی شۆڕشەکەی ئێمەدا. هێندە بەسە ئێمە لە ماوەی پێنج ساڵدا، مۆدێلێکی نوێی دەوڵەتمان دامەزراند، تێیدا کرێکار ڕابەرایەتی جووتیار دەکات دژی بۆرژوازی، ئەمەش لەم هەلومەرجە جیهانییە دوژمنکارەدا کارێکی مەزنە، بەڵام درککردن بەم شتە، نابێت ئەو ڕاستییە پەردەپۆش بکات کە ئێمە ئەم ماشێنە کۆنەی دەوڵەتمان لە قەیسەرییەت و بۆرژوازییەوە بۆ ماوەتەوە لەگەڵ بەرقەراربوونی ئاشتی، کەمبوونەوەی برسێتی، پێویستە هەموو هەوڵێک تەرخانبکرێت بۆ پێشخستنی ئەم ماشێنە. .

بەبڕوای من، کاتێک دەیان کرێکار بەشداردەبن لە کۆمیتەی ناوەندیدا، لە هەمووان باشتر دەتوانن دەزگای دەوڵەت باشتر بکەن و دووبارە بنیاتی بنێنەوە. دەستەی پشکنینی کرێکاری و جووتیاری، ئەو دەستەیەی سەرەتا ئەم ئەرکەی پێسپێردرا، دەرکەوت توانای ئەم کارەی نییە، تەنها دەشێت وەک (پاشکۆ)، یان بەهەندێک مەرجەوە وەک هاوکاری ئەم ئەندامانەی کۆمیتەی ناوەندی بەکاربهێنرێت. ئەو کرێکارانەی دێنە ناو کۆمیتەی ناوەندییەوە، نابێت بەزۆری لە ڕیزی ئەو کرێکارانەدابن وا ماوەیەکی زۆر لەناو دەستە سۆڤیەتییەکاندا کاریان کردووە، (لەم بەشەی نامەکەم، جووتیارانیش لە ڕیزی کرێکاران پۆلێن دەکەم )، چونکە ئەمانە هەڵگری نەریت و بۆچوونێکی دیاریکراون، باشترە دژیان بوەستینەوە .

ئەندامە کرێکارەکانی کۆمیتەی ناوەندی، پێویستە لە ڕیزی ئەو کرێکارانەی خوارەوەدابن وا لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا بەرزبوونەتەوە بۆ فەرمانبەری دەستە سۆڤیەتییەکان، ئەوانەی نزیکترن لە کرێکار و جووتیارە سادەکانەوە، بەڵام بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ناچنە ڕیزی چەوسێنەرانەوە. بڕوام وایە ئەم کرێکارانە بەئامادەبوون لەهەموو دانیشتنەکانی کۆمیتەی ناوەندی، هەموو دانیشتنەکانی مەکتەبی سیاسی، بینینی هەموو دیکۆمێنتەکانی کۆمیتەی ناوەند؛ دەتوانن ستافێک لە لایەنگری دڵسۆزی سیستەمی سۆڤیەتی پێکبهێنن؛ دەتوانن، یەکەم ، کۆمیتەی ناوەندی تۆکەمتر بکەن؛ دووەم، کاری گەورە بکەن بۆ باشکردن و نوێکردنەوەی دەزگای دەوڵەت. 

‏‎لینین

‏‎لە ڕێگەی ل.ڤ.ەوە 

١٩٢٢/١٢/٢٦

لەم شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەدا کە لینین ئاماژەی بە توانا و کاریگەری سەرکردە و کەسایەتی شۆڕشگێر و ڕۆڵی سەرکردە کردووە، دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە دەبێ سەرکردە هەڵگری چەندین یاسا و خەسڵەت و پێوەری سیستماتیکی پڕبەهابێت و ببێتە بنەما و بناغەیەکی کاریگەر و ڕەنگدانەوەی هەبێ لە پرۆسەی کاری ڕۆژانەیدا و نەکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ دۆخێکەوە، کە کاربکاتە سەر پاشگەزبوونەوە لە دید و تێڕوانینەکانیدا، مەترسییەکان نەبنە لەمپەر لەبەردەم وەزیفەی سەرکردایەتیکردنیدا و بەتایبەتمەندییەکانی ئەو ڕاستییە بسەلمێنێ، کە ئەو سەركردە و خاوەن كەسایەتییەكی بەھێزە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كاریگەری ھەبێ لەنێو جەماوەر و ئەندامانی ڕێکخراو و گرووپەکەیدا، پێویستە كەسیكی خۆشەویست و خاوەن کارێزمی و خەسڵەتی بەهاداربێت لە نێو پایە جیاجیا کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگادا و داکۆکیکارێکی سەرسەختی جەماوەر بێت و سڵ نەکاتەوە لە کۆسپ و تەگەرەکان و ببێتە ناوەندێکی کاریگەری وشیاری کۆمەڵایەتی و کاریگەری ڕیشەیی هەبێ لەسەر کۆمەڵگادا. 

ناکرێ سەركردە و کەسایەتی کاریگەر پەیوەستی توخمەکانی بیروکراسییەت و هاوتاکانی ئەو پرۆسەیە بێت و پشت بکاتە ڕۆژگارە سەختەكان و شكست و نوشتییەکان بیتوێنێتەوە و نەبێتە فاکتەری چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی کۆمەڵگا و بەشێوەیەك مامەڵەبكات وەك ئەوەی مێشێك میوانی نەبێت. 

لێبوردەیی وەک خاڵێکی ئەرێنی لە کەسایەتی سەرکردەدا، هاوتایە بە سەرنج و دید و تێڕوانینە کاریگەرەکانەوە و وادەکات لە پرۆسەی پابەندبوونی بە حزب و ڕێکخراو و کۆمەڵگاکەیەوە ببێتە بنەمایەکی بەهێزی کردار و ڕەفتارەکانی سەرکردە و لەگەڵ خۆیشیدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو سەرکردەیە ملكەچی پرۆسە و بەرنامەی جووڵە و کردارەکانی دەسەڵات نەبێت و  ڕووبەڕوویان بێتەوە و ئازا و جەسوور بێت و ھەوڵی نزیكبوونەوە نەدات لە بەرپرسانی دەسەڵات لەسەر حسابی فكر و ئایدیای حزبەكەی و خۆی خۆشەویست كات لایان.

پێویستە سەركردە کەسایەتییەکی بەرژەوەندخوازی کەسی نەبێت و پێچەوانە بەرژەوەندی گەل و وڵاتەكەی لە سەرووی بەرژەوەندییە كەسییەكانەوە دابنێ و ڕێخۆشكەر بێت بۆ بەھێزكردنی پەیوەندیی ھاوڕێیانە لەناو حزب و ڕێكخراوەكەدا و جیاوازی نەكات لە نێو چین و توێژەکانی جەماوەر و ھاوڕێكانیدا و دژی بەشێك و پشتگیری بەشێكی تر نەكات. 

دەبێ سەركردە خاوەن سەنگ و قورسایی خۆی بێت لە یاد و بۆنە سیاسی و ڕۆشنبرییەكان و كۆڕ و كۆبوونەوە گشتییەكاندا، پاراستنی سەنگ و قورسایی خۆی پاراستنی سەنگ و قورسایی حزب و ھاوڕێكانیەتی و پێچەوانەكەیشی كاریگەری نەگەتیڤی دەبێ، چونکە سەرکردەی کاریگەر و خاوەن کارێزمای بەهێز، جەماوەر و دەوروبەرەکەی وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە تەماشادەکات و بەها گشتییەکان ناشکێنێت و نابێتە مایەی شێواندنی دۆخی حزب و گرووپ و کۆمەڵگاکەی و ئامانجەکانی دیار و هاوبەشە و بەپێی تێگەیشتنی تاکگەرانە مامەڵەناکات و هەوڵدەدات ئەنجامی باشتر مسۆگەربکات و بێ سڵکردنەوە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و توانای بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەکانی هەیە و ناکەوێتە ژێرکاریگەری هیچ دۆخێکەوە و هەمیشە گۆڕانکاری بە پرسێکی پێویست و گرنگی بەردەوام دەبینێت و بەپێی میکانیزمی گونجاو هەلومەرجی لەبار کار لەسەر  پرۆسەی گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکات و دەبێتە پێشەوای داوا و داخوازییە ڕەواکان و بێ ئاوڕدانەوە لەمەترسییە کەسییەکان هەنگاوەکانی هەڵدەنێ و دەبێتە سیمبول لەسەر ئاستی گشتی حزب و کۆمەڵگادا.

 

وتاری نووسەران