هۆشیاری عەبدولعەزیز 

 پێنج شەممەی پێشوو ، دادگای تاوانە قورسەكانی توركیا لە ئەنقەرە دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییكردن لە سەر دۆسیەی ڕووداوەكانی كۆبانێ كۆبووەوە و تێیدا سزای 20 ساڵ زیندانی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە دا سەپاندوو بەوەش ماوەی زیندانیكردنی بە كۆی گشتی لەسەر 47 دۆسیەی تاوان و بەبیانووی (تێكدانی یەكڕیزی و یەكگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێكخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێكدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵك بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەركارەكان) و (پرۆپاگەندەكردن و پەسنكردنی تیرۆر)  دەبێتە 42 ساڵ زیندانی،ئەم بڕیارەی دادگای سینجان دەگەڕێتەوە بۆ ڕوودەوەكانی  رۆژانی 6 بۆ 8ـی 10ـی 2014 كە لەسەر داوای بەرپرسان و سەركردەكانی كورد لە باكوری كوردستان، بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فشاریان خستە سەر حكومەتی توركیا هەتا رێگەبدات بە ناردنی چەك و هاوكاری بۆ شەڕڤانان، لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیانی سیڤیل لە هێرش و پەلامارەكانی داعش ، بەڵام  لە ئەنجامی گرژییەكان نزیكەی 50 هاوڵاتی و ئەندامی هێزە ئەمنیەكان كوژران و نزیكەی 700 كەسیش بریندار بوون و ژمارەیەك كەسیش دەستگیركران.

دەستگیركردن و سەپاندنی سزای نابەرابەر بەسەر كورد و سەركردە و كەسایەتیەكانیدا لە دۆخی مێژوویی ئێمەدا پرسێكی تازە و لێدانێكی دەگمەنی جێی سەرسوڕمان نیە  و پەیوەستە بە عەقڵیەت و جیهانبینی فاشیزم و ئەو قۆناغ و هەڵومەرجەی كە كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیكەوتوە و وەك ئیمام ئۆغڵو گەورەسەرۆك شارەوانی ئێستەنبوڵ دەڵێ : زۆر پرۆسەی دادگەییكردنی سیاسی هەن كە پشتیان بە رق و كینە بەستووە ، ئەمەش هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی خەڵك بەبێ بنەمایەكی یاسایی زیندانی بكرێن. سزادانی سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورك و ئەم هەموو مرۆڤە سوودی بۆ كەس نەبووە و نابێت و دەسەڵات سیستمی دادوەریی كردووەتە ئامرازێكی سیاسی و هەمیشە لە دژی نەیارانی و تەنانەت ئەو كەسانە بەكاریدەهێنێت كە پێچەوانەی ئەوان بیر دەكەنەوە ، ئەم بۆچون و دەربڕینانەی ئۆغڵوو لەم دۆخەدا ڕێك پشتڕاستكردنەوەی ئەو حەقیقەتەیە كە كورد لە ناوچەكەدا دەرگیری بوە 

ئەم ڕەتكردنەوە و قەبوڵنەكردنە كە لەفیكر و فەلسەفەی فاشیزمدا توخم و ڕەگەزێكی نوێ نیە و پەیوەستە بە بوونی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر، سەركوتكاری ناسیۆنالیزمی تووندڕەوەوە بۆ كورد حاڵەتێكی سەیر و شۆك ئامێزنیە ، چونكە ڕژێمەكانی ناوچەكە دریغیان لە سڕینەوە و پاكتاوی ڕەگەزی كورد نەكردوە و بەردەوام خۆیان لەبەردەم جەنگێكی ڕاستەقینە و كوشندەدا بینیوەتەوە لەئاست ڕەوایەتی زمان و فەرهەنگ و مێژووی گەلێكی جیاوازو بوونەتە هۆكاری سەرهەڵدانی دژوارترین و هەمەجیترین جۆری فاشیزم و گەورەترین مەترسی لەسەر ڕەوتی گەشەی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی دیموكراسی و سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی خودی گەلانی ناوچەكە 

ئەم پڕۆژە فاشیە كە مێژوویەكی قوڵی لە دڵی ناوچەكەدا داگیر كردوە هێندەی ئێستادا قێزەون و ناشرین نەبووە ، هۆكاری هەڵكشانی ئەم پرۆسەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە دەوڵەتی تورك و بەتایبەت ئەكەپە كە خۆی بەجێگرەوەی خەلافەتی ئیسلامی و سەرەڕمی ڕەوتی ئیخوانی جیهانی دەزانێ گەیشتۆتە چڵە پۆپەی فاشیزم و دەیانەوێ هەربەڕاستی ئەوانی تر بسڕنەوە ، چونكە ئەم گیانە شەڕەنگێزیە مەترسیدارە كەلە پرۆسەی سڕینەوەی ئەرمەنەكانەوە دەست پێدەكات ناتوانێت كەسێتی گەلێكی ئازاد قبوڵ بكات و بە مەترسی دەیبینێت بۆ سەر بەردەوامی سیستمە فاشیستە دژە مرۆیەكەی خۆی و دەرفەتێكی باشیشە تا تەسفیەی حیساباتی خۆی لە سەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەی بكات و تەواوی كۆمەڵگاو هێزە بەرهەڵستكارەكانی بكاتە ئامانج 

بەكورتی نكوڵیكردنی داگیركەران لە بوونی كورد لە هەر دۆخێكدابێت ، تەنیا ڕەتكردنەوەی نەتەوەیەك نیە وەك زمان و پرۆسەی سەروەری تاك لە كۆمەڵگادا ، بەڵكو ئەم نكۆڵیكردنە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا حاشاكردنە لە بوونی كورد بە هەموو مانایەك و دەیەوێ كورد وەك نەتەوەیەكی زیندووی ناوچەكە بسڕێتەوە ، لە ئەنجامی دۆڕانیشیدا ، وەك موسا عەتەر دەڵێ كار لەسەر شكاندنی سەركردە و شۆڕشگێڕەكانی دەكات و هەوڵدەدات لەڕێگەی شەڕێكی فڕە ڕەهەندەوە چەندین دۆسێی ساختەی تۆمەتباركردن دروست بكات و شكۆی نەتەوەیەكی پێ بشكێنێ، ئەمەش كەجۆرێكە لە چەواشەكاری ڕای گشتی لەشیكردنەوەی سیاسەتدا بۆخۆی بەڵگەی یەقینە لە سەر ئیفلاسی سیاسی و داڕمانی عەقڵیەتی ڕەتكردنەوەی ئەویتر و شاردنەوەی شكستە لە بەرانبەر توانای گفتوگۆ و دانوستانی مەدەنی 

وتاری نووسەران