لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 پ. د. عەزیز گەردی

 ئا :مەغدید حاجی

 بەشی یەکەم

 

٭ لە بری پێشەکی:

 لە 6 حوزەیران 2023 ساڵێک بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردی؛  ئەکادیمیست و گەورە نووسەرو وەرگێڕی کورد تێپەڕی.ئەو عەزیز گەردییەی  کەم خوێندەواری کورد هەیە گوێی لە ناوی نەبووبێت، یان لە ڕێگای نووسین و وەرگێڕانەکانی نەیناسیبێت و بە هەواڵی کۆچی دوایی دڵتەنگ نەبووبێت. 

 عەزیز گەردی؛ بە کەسایەتی سادەو خاکی، بە بەرهەمەکانی ، بە داغستانی من ، بە کتێبەکانی دیکەی، بە دڵسۆزی و بە جلی کوردی و عەشقی بۆ وشەی کوردی، جێگای لە ناو دڵی هەموومان کردبوەوە . بەوپەڕی شانازییەوە ناوو بەرهەمەکانی کەوتنە ناو مێژووی ئەدەبیاتی گەلەکەمان. عەزیز گەردی عەزیزی هەموومان بوو، بە کۆچی دواییشی هەموومانی خەمبار کرد، ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستان کوژایەوە. بەڵام عەزیز گەردی ناوێکی نەمرە  پڕ لە خۆشەویستی ، وێنەیەکە چەندی لێی بڕوانیت مەزنی خاوەنەکەیت بۆ دەردەکەوێت، تابلۆیەکە ، پەیکەرێکە شوێنی بۆ خۆی لەناو دڵی هەموو هاوڕێیانی و ئەدەبدۆستان کردۆتەوە، بێ ئەوەی شارەوانی خۆی ماندووبکات شوێنێ بۆ پەیکەرەکەی بدۆزێتەوە.. گەنجینەیەکە پڕ لە داهێنان پڕ لە وشەو دەستەواژەو ڕستەو نووسینی جوان..

 ئازاد بەرزنجیش دەڵێ:" تا زمان و ئەدەبیاتی کوردی و کتێبی کوردی  بمینێت  ، ڕۆحی عەزیز گەردی چەشنی پەروانە بە دەوری پەیڤەکانماندا باڵەفڕە دەکات . ڕۆحی عەزیز گەردی ڕۆحێکی جاویدانە و بۆ هەتا هەتایێ لە گەلماندا دەمینێتەوە".  

 ٭ کورتەیەک لە ژیاننامەی عەزیز گەردی:

 ــ ناوی تەواوی:(عەزیز عەبدوڵلا ئەحمەد)ە

 ــ ساڵی1948 لە (بەحرکە) لە ئامێزی خێزانێکی هەژار لە دایک بووە. بەحرکە پێشان گوند بوو ئێستا ناحیەیە بۆتە شارۆچکەیەکی گەورە سەر بە قەزای عنکاوا  لە پارێزگای هەولێر.

 ــ لە ساڵی  1955 لە قوتابخانەی  گوندی بەحرکە چۆتە بەرخوێندن. لە ساڵی1961 قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی(1962-1961) لە پۆلی یەکەمی ناوەندی هەولێر لە شاری هەولێر وەرگیراوە. 

 ــ کە پۆلی سێیەمی ناوەندی تەواوکردووە نمرەکانی بەرز  بووینە بۆیە لە(دار المعلمین ــ خانەی مامۆستایان)ی هەولێر وەرگیراوە. مامۆستا و پەروەردەکاری ناودار مستەفا حەسەن شەعبان بەڕێوەبەری دار المعلمین بووە، یەکەمجار بە عەزیز گەردی گوتووە "وەرتناگرم ، تۆ نمرەکانت زۆر باشن حەیفە خوێندن تەواو نەکەی بڕۆ ئامادەیی و کولیەی ئەندازیاری یان پزیشکی تەواو بکە". بەڵام کە عەزیز گەردی باری ئابووری خۆی بۆ مامۆستا مستەفا حەسەن شەعبان باسکردووە لە دارالمعلمین وەریگرتووە. 

 من(مەغدید) لە ساڵی خوێندنی(1968 - 1967) لە دار المعلمین وەرگیرام ، ئەو ساڵە مامۆستا عەزیز گەردی تەواوی کردبوو، بەڵام کە سەیری (تابلۆی شەڕەف ــ لوحة الشرف)ی دار المعلمینم دەکرد  دەمبینی  لە هەرسێ ساڵی پێشی ئێمە عەزیز گەردی ناوو وێنەی لە تابلۆکەدا هەبوو، هەر سێ ساڵ سەرکوتووی یەکەم بووە لە پۆلی خۆیدا. 

 لە ساڵی1968 کە خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە،لەبەر ئەوەی یەکەم بووە لە سەنتەری شار لە قوتابخانەی (المعری)پاشان ناوی بووە(سیروان) بە مامۆستای  بنەڕەتی دامەزراوە.

 لە ساڵی1975 به گۆڕینەوە خۆی نەقلی بەغدا کردووە،بە ئومێدی خوێندن لە زانکۆی(المستنصریة) موستەنسریە ، بەڵام لەگەل چوونی مامۆستا عەزیز بۆ بەغدا ئەو زانکویە چیتر مامۆستایانی  بۆ خوێندن وەرنەگرتووە!! لە قوتابخانەی (حاتم ئەلتائی) کە دەوامی ئێواران بووە، لە گەڕەکی قاهیرەی بەغدا سێ ساڵ وانەی وتۆتەوە. لە بەغدا ئەوەندە سوودەی بینیوە کە خولێکی شەش مانگەی زمانی ئینگلیزی تەواو کردووە، چەند مانگێکیش لە بەشە ئەدەبییەکەی ڕۆژنامەی هاوکاری کاری کردووە.

 لە ساڵی1978 گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر لە قوتابخانەی دجلە ی سەرەتایی دەستبەکابووە.

 لە ساڵی1980 لەگەل چەند مامۆستایەکی تر تاقیکردنەوەی دەرەکی بەکەلۆریای شەشەمی ئامادەیی ئەنجامداوەو بە نمرەی باش دەرچووە. لە زانکوی موسل لە بەشی زمانی فەڕەنسی وەرگیراوە،لە هەولێریش خۆی نەقلی قوتابخانەیەکی دەوامی ئێواران کردووە، ماوەی چوار ساڵ هەموو  ڕۆژ بەیانیان دەچووە موسڵ وەکو قوتابی دەوامی زانکۆی دەکردو ئێوارانیش کە دەگەڕایەوە لە هەولێر دەچووە قوتابخانەکەی و وانەی دەگوتەوە.

 ــ لە ساڵی1984 خوێندنی زانکۆی تەواوکرد و لە مامۆستای سەرەتایی کرا بە مامۆستای دواناوەندی و لەم قوتابخانانە دەوامی کردووەو وانەی ئینگلیزی دەگوتەوە:( ناوەندی هەولێری کچان، گەلاوێژی کچان، ڕزگاری کوڕان، ناوەندی ژین، ئامادەیی هەڵمەت )وەکو وانەبێژیش لەم قوتابخانانە ناوەندی و ئامادەییانە وانەی ئینگلیزی دەگوتەوە:( سەربەستی، ئازادی کچان، شۆڕشی کچان).

 ــ لە ساڵی1986 وەکو وانەبێژ لە کۆلێجی ئادابیش زانکۆی سەلاحەدین  بابەتەکانی عەروزو ڕەوانبێژی و ڕەخنەی ئەدەبی و ئەدەبی بەراورکاری دەگوتەوە.

وتاری نووسەران