پ . د .عەزیز گەردی

 ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

  بەشــی دووەم:( عەزیز گەردی و خوێندنی باڵا)

٭ مامۆستا عەزیز گەردی هەر لە دوای تەواوکردنی خانەی مامۆستایان ، زۆر حەزی لە تەواوکردنی خوێندن بوو، ئەو لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمانی فەڕەنسی لە زانکۆی موسڵ، لە هەشتاکان، یەکەمی سەر هەموو زانکۆکانی عیراق بوو. دەبوو لەسەر ئەرکی دەوڵەت بینێرن بۆ تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا، بەڵام چونکە کوردێکی دڵسۆزو پاک بوو، بەعسی نەبوو، پشتگیری ئەمنی نەبوو، نەیاننارد.

 لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری1991 دەرفەتێکی نوێ و سەردەمێکی نوێ هاتە پێش. مامۆستا عەزیز گەردی لە نووسینی کورتەی کاروانی ژیانی بۆ مامۆستای (پ . د. شوکریە ڕەسوڵ) ، نووسیویەتی و دەڵێ:" لە ساڵی1992پاش هەوڵ و تەقەڵلایەکی زۆر و پێداگرتنی هەندێ کاربەدەستی دۆست و نزیکم لە خوێندنی باڵا(ماجستێر)وەرگیرام ، لە ساڵی1994 تەواوم کرد. لە ساڵی1995 لە خوێندنی دکتۆراش وەرگیرام و لە1998- 5 - 13 بەرگریم لە نامەکەم کرد(1).

 پ.د.مەولود ئیبراهیم حەسەن، برادەری نزیکی عەزیز گەردی دەڵێ:" .. بە ماستەرو دکتۆراکەی مەسەلەی کێش و قافیەی شیعری کلاسیکی کوردی تەواو ساغ کردەوە، پاش ئەمە لە زانکۆی کۆیە لە بەشی ئینگلیزی وەرگیرا .. دکتۆرای دووەمی بە ئینگلیزی لەسەر (مەم و زین) نووسی، مامۆستا پیاوێکی زاناو لێهاتوو بوو، ئەگەر فرسەتی تەواوی بۆ ڕەخسابوایە لە هەموو ئەو زمانانەی کە دەیزانین دەیتوانی هەر دوو ساڵ جارێک دکتۆرایەک لە زمانێک وەربگرێت.

  مامۆستاعەزیز گەردی کە دەیخوێند بۆ بە دەستهێنای بڕوانامە نەیدەخوێند،ئەو توانای خوێندن و لێکۆڵینەوەی هەبوو،ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوەو نووسین و لێکوڵینەوە تەرخان کردبوو. ئەو بە ڕاستی سەرکردەی خوێندنەوەو نووسین و وەرگێڕان بوو(2) ".

 پ.د. وریا عومەر ئەمین لە نەوەدەکان ئەندام و سەرۆک لێژنەی گفتوگۆی نامەکانی ماجستێرو دکتۆراکەی عەزیز گەردی بووە،  لە بارەی ناوەرۆکی هەردوو نامەکەی و تواناو خزمەتەکانی مامۆستا عەزیز دەڵێ:" .. ناونیشانی ماجستێرەکەی کە لە ساڵی 1994 بەدەستی هێنا:(کێشی شیعری کلاسیکی کوردی و بەراورد کردنی لەگەل عەرووزی عەرەبی و کێشی شیعری فارسی ــ لێکۆلینەوەیەکی شیکاری بەراوردە) دکتۆراکەی (سەروا لە شیعری کوردیدا) 1998.

 ئەم نامانەی دوایێ وەک کتێب چاپکران ، شۆڕشێک بوون لە بواری کێش و سەروای کلاسیکی کوردی . ڕۆڵێکی باڵایان گێڕا لە پێشخستنی لێکۆڵینەوەی کێش و خستنەڕووی لایەنە شاراوەکانی . بوون بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ لێکۆڵەران. وەڵامی پرسیارە دژوارەکانیان دایەوە. هەر لە کاتی گفت و گۆی ماجستێرەکەی لە 1994 دا من ناسناوی(فەراهیدی کورد)م پێ بەخشی(3)".

 شیلان دەرگەڵەیی لە کاتی خۆی لە هەردوو قۆناغی ئامادەیی و زانکۆ قوتابی مامۆستا عەزیز گەردی بووە،  لەبارەی مامۆستا عەزیز دەڵێ:" .. مامۆستا عەزیز هی ئەوە بوو خوێندکار لەهەر ئاستێک بێت، بە ئاوات بخوازێت ئەو وانەی پێ بڵێتەوە، لە سادەیی و شێوازی گەرم و گوڕی و ڕاکێشانی خوێندکار بۆ وانەکە ، لە بەخشینی هەرچی هەیبوو بە خوێندکار ، هەرگیز دەستگیر نەبوو  لە هەرچی دەیزانی بە خوێندکاری دەگوتەوە ، ماندوبوون و گرژی و وشەی زبرو ڕووی تاڵمان لێی نەبینی . مامۆستا لەسەردەمی بەعس بووە قوربانی بیروباوەڕی خۆی ،چونکە نەبووە بەعسی، نەیانهێشت لە عیراق خوێندنی باڵا تەواو بکات، لەو لیستەش دەریانکرد کە بۆ خوێندن نێردرانە فەڕەنسا"(3)..

پەراوێزو سەرچاوە:

(1)گۆڤاری دیوان، ژمارە (24)ل 8.

(2)مەولود ئیبراهیم حەسەن،زانایەک لە ژیانێکی سادەییدا..گۆڤاری دیوان، ژمارە(24) ، ل 9

(3) وریا عمر امین، واری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک 2023-6-5.

(4) شیلان جەلال دەرگەڵەیی، عەزیز گەردی، عەزیزی بێگەرد..گۆڤاری دیوان ، ژمارە(24).ل 29.

وتاری نووسەران