لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 سامی ڕواندزی 1941-2017

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ لە جیاتی پێشەکی:

 شاری دێرینی ڕواندز خاوەنی مێژووێکی جوان و دەوڵەمەندە، چەندین کەسایەتی نیشتمانپەروەر، کۆمەڵایەتی، پەروەردەکار، ئەدیب و هونەرمەند.. لەم شارە هەڵکەوتوون و مێژووەکەیان جوانتر و دەوڵەمەندتر کردووە. یەک لەو کەسایەتییانە مامۆستا و شاعیر و هونەرمەند  سامی ڕواندزییە. مامۆستا و شاعیر یاسین برایم لەبارەی سامی ڕواندزی بەتایبەتی بۆی نووسیوم و دەڵێ: "مامۆستا سامی ڕواندزی، دەستەی دامەزرێنەری یەکەمین تیپی مۆسیقا بوو لە شاری ڕواندز (تیپی مۆسیقای نەقابەی مامۆستایان) لە ساڵانی 1971-1974. هەر بەم بۆنەیەوە لەلایەن فریاد ڕواندزی وەزیری ڕۆشنبیری عیراق ڕێزلێنانی بۆ کراوە. بەڵام بەداخەوە دوای مردنی!!

 یەکەم شاعیری ڕواندزی بووە شیعرەکانی کراون بە گۆرانی و خۆشی ئاوازی بۆ داناون..

 مامۆستا دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی لقی ڕواندز بووە لە ساڵی 1977، ڕۆڵی کارای لە کومەڵەدا هەبووە . هەروەها زۆر چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری ئەنجامداوە. بەدەر لە شیعر دەستی نووسینی هەبوو، بابەتی مێژوویی و بیرەوەری دەنووسی ..

 یەکەم شیعری لە گۆڤاری هەتاو بڵاوکردۆتەوە . هاوڕێی تێکۆشەران: (م. لەتیف نادر، م. یوسف دەرگەڵەیی، م. محەمەد مەنگوڕی، م. فەرهاد شاکر مەجروم و م. زرار محەمەد مستەفا) بوو".

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا سامی ڕواندزی:

 ــ ناوی تەواوی: سامی عەبدولقادر سلێمان ئەفەندی

 ــ لە ساڵی 1941 لە شاری ڕواندز لەدایکبووە.

 ــ  لە شاری ڕواندز خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1959 -1960) قۆناغی ناوەندی هەر لە شاری ڕواندز تەواوکردووە.

 ــ دواتر خانەی مامۆستایانی لە هەولێر تەواوکردووە.

 ــ لە 17-9-1962 لە ڕواندز بە مامۆستا دامەزراوە.

 ــ لە ساڵی 1984 وەکو مامۆستا گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (زانکۆ ــ مەلائەفەندی) لە شاری هەولێر.

 ــ لە ساڵی1991 لەسەر داوای خۆی خانەنشینکراوە.

 ٭ ڕۆڵ و چالاکی سیاسی:

 لەمبارەیەوە مامۆستا عەقیلە ڕواندزی خوشکی، بۆی نووسیوم و دەڵێ:" لە ساڵی 1959دا وەک ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان کاری کردووە. لە چەندین بۆنە و ئاهەنگدا دەستی باڵای لە دانانی ئاواز و سروودی نیشتمانیدا هەبووە. لە ڕێکەوتی 9/6/1963 دا لەلایەن میری فاشستی بەغدا دەستگیرکراوە  لەبەر ئەوەی سروودی نیشتمانی مارشی کوردستان (ئەی ڕەقیب)ی بە قوتابيیان گوتبۆوە. ماوەیەک زیندانیکرا و ماوەیەکیش لە کارەکەی دوورخرایەوە. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ مامۆستایی لە گوندێکی دووری دەوروبەری هەولێر (کوشاف) دامەزرایەوە. هەتا کۆچی دواییشی کرد هەروەک کوردپەروەرێک لەسەر بیروباوەڕی خۆی مایەوە".

 ٭ مامۆستا سامی شاعیر

 هەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی بە هۆنینەوەی هەڵبەست کردووە، سروشتی جوانی ڕواندز ئیلهامی شیعر دانانی پێبەخشیوە. نووسین و بەرهەمەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکردەوە. هەروەها گرنگی بە جیهانی منداڵان داوە و چەندین بەرهەمی پێشکەش بە منداڵان کردووە، کە زۆریان شیعری فێرکاری و پەروەردەیین، لەو جۆرە هۆنراوانەی لە گۆڤاری هەنگ و چەند گۆڤارێکی دی تایبەت بە ئەدەبی منداڵان بڵاوکردۆتەوه. چەندین خەڵاتی ڕێزلێنان و دەستخۆشی پێشکەشکراوە.

 مامۆستا و ئەدیبی نەمر کەریم شارەزا لە ساڵی 2002 پێشەکی بۆ دیوانی (گۆرانی شەوگار)ی سامی ڕواندزی نووسیوە و تیایدا دەڵێ: "کاک سامی ڕواندزی شاعیرێکی واقیع بینە و هۆنراوەکانی لە ڕووی ڕوخسار و ناوەرۆکەوە ڕیالیستین و کێشی عەرووزی و کێشی خۆماڵی کوردی بەکارهێناوە.. ئەگەر لە هۆنراوەکانی شاعیردا بە دوای وێنەی شیعری و هونەری ڕەوانبێژیدا بگەڕێین گەلێک وێنەی جۆراوجۆرمان دەکەوێتە بەرچاو و هەست"..

 ٭باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا سامی ڕواندزی لە ساڵی1965 ژیانی خێزانی لەگەل خاتوو زولەیخا شەوکەت ئەحمەد بەگ پێکهێناوە. پێنج کوڕ و کچیان بووە:

1- شیرین، ئامادەیی بازرگانی تەواوکردووە.

2- زاهید، پەیمانگای تەکنۆلۆجیای تەواوکردووە.

3- فەرهاد، بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە. دوایی لە دەرەوە دوو  بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە.

4- نارین، پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردووە.

5- هەڵبەست، دبلۆمی لە زانستی کۆمپیوتەر بەدەستهێناوە.

  مامۆستا سامی ڕواندزی لە ڕێکەوتی 8-6-2017 کۆچی دوایی کرد. یادی بەخێر و هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.

 ٭ سەرچاوەکان:

1- وەڵامەکانی مامۆستا عەقیلە ڕواندزی بۆ پرسیارەکانم.

2- دیوانی سامی ڕواندزی،2024 .

3- مامۆستا یاسین برایم.

وتاری نووسەران