
فەتاح مەحمود ڕواندزی
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ لە جیاتی پێشەکی:
مامۆستا فەتاح بۆ ماوەی 43 ساڵ بەبێ وچان خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە و ئەرکەکانی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێکردووە، تەنیا مەبەستیشی پێگەیاندن و پەروەردە و بەرژەوەندی گشتی بووە. لە پاداشی دڵسۆزی لە بواری پەروەردەدا (23) ڕێز و سوپاس (شکر و تقدیر)ی لە لایەن بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سۆران پێشکەشکراوە.
ئەمە و جگە لەوەی مامۆستا فەتاح هەر لە تەمەنی لاوییەوە کە قوتابی بووە لە خانەی مامۆستایاندا، چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابيیانی کوردستان و دواتر ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەو سەردەمەی کوردایەتی و پارتایەتیدا، چێژ و بەهای تایبەتی خۆی هەبوو، تەنیا لەپێناوی خزمەتکردنی نەتەوە و نیشتمان بوو، کوردایەتی و خەباتی نیشتمانی جێگای ڕێز و تەقدیر بوو. بەگشتی ئەو مامۆستایانەی لە ڕیزی حزبە نیشتمانپەروەرەکاندا خەباتیان دەکرد، دەبوو لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە پەروەردەییەکانیشیاندا دڵسۆز بن، جگە لە جێبەجێکردنی ئەرکی پەروەردە و فێرکردن، قوتابیان بە هەستی نیشتمانپەروەری و خزمەتکردنی میللەت و ژینگەدۆستی پەروەردەبکەن.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا فەتاح:
ــ ناوی تەواوی: فەتاح مەحمود ئەحمەد فەتاح
ــ لە 5-1-1945 لە شاری ڕواندز لە دایکبووە.
ــ لە ساڵی 1951 لە پۆلی یەکەمی قوتابخانەی ڕواندزی سەرەتایی کوڕان پاشای گەورە)ی ئێستا دەستی بە خوێندن کردووە و لە ساڵی 1958 لە هەمان قوتابخانەدا پۆلی شەشەمی تەواوکردووە. مامۆستا ئەنوەر عەلی عەبدولڕەزاق بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بوو.
ــ لە ساڵانی (1959، 1960، 1961) قۆناغی ناوەندی تەواوکردووە. مامۆستا جەلال سەعید خەیلانی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی بووە.
ــ لە ساڵی1962 لە خانەی مامۆستایانی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی 1964 تەواوی کردووە. لەو ماوەیەدا مامۆستا مستەفا حەسەن شەعبان بەڕێوەبەری خانەی مامۆستایانی هەولێر بوو.
ــ لە ڕێکەوتی 1-11-1964 بەپێی فەرمانی وزاری ژمارە 7633 بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە و یەکەم دەستبەکاربوونیشی وەکو مامۆستا لە قوتابخانەی خرواتانی سەرەتایی کوڕان بوو لە ناحیەی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوە لە ڕێکەوتی 14-11-1964.
٭ مامۆستا فەتاح ماوەی سێ ساڵ لە قوتابخانەی گوندی خرواتانی ناحیەی هەریر بە ئەرکی پەروەردە و فێرکردن هەڵساوە (14-11-1964 تاکو 29-2-1966) ئینجا گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی دێلیزیانی سەرەتایی کوڕان و لە 25-3-1968 لەم شوێنە نوێیە کە سەر بە ناحیەی دیانا بوو لە قەزای ڕواندز (ئێستا سەر بە قەزای سۆرانە) دەستبەکار بووە. مامۆستا تاکو 20-9-1970 وەکو مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانەی دێلیزیان خزمەتی کردووە.
ــ لە 8-12-1970 وەکو مامۆستا بۆ قوتابخانەی زۆزکی سەرەتایی لەناو شاری ڕواندز گوازراوەتەوە.
ــ لە 3-1-1971 بۆ قوتابخانەی پاشای گەورەی کوڕان گوازراوەتەوە.
ــ لە 13-3-1974 ئاوارەی ئێران بوون. لە قوتابخانەیەکی منداڵە ئاوارەکان لە شنۆ وەکو مامۆستای شۆڕش دەستبەکار بووە.
ــ لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە 17-4-1975 گەڕاوەتەوە بۆ ڕواندز و لە23 -4-1975 وەکو مامۆستا لە قوتابخانەی پاشای گەورە دەستبەکار بۆتەوە.
ــ لە 13-7-1994 کراوە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی پاشای گەورە.
ــ لە 7-5-1995 بەپێی فەرمانی کارگێڕی ژمارە 2860 کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی پاشای گەورە.
ــ لە 27-5-1995 بەپێی فەرمانی کارگێڕی ژمارە 3314 کراوە بە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و لە 11-6-1995 وەکو سەرپەرشتیار دەستبەکار بووە.
ــ بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی جیاوازی و بەپێی فەرمانی کارگێڕی ژمارە 1314 لە 22-1-1997 لە سەرپەرشتیاری لادراوە و کراوە بە مامۆستای وەرزش لە قوتابخانەی دواناوەندی.
ــ لە 5-10-2004 دووبارە وەکو مامۆستا گەڕاوەتەوە بۆ قوتابخانەی پاشای گەورە.
ــ لە 27-8-2006 بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە 12629 دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ سەر کاری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و لە 10-9-2006 وەکو سەرپەرشتیاری پەروەردەیی کارگێڕی دەستبەکار بووە.
ــ لە 28-9-2008 بە گوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکراوە.
٭ هەڵوێستی سیاسی و نیشتمانپەروەری:
لەوکاتەی قوتابی خانەی مامۆستایان بووە لە هەولێر پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیيانی کوردستان کردووە.
ــ لە سەرەتای حەفتاکان بۆتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ــ لە ساڵی (1974-1975) وەکو مامۆستای شۆڕش خزمەتی کردووە.
ــ مامۆستا ساڵانێکی زۆرە پەیوەندی لەگەل پارتی و حزبایەتی نەماوە و بێلایەنە و وەکو کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری پاک و دڵسۆز و کۆمەڵایەتی لە ڕواندز ناسراوە. دەڵێ شیوعییەکانم خۆشدەوێن چونکە مرۆڤی خۆڕاگرن. هەروا دەڵێ لە سەرەتای حەفتاکاندا لەگەڵ مامۆستا فەتاح تۆفیق (هاوڕێ مەلا حەسەن) مامۆستا بووم لە یەک قوتابخانە، زۆر جدی و دڵسۆز بوو، زۆر شتی لێ فێربووم.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا لە ساڵی 1980 ژیانی خێزانی لەگەل مامۆستا ڕۆشان عەبدولڕەحمان پێکهێناوە، پێنج منداڵیان بووە:
1- زیلان، 1983، مامۆستایە.
2- ژیان، 1984، مامۆستایە.
3- کارزان،1991، کۆلێژی یاسا و ڕامیاری تەواوکردووە.
4- ڕۆشنا،1995، پارێزەرە.
5- کاروان،1987، بەداخەوە لە تەمەنی18 ساڵی جوانەمەرگ بووە، یادی بەخێر.
هیوای تەمەندرێژی بۆ مامۆستا فەتاح و مامۆستا (ڕۆشان)ی هاوژینی و هەرچوار منداڵە بەڕێزەکانیان دەخوازین.
سەرچاوە: دیدار لەگەل مامۆستا فەتاح لە ماڵەوەیان لە ڕواندز ڕۆژی 18-7-2024 بە ئامادەبوونی هەردوو هاوڕێ ڕزگار و ئومێد.
٭زۆر سوپاس لۆ مامۆستا یاسین برایمی ڕواندزێ کە وێنەکەی بۆ ناردم.