پ . د. عەزیز گەردی

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی سێیەم و کۆتایی

چالاکی ڕۆشنبیری و بەرهەمەکانی

 ٭  ماوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە ناوو ناوبانگی عەزیز گەردی وەکو نووسەرو وەرگێڕێکی بە توانای کورد  بە کوردستان بڵاوبۆتەوە.

 ٭ دەوڵەمەندترین سەرچاوە کە دەربارەی ژیان و چالاکی ڕۆشنبیری عەزیز گەردی بڵاوکرابێتەوە؛ ئەو کتێبە بوو کە ساڵی پار کاک حەمید بەدرخان بۆ چلەی مەرگی عەزیز گەردی ئامادەی کردو بە ناوی(عەزیز گەردی پاشای زمان و وەرگێڕان) لە چوارچیوەی بڵاوکراوەکانی (ئەکادیمیای بەدرخان...) بڵاوکرایەوە.. چەندین مامۆستاو نووسەری بەڕێزو بە توانا لەم کتێبەدا نووسین و وتارو لێکۆڵینەوەیان لەسەر عەزیز گەردی بڵاوکردۆتەوە.

 ٭ یەکەم بەرهەمی عەزیز گەردی لە۱٤-۳-۱۹۷۰ لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکراوەتەوە.

 ٭ یەکەمین کتێبی لە ساڵی۱۹۷۲ چاپکردووە کە بەرگی یەکەمی ڕەوانبێژییەکەیەتی.

٭ عەزیز گەردی مامۆستای سەرەتایی بوو کە  کتێبی (ڕەوانبێژی)  لە بەشی کوردی زانکۆ وەکو پرۆگرام دەخوێنرا.

 ٭ عەزیز گەردی بەردەوام خەریکی خوێندنەوەو نووسین و وەگێڕان بوو.. وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتووش زۆر خۆی لەگەل خوێندکارەکانی ماندوو دەکرد، ئەوەندە پڕ لە زانیاری بوو لە زمانەوانی و ئەدەبیات و وەرگێڕان  لە دەرەوەی پۆل یان هۆڵی وانەوتنەوەش قوتابیان لە دەوری کۆدەبوونەوە پرسیاریان لێی دەکرد ، گوێیان لە ڕوونکردنەوەو وەڵام و  سەرنجەکانی دەگرت ..

 ٭ عەزیز گەردی خاوەنی دەوروبەری 160 کتێبە لە دانان و وەرگێڕاندا. لە کتێبی (ئینسایکڵۆپیدیای نووسەرانی هەولێر)، کاک عەبدولرەحمان مەعروف(10) دە لاپەڕەی بۆ لیستی ناونیشانی کتێبەکانی عەزیز گەردی تەرخانکردووە.

 ئێمە لێرەدا ئاماژە بە ناوی بەشێک لە کتێبە گرنگەکانی دەکەین:( ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا ــ سێ بەرگە ، ئەدەب و ڕەخنە، ئەدەبی بەراوردکاری، داغستانی من ــ دوو بەرگە، ژیانی ئافرەتی کورد، ئەدەبی بێگانان، چیڕۆکی بەرئاگردان، سەروا لێکۆلینەوەیەکی شکاری بەراوردە لە شیعری کوردیدا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی، ئەفسانەی لادێنشینانی کورد، هەندێ بەستەی کوردی، فەرهەنگی مەم و زینی خانی)...هتد بەدەیان کتێبی دەوڵەمەندی دیکە کە لە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی کردوونی بە کوردی..

 یەک لە تایبەتمەندیەکانی مامۆستا عەزیز گەردی ئەوەبوو کە هەموو جۆر ڕێزلێنان و خەڵاتێکی ڕەتدەکردەوە لە بەرانبەر چالاکی ڕۆشنبیری و نووسینەکانی.. ئەو دەیگوت من بۆ میللەتەکەم دەنووسم نەک لە پێناوی ڕێزلێنانی دام و دەزگاو بەرپرسان..

 ٭ عەزیز گەردی لە ساڵی1970 بۆتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد.

٭ لە ساڵی1976 بۆتە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عیراق.

٭ لە ساڵی1984 ئەندامی کۆمەڵەی وەرگێڕان بووە.

٭ لە زانکۆی سەلاحەدین مامۆستا بوو و سەرپەرشتی چەندین نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرای کردووە.

٭ پلەی زاستی پرۆفیسۆر بوو، بەڵام هەرپێی خۆش بوو بە مامۆستا بانگ بکرێت، بە مانای وشە مامۆستا بوو.

٭ مامۆستا عەزیز گەردی بە جەستە مردو ماڵئاوایی لە خۆشەویستانی کرد، بەڵام بە بەرهەمەکانی بە مێژووی دەوڵەمەندو جوانی، بە هەڵوێستە نەگۆڕەکانی .. بە نەمری دەمێنێتەوە، ناوو مێژووێکی پڕشنگدارە لە بزاڤی کلتووری گەلەکەماندا.

وتاری نووسەران