لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مامۆستا جەوهەر تاهیر(1994-1949)

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 

 ٭ لە بری پێشەکی:

   مامۆستا جەوهەر تاهیر لە ساڵی1992 یەکێک بوو لە بەشداربووە چالاکەکانی یەکێتی دیموکراتی مامۆستایانی کوردستان لە شاری هەولێر . لە یەکەم کۆنگرەی ڕێکخراوەکەدا کە لە چواردەو پازدەی تەمموزی1992 لە شاری سلێمانی گرێدرا بەشدار بوو، بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردرا..بەر لەم کۆنگرەیەش  وەکو لیستی پیشەیی لە یەکەم هەڵبژاردنی مامۆستایانی کوردستاندا  بەشدار بووین و ڕێژەی نزیکەی (٪11) دەنگی مامۆستایانی هەرێمی کوردستانمان بەدەستهێنا ، لە نۆیەمین کۆنگرەی گشتی یەکگرتووی مامۆستایانی کوردستاندا مامۆستا جەوهەرو ئەز بۆ مەکتەبی سکرتاریەتی (ی.م.ک) هەڵبژێردراین.

 مامۆستا جەوهەر بۆ بەڕێوەبەری کارگێڕیی مەکتەبی سکرتاریەت پەسندکرا. هەردەم بە ڕێزو سنگێکی فراوان و دڵسۆزانە پێشوازی لە میوانان و مامۆستایان دەکردو گوێی لە داخوازییەکانیان دەگرت بە بێ جیاوازی. ژوورەکەی ژووری هەموان بوو ،هەموو لا  لای ئەو کۆدەبوونەوە، لای ئەو یەکیان دەگرتەوە. هەوڵی دڵسۆزانەی بۆ پاراستنی تەبایی و برایەتی و بەتینکردنی ڕیزەکانی (ی.م.ک) بەردەوام بوو. بۆیە بە کۆچی دوایی ناوەخت و کارەسات ئامێزی هەموو لا نیگەران بوون، کەلێنێک لە مەکتەبی سکرتاریەت دروست بوو بە کەس پڕنەکرایەوە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا جەوهەر:

ــ ناوی تەواوی: جەوهەر تاهیر بەکر .

ــ لە ساڵی1949 لە شاری هەولێر لەدایک بووە.

ــ بەهۆی وەزیفەی باوکی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە ڕواندز تەواوکردووە.

ــ قۆناغی ئامادەیی لە شاری هەولێر خوێندووە.

ــ دەرچووی بەشی کوردی کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی بەغدایە. بەڵام لە ژیانی مامۆستایی کە نزیکەی 20 ساڵ دەبێت بە زۆری وانەی بیرکاری دەوتەوە، چونکە لە بیرکاری زیرەک بوو.

ــ یەکەم دامەزراندنی بە مامۆستا ساڵی1972 لە گوندی گردعازەبان بوو لە پارێزگای هەولێر.

ــ گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی جمهوری لە ناو شاری هەولێر لە دوای ڕاپەڕینی 1991 کراوە بە بەڕێوەبەری ئامادەیی وەستا ڕەجەب لە هەولێر.

ــ لە ساڵی1993 لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە کرایە بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان.

 ٭ لە بارەی خەباتی سیاسی و پیشەیی مامۆستا جەوهەر:

 ــ هەر لە سەرەتای لاویدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عیراق کردووە. ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی ئەم حزبە بوو. هەموو توانای خۆی بۆ خزمەتکردنی بواری پەروەردەو بەرەوپێش بردنی حیزبەکەی تەرخان دەکرد. لە ساڵانی دوورو درێژی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حیزبی  بەعس خۆڕاگرانە لەسەر بیروباوەڕی خۆی  بەردەوام بوو. درێژەی بە خەباتی خۆی دەدا تاکو ڕاپەڕینی بەهاری1991 .

 بەهۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی لە کۆنفرانسی ڕێکخراوەکانی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی کوردستان لە ساڵی1993 بە ئەندامی کۆمیتەی پارێزگای هەولێر هەڵبژێردرا.

٭ مامۆستا جەوهەر لە بواری کاری پیشەیی مامۆستایاندا لە دوای ڕاپەڕین تاکو کۆچی دوایی ڕۆڵی کارای بینیوە.

ــ لە ڕیزی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و یەکێتی مامۆستایانی کوردستاندا کادیرێکی دڵسۆزو لێهاتوو بوو.

 مامۆستا جەوهەر وەکو بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە بێ حەسانەوە لە هەوڵدانی دڵسۆزانەدابوو بۆ دابینکردنی کتێبی قوتابخانەکان و دابەشکردنیان بەسەر پارێزگاکانداو چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی پەروەردە. هەر لەم ڕێگایەشدا  لە ڕێگای نێوان پارێزگای هەولێرو پارێزگای دهۆک لە ڕۆژی1994-11-24  بە کارەساتی ئۆتۆمۆبیل گیانی لە دەستداو بوو بە شەهیدی وەزارەتی پەروەردە.

  ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 ــ مامۆستا جەوهەر لە ساڵی1976 ژیانی خێزانی لەگەل مامۆستا شرین عەبدولقادر ئەمین پێکهێناوە. بەرهەمیان چوار کوڕو کچی بەڕێزو زیرەک بوو:

1-کارزان 1978، بەکالۆریۆس لە یاسا، پارێزەری ڕاوێژکار.

2- ژوان 1981 دبلۆم لە کارگێڕی و یاسا.

3- شڤان 1982بەکالۆریۆس لە کیمیا، ماستەر لە کیمیا، ئێستاش خوێندکاری دکتۆرایە.

4- ئالان ، بەکالۆریۆس لە کارگێڕی و ئابووری.

 یادی مامۆستا جەوهەر تاهیر  بەخێر، هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.

 سەرچاوە:

ــ ئەرشیفی تایبەتیم.

ــ وەڵامدانەوەی بەڕێز کارزان جەوهەر بۆ پرسیارەکانم.

وتاری نووسەران