
ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
لە بری پێشەکی:
لە پایزی 1991، هێشتا هێزەکانی ڕژێمی بەعس لە هەولێر مابوون، چەند مامۆستایەکی دڵسۆزی شیوعی و نیشتمانپەروەر ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و لیستی پیشەییان دامەزراندەوە. ئەو ڕێکخراو و لیستەی مێژووەکەی بۆ ساڵی1959 دەگەڕێتەوە..
لە پارێزگای دهۆکیش مامۆستایانی تێکۆشەری شیوعی و دۆست و لایەنگرەکانیان،وەکو تێکۆشەران:( سەعید مستەفا ئامێدی، ابو نضال، ابو فلمیر، هورمز خامید،کەمال ناسر،خالید ئامێدی، فارس عنکاوی) ..هتد هاتنە مەیدان و لیستی پیشەیی مامۆستایانیان دروستکرد و کەوتنە جموجۆڵ و لە هەڵبژاردنی گشتی مامۆستایان لە نیسانی ساڵی 1992 بەشداربوون . هەروەها لە 14ی تەمموزی هەمان ساڵدا لە یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی دیموکراتی مامۆستایانی کوردستاندا بەشداربوون کە لە شاری سلێمانی گرێدرا.
هەر لەوکاتدا مامۆستا فارس عنکاوەی وەکو نوێنەری دهۆک بە شەلینە جوانەکەی لە مەیدان بوو، تاکو توانای چوونەدەرەوەو کارکردنی هەبوو، لە کۆنگرە و هەموو کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان و چالاکییەکانی حزبی شیوعی و ڕێکخراوی کلدوئاشور لە دهۆک بەشداربوو ڕۆڵی خۆی بینیوە. بە داخەوە ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی باری تەندروستی لە کارو چالاکی و هاوڕێیانی دوورکەوتۆتەوە. ئێمه لە کاتێکدا هیوای چاکبوونەوەوتەمەندرێژی بۆ دەخوازین، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین ژیاننامەی ئەم مامۆستا تێکۆشەرەی کوردستانیش بڵاوبکەینەوەو بەردەوامیش دەبین.
ناوی تەواوی: بویا مرقس بهنام مرقوس ناسراو بە (فارس عنکاوی)
ناوی دایکی: میە سلیوە حنا.
بویا مرقس لە ساڵی 1955 لە شاری عنکاوا لە دایکبووە. عنکاوا ئەوکات ناحیە بوو سەر بە قەزای ناوەندی هەولێر بوو، تایبەتمەندی خۆی هەبوو، شارۆچکەیەکی جوانی کریستیان نشین بوو، ئێستا گەورە بووە کراوەتە قەزا،بەڵام بەداخەوە خەریکە تایبەتمەندییەکەی نامینێ و بە بینا و باڵەخانە و قەرەباڵغییەکی زۆر دەورەدراوە و ئەگەر بڵێین عنکاوا لە کریستیانە ڕەسەنەکان داگیرکراوە بە هەڵەدا ناچین!! بەداخەوە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی بە تایبەتی گەنجەکانیان بۆ ئەوروپا، کەنەدا و ئوستوڕالیا کۆچیان کردووە!!
بویا مرقس لە ساڵی خوێندنی(1961-1962) لە قوتابخانەی حکمە لە عنکاوا چۆتە بەرخوێندن، لە ساڵی خوێندنی (1966-1967) خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی حدیاب تەواوکردووە. لە ماوەی نێوان ساڵانی (1967-1970) قۆناغی ناوەندی لە قوتابخانەی ناوەندی عنکاوا خوێندووە. لە ئامادەیی پیشەسازی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی(1974-1975) تەواوی کردووە.
خەباتی لە بواری پەروەردەو فێرکردندا
مامۆستا بویا مرقس بەهنام (م.فارس)لە ڕێکەوتی 1-9-1979 بۆ یەکەمجار لە ئامادەیی پیشەسازی دهۆک بە مامۆستای میکانیک دامەزراوە. لە مانگی کانوونی دووەمی 1987 بۆ ئامادەیی پیشەسازی هەولێر گوازراوەتەوە،تاکو ئەیلولی ئەو ساڵە لە هەولێر بووە، گوازراوەتەوە بۆ ئامادەیی پیشەسازی دهۆک. بەهۆی دڵسۆزی کارامەیی لە پسپۆڕییەکەی کراوەتە سەرۆک بەشی کانزا . هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2019.
٭ خەباتی پیشەیی وسیاسی:
مامۆستا فارس لەوکاتەی قوتابی بووە لە ئامادەیی پیشەسازی هەولێر پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیان هەبوو. لە 14-4-1975 بۆتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق، مامۆستا فارس دەڵێ:" لە ناوەڕاستی حەفتاکان لەگەڵ هاوڕێیان ئەدیب حەننا، حەبیب عزو، جەوهەر ئەلیاس.. لە یەکێتی گشتی قوتابیان کارمان دەکرد، هەروەها لە چالاکییەکانی یەکێتی لاوانیش(الشبیبە)بەشدار دەبووم" .لە ساڵی 1979 بەهۆی هێرشی ڕژێم بۆسەر حزبی شیوعی عێراق پەیوەندی پچڕاوە.
مامۆستا فارس ڕاشکاوانە دەڵێ:" کە لە ساڵی 1987 لە عنکاوا دەژیام منیان گرت بۆ (جەیشی شەعبی) ڕەوانەی فائدە و نهروان کرام، ماوەی دەوروبەری 15 تا 20 ڕۆژ مامەوە برایەکەم هەوڵی بۆدام بەهۆی تەندروستی(شەلینم) ڕزگارم بوو لە جەیشی شەعبی".
مامۆستا فارس لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی لە دهۆک دروستکردووە، هەروەها لەگەڵ چەند مامۆستایەکی تێکوشەر وەکو:( ابو فلمێر، خالد ئامێدی، سەعید مستەفا، کەمال ناسر و ابو فیدل).. لێژنەی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانیان پێکهێناوە، لە هەمان کاتدا لێژنەی محەلی دهۆکی حزبی شیوعی دامەزراوە مامۆستا فارس پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبووە. کە ڕێکخراوی کلدوئاشور دامەزراوە هاوڕێ فارس عنکاوەیی ئەندامی لێژنەکە بووە. لە کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە هەولێر، شەقڵاوە و سلێمانی بەشداربووە. ساڵانێک بەرپرسی لقی دهۆکی ڕێکخراوەکە بوو.هەروەها وەکو نوێنەری لیستی پیشەیی ئەندامی لقی دهۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بوو.
مامۆستا فارس ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری ئاشووری بوو لە ساڵانی 1992 و 1993 ، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (نجم بین النهرین) بوو. کە سەنتەری ڕۆشنبیری کلدانی لە دهۆک دامەزرا مامۆستا فارس بۆتە ئەندامی ئەم سەنتەرە. لە هەڵبژاردنی خولێکی پەرلەمانی کوردستاندا پاڵێوراوی لیستی ئازادی حزبی شیوعی بوو لە پارێزگای دهۆک.
مامۆستا فارس تاکو نەخۆشی نەیخست لە ماڵەوە، لە کاروانی خەباتی پیشەیی مامۆستایان بەردەوام بوو، هەر بەهۆی دڵسۆزی و چالاکی لە ساڵی 2023 لە لایەن لێژنەی باڵای ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان ڕێزلێنانی پێشکەشکرا.
باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا فارس لە ڕێکەوتی 5-2-1987 ژیانی هاوسەری لەگەڵ مامۆستا جەلیلە تۆما عۆدیش پێکهێناوە،بەرهەمی هاوسەرگیریان:
1- د.ڕێدوان، 1991
2-ڕێجوان، ئەندازیاری کشتوکاڵ
هیوای تەمەندرێژی بە تەندروستی باش بۆ مامۆستا فارس و مامۆستا جەلیلەو کوڕو کچە بەڕێزەکانیان دەخوازین.
سەرچاوە:
1- ناسینی خۆم بۆ مامۆستا فارس لە چوارچیوەی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان هەرلە ساڵی1992 تاکو ئێستا.
2- دیدار لەگەڵ مامۆستا فارس، دهۆک 19-11-2025
3- وەڵامی م.فارس بۆ پرسیارەکانم لە ڕێگای مسنجر.
دووەم وێنە: مامۆستا فارس لەگەڵ ئەندامانی لێژنەی باڵای ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان زیاتر لە 20 ساڵ پێش ئێستا.