بە‌ ڕوونی

كاوە‌ مە‌حموود

لە‌ پە‌راوێزی هە‌وڵە‌كانی دە‌سە‌ڵاتدارانی عێڕاق بۆ نەهێشتنی قانونی باری كە‌سێتی ژمارە‌ 188ی ساڵی 1959

بە‌شی چوارە‌م

مە‌ترسییە‌كانی نە‌بوونی یاسایە‌كی یەك‌گرتووی باری كە‌سێتی

   ئە‌وە‌ی ئە‌مڕۆ لە‌لایە‌ن بە‌شێكی بە‌رچاوی دامە‌زراوە‌ ئایینییە‌ جۆراجۆرە‌كان بە‌دیدە‌كرێت، ئە‌وە‌یە‌ بە‌ شێوە‌یە‌كی ڕەها لە‌گە‌ڵ بۆچوونە‌كانی ئە‌بو حنیفە‌ و شافعی ومالك و جعفر السادق و ابن تیمیە‌ مامە‌ڵە ‌دە‌كە‌ن ‌و، پیرۆزی بە‌ بۆچوونە‌كانیان دە‌بە‌خشن، لە‌ كاتێكدا وتە ‌‌و بۆچوونە‌كانیان لێكدانە‌وە‌ی دە‌قی پیرۆزی پێشتر بووە‌، كە‌ لە‌ قورئان ‌و فە‌رموودە‌كاندایە‌. بە‌م جۆرە‌ دە‌قی پیرۆزی پێشتر دە‌قی پیرۆزی دواتری خۆی بە‌رهە‌مدەهێنێت. لەهە‌لومە‌رجی ئە‌مڕۆشدا ئە‌و دە‌زگایانە‌ی فە‌توا لە‌سە‌ر مە‌سە‌لە‌ شە‌رعییە‌كان دە‌دە‌ن ‌و، بۆچوونە‌كانی خۆیان وە‌ك ڕاستی ڕەها دە‌خە‌نە‌ ڕوو و، جلوبە‌رگی پیرۆزی لە‌بە‌ر فە‌تواكانیان دە‌كە‌ن ‌و، وە‌ك دە‌سە‌ڵاتێكی خاوە‌ن فشار مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ لایە‌نگرانیان دە‌كە‌ن، لە‌ كاتێكدا فە‌توا ڕایە‌كی تاكە‌ كە‌سە ‌‌و ئە‌گە‌ری هە‌ڵە‌ یان ڕاستی تێدایە‌. ئە‌م عە‌قلیە‌تی ڕەهابوونە‌ توێژینە‌وە‌كانی بواری ئیسلامناسی گرتۆتە‌وە‌، بە‌تایبە‌تی ئە‌و توێژینە‌وانە‌ی پە‌یوە‌ندییان بە‌ مە‌سە‌لە‌كانی مافی ژن ‌و باری كە‌سێتیییە‌وە‌ هە‌یە‌، كە‌ بە‌ عە‌قلیە‌تی سە‌لە‌فییانە‌ ئە‌نجام دە‌درێت ‌و، دوور لە‌ میتۆدی ڕە‌خنە‌گرتن ‌و ڕەچاوكردنی واقیعی گۆڕاو ‌و زە‌مە‌نی گۆڕاو، تێكرای مە‌سە‌لە‌ نە‌ریتییە‌كان ‌و چە‌مكە‌ كۆنە‌كان بە‌رهە‌مدەهێنرێتە‌وە‌.

  ئە‌م گرفتانە‌ بارگرژیيە‌كی ڕوون بۆ بواری یاسادانان دە‌خوڵقێنێت، چونكە‌ بنە‌مای یاسا لە‌ دە‌وڵە‌تی یاسا‌و مافی مرۆڤ ‌و دامە‌زراوە‌ دە‌ستوورییە‌كان، دە‌بێ مۆركی گشتی ‌و موجە‌ردی هه‌بێت، بە‌ پێچە‌وانە‌ی بواری پە‌یرە‌وە‌كانی بواری فقە‌، كە‌ بە‌ شێوازی جۆراوجۆر لێكدە‌درێتە‌وە‌.

   دە‌توانین بڵێین خودی دە‌ستووری عێراق بە‌ ماددە‌ی دوو ‌و ماددە‌ی چل و یە‌كە‌وە‌ زە‌مینە‌ی پێشێلكردنی پرنسیپی بە‌ دە‌ستووریبوونی یاساكانی لە‌ خۆگرتوە ‌‌و، چارە‌كردنی ئە‌م حاڵە‌تە‌ بە‌ هە‌مواركردنی هە‌ردوو ماددە‌كە‌ دە‌بێت، كە‌ بە‌ ئاشكرا ئایین لە‌ كاروباری بەڕێوبردنی دە‌وڵە‌ت ‌و یاساداناندا سە‌رچاوە‌یە‌كی سە‌رە‌كی دە‌ستوور نە‌بێت ‌و، یاسای باری كە‌سێتیش لە‌سە‌ر بنە‌مای هاووڵاتیبوون دوور لە‌ بنە‌مای ئایینی ‌و تایفە‌گە‌ری ‌و مە‌زهە‌بی بڕیاربدرێت.

  كاتێك ئە‌نجوومە‌نی حوكم لە‌ عێراقدا بڕیاری 137ی دە‌ركرد ‌و، لە‌ پاشانیشدا دە‌ستووری عێراقی فیدراڵ ماددە‌ی 41 لە‌ خۆگرت، ئە‌و مە‌سە‌لانە‌ی پە‌یوە‌ندییان بە‌و دوو بابە‌تە‌وە‌ هە‌بوو، تە‌نیا لە‌ سنووری بواری باری كە‌سێتیدا نییە‌، بە‌ڵكو ناوە‌رۆكی ئە‌و دوو بابە‌تە‌، لە‌ چوارچێوە‌ی ئە‌و پرۆژە‌ جیاوازانە‌ی، كە‌ لایە‌نە‌ سیاسییە‌كان بۆ ئایندە‌ دە‌یخە‌نە‌ ڕوو، پە‌یوە‌ندییان بە‌و پرسیارانە‌وە‌ هە‌یە‌، كە‌ دە‌ربارە‌ی دوارۆژی عێڕاق وە‌ك دە‌وڵە‌ت ‌و سیستمی سیاسی، دێنە‌ پێشە‌وە‌.

    هە‌ر بۆیە‌ دە‌بینین ئە‌و دوو بابە‌تە‌ لە‌لایە‌ن مە‌رجە‌عیە‌تە‌ ئایینییە‌كان ‌و حزب ‌و لایە‌ن ‌و كە‌سێتییە‌ سیاسییە‌كان ‌و ڕۆشنبیران ‌و ڕێكخراوە‌كانی كۆمە‌ڵگە‌ی مە‌دە‌نی گفتوگۆ ‌و ململانێی لە‌سە‌ر كرا.

   گە‌ڕانە‌وە‌ی هە‌ر پێكهاتە‌یە‌ك بۆ (فقە‌) مە‌زهە‌بی ‌و تایفی خۆی هە‌روە‌ك لە‌ ماددە‌ی 41ی دە‌ستووردا ئاماژە‌ی بۆ كراوە‌، كارتێكردنێكی نە‌گە‌تیفانە‌ی لە‌سە‌ر پێكهاتە‌ی كۆمە‌ڵگە ‌‌و چە‌مكی بە‌یە‌كە‌وە‌ژیان دە‌بێت. ئە‌م حاڵە‌تە‌ كۆمە‌ڵێك لوغمی مە‌ترسیداری تایفە‌گە‌رییانە‌ دە‌چێنێت ‌و كۆمە‌ڵگە‌ لە‌سە‌ر بنە‌مایە‌كی تایفە‌گە‌ری ‌و مە‌زهە‌بی ‌و ئایینی دابە‌شدە‌كات. ئە‌وە‌ی جێگای سە‌رنجە‌ مە‌رجە‌عییەتە‌ ئایینییە‌كان لە‌لایە‌ك باس لە‌ مە‌سە‌لە‌ی نزیكبوونە‌وە‌ی مە‌زهە‌بە‌كان لە‌ یە‌كتر دە‌كە‌ن، لە‌ لایە‌كی دیكە‌وە‌ دە‌یانە‌وێ باری كە‌سێتی لە‌ كۆمە‌ڵگە‌دا لە‌ سە‌ر بنە‌مای جیاوازی تایفی ‌و مە‌زهە‌بی رێكخە‌ن.

  گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ (فقە‌)ی مە‌زهە‌بی تۆوی دووبە‌رە‌كی ‌و جیاكاری دە‌چێنێت ‌و ناسنامە‌ی مە‌زهە‌بی گۆشە‌گیر لە‌ كۆمە‌ڵگە‌دا دروستدە‌كات. بە‌م جۆرە‌ پە‌یوە‌ندی تاك بە‌ مە‌زهە‌ب ‌و ئایینە‌كە‌یە‌وە‌ لە‌ ژێر كۆنتڕۆڵی دە‌سە‌ڵاتی فە‌توا ‌و مە‌رجە‌عي‌یە‌تی ئایینی دە‌بێت، لە‌ كاتێكدا پێویستە‌ ئە‌و پە‌یوە‌ندییە‌ ئازادانە‌ بێت.

  ڕێكخستنی پە‌یوە‌ندییە‌كانی هاوسە‌ری ‌و میرات لە‌سە‌ر بنە‌مایە‌كی مە‌زهە‌بی مە‌ترسی دیكە‌ی لێدێتە‌كایە‌وە‌، لە‌وانە‌: بنیاتنانی پە‌یوە‌ندی كۆمە‌ڵایە‌تی ‌و هاوسە‌ری لە‌ نێو كە‌سانی سە‌ر بە‌ هە‌ر مە‌زهە‌ب ‌و تایفە‌یە‌ك بە‌ شێوە‌یە‌كی داخراو ‌و، دواتریش پێكهاتە‌ی كۆمە‌ڵایە‌تی مە‌زهە‌بی دابڕاو لە‌ یە‌كتر دروستدە‌بێت. بە‌م جۆرە‌ مە‌زهە‌بگە‌ری لە‌ كۆمە‌ڵگا و لە‌ دە‌ستووردا بنیاتی دروستبوون ‌و بنیاتنانی دە‌وڵە‌تی ئایینیە‌.

 

دروستبوونی ژیانی هاوسە‌ری نێوان خە‌ڵكانی سە‌ر بە‌ مە‌زهە‌بی جیاواز لە‌ سایە‌ی (فقە‌)ی مە‌زهە‌بیدا مە‌ترسی دروستبوونی كێشە ‌‌و پێشێلكردنی مافی ژن ‌و منداڵی لێوە‌ پە‌یدا دە‌بێت بە‌تایبە‌تی لە‌ كاتی ناكۆكیبوون نێوان ژن ‌و مێرد ‌و لە‌ دابە‌شكردنی میراتیشدا. جگە‌ لە‌مە‌ش هانی پیاو دە‌دا كە‌ بە‌ شێوە‌یە‌كی ساختە‌ گۆڕانكاری لە‌ مە‌زهە‌بی خۆی ئە‌نجام بدات بە‌ شێوە‌یە‌ك كە‌مترین مافی ژن لە‌ كاتی بوونی كێشە‌ی نێوانیان ‌و لە‌ كاتی جیابوونە‌وە‌دا دابینبكات.

   سە‌رە‌ڕای ئە‌م گرفتانە‌ی لە‌سە‌رەوە‌ ئاماژە‌مان پێكردن، هە‌ندێ كێشە‌ی دیكە‌ لە‌ سیستمی دادگادا دروستدە‌بێت، چونكە‌ دادوە‌ر ناچار دە‌بێت بە‌ دوای حوكمی شە‌رعی لە‌ كتێبە‌كانی (فقە‌)دا لە‌سە‌ر بنە‌مای مە‌زهە‌بێكی دیاریكراو بگە‌رێت، لە‌ كاتێكدا هە‌ر مە‌زهە‌بێكی (فقە‌)ی ئیسلامی بە‌ تە‌نیا نە‌یتوانیوە‌ لە‌ ڕێڕە‌وە‌ی مێژوويی خۆیدا وە‌ڵام ‌و چارە‌سە‌ری ئاسانكارییانە‌ بۆ كێشە‌كان بدۆزێتە‌وە‌. هە‌ر ئە‌مە‌ وای كرد كاتی خۆی دە‌وڵە‌تی عوسمانی كە‌ لە‌سە‌ر پە‌یڕە‌وە‌كانی (فقە‌)ی ئیمام ئە‌بو حە‌نیفە‌ دامە‌زرابوو، لە‌ یە‌كە‌مین یاسای خێزاندا پە‌نا بە‌رێتە‌ بە‌ر (فقە‌)ی ئیمام مالك لە‌ هە‌ندێ ماددە‌كانی یاسای خێزانی عوسمانی ساڵی 1917. جگە‌ لە‌مە‌ش بە‌ درێژايی دوانزە‌ سە‌دە‌ كتێبە‌كانی (فقە‌) بە‌ شێوازی زمان ‌و كە‌لتووری جیاواز لە‌ زمان ‌و كە‌لتووری سە‌ردە‌م نووسراونە‌تە‌وە ‌‌و، ناكرێ دادوە‌ر لە‌ ڕوانگە‌ی ئە‌و بە‌رهە‌مانە‌وە‌ بڕیار لە‌سە‌ر كێشە‌كانی خە‌ڵك بدات، چونكە‌ لە‌ حاڵە‌تی گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ سە‌رچاوە‌ فقهییە‌ كۆنە‌كان دە‌بێ دادوە‌ر ڕۆڵی توێژە‌وە‌ر ببینێت ‌و ئە‌مە‌ش بە‌ پێچە‌وانە‌ی ئە‌ركی دادوە‌رە ‌‌و نە‌گە‌تیفانە‌ كار دە‌كاتە‌ سە‌ر مافی خە‌ڵك لە‌بە‌ردە‌م دادگاكاندا. لە‌ ئاكامی ئە‌م حاڵە‌تە‌شدا فرە‌بوون لە‌ سە‌رچاوە‌كانی دادگا ‌و جیاوازی حوكمە‌كان سە‌بارە‌ت بە‌ كێشە‌یە‌كی دیاریكراو بە‌ هۆی تێڕوانینی جیاوازی مە‌زهە‌بە‌كانە‌وە‌ دروستدە‌بێت، ئە‌مە‌ش دە‌بێتە‌ مایە‌ی نائارامی لە‌ ژیانی خێزاندا.

   لە‌ دە‌وڵە‌تی هاوچە‌رخدا پێویستە‌ تاك تێكڕای ئە‌رك ‌و مافە‌كانی خۆی لە‌ هە‌ر گرێبە‌ستێكدا ‌و، لە‌ تێكڕای بوارە‌كانی ژیانیدا، بزانێت. بۆیە‌ دە‌توانین بلًێين كە‌ گە‌ڕانە‌وە‌ بۆ (فقە‌)ی مە‌زهە‌بی ‌و تایفە‌گە‌ری لە‌ باری كە‌سێتیدا، بە‌ پێچە‌وانە‌ی چە‌مكی دە‌وڵە‌تی یاسا ‌و دامە‌زراوە‌ دە‌ستوورییە‌كانە‌.

لە‌م ڕوانگە‌یە‌وە‌ ماددە‌ی 41ی دە‌ستووری هە‌میشە‌یی عێڕاقی فیدڕاڵدا ناكۆكە‌ لە‌گە‌ڵ ماددە‌كانی دیكە‌ی دە‌ستوور ‌و پێویستی بە‌ هە‌مواركردنە‌ لە‌ سە‌ر بنە‌مای دابینكردنی بابە‌تی بە‌دە‌ستووریبوونی یاسایە‌كی یە‌كگرتووی باری كە‌سێتی لە‌ سە‌ر بناغە‌ی هاووڵاتیبوون، دوور لە‌ ئینتمای ئایینی ‌و مە‌زەە‌بی ‌و تایفە‌گە‌ری.

وتاری نووسەران