بە ڕوونی

كاوە مەحموود

لە پێشوازی ڕۆژی جیهانی شانۆدا

پەیوەندی نێوان شەڕ و هونەر وەك پەیوەندی نێوان شەڕ و ئاشتی وایە

27ی ئاداری هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی شانۆیە. بیرۆكەی یادكردنەوەی ساڵرۆژی جیهانی شانۆ بۆ ساڵی 1961 دەگەڕێتەوە، كاتێك كۆنگرەی پەیمانگای نێودولەتی شانۆ، سەر بە یۆنسكۆ، لە شاری ڤییەنا بەسترا و، تیایدا بڕیاردرا 27ی ئاداری هەموو ساڵێك ڕۆژی جیهانی شانۆ بێت. 

لەم ڕۆژەدا لە بەشێكی زۆری ناوەندەكانی ئەم پەیمانگەیە لە جیهاندا چالاكی هونەری بە بەشداری زانكو و ئەكادیمییە هونەرییەكان سازدەكرێت و، شانۆكاران و هەوادارانی شانۆ تیایدا بەشداردەبن و جەخت لەسەر سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ڕۆڵی شانۆ لە ژیانیان و، ئەو خۆشییە مەزنەی كە پێیان دەبەخشێت دەكەنەوە و، لەم ڕۆژەدا شانۆكاران لە وڵاتانی جیهاندا لە ڕێگای فیستڤاڵی هونەری و نمایشی شانۆیی و سیمنار و كۆڕبەستن، ئەزموونی هەمەچەشن و هەمەجۆر لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆردەكەن و، چالاكییە شانۆییەكانیان بە هەلێك بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵك و هەوادارانیان و خستەڕووی بۆچونەكانیان بە فۆرمێكی جوان، دادەنێن. 

هەرچەندە شانۆ هەر لە سەرەتاوەوە وەك چالاكییەكی دەڕبڕینی مرۆڤ پشتی بە ئاخافتن بەستووە، بەڵام ئەم هونەری ئاخافتنە زۆر زوو لەگەڵ شێوازەكانی دیكەی هونەر وەك سەما و گۆرانی وسروود و جوڵە و دەربڕینی جەستە تێكەڵ بوو و، هەر بۆیە شانۆ بەشێكە لە هونەرە جوانەكان.

لەلایەكی دیكەوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ و تێكەڵبوون و ئاڵوگۆڕكردن و شێوازی هەڵوێست دەڕبڕین نێوان شانۆ و فەلسەفە هەیە و، ئەمەش بۆ خودی شوناسی شانۆ دەگەڕێتەوە، كە پێگە و ویستگەیەكی زمانی و مەعریفی و ئەدەبی و تەكنیكییە و، لە توانایدایە كۆمەڵێك چەمك بخاتەڕوو، كە پەیوەندییان بە ژیان و سروشت و مێژوو و مرۆڤەوە هەیە، بە جۆرێك زۆر جار ناكرێ هێڵی دابڕِین نێوان فەلسەفە و كرۆكی دەقی شانۆیی دابنرێت و، بۆیە دەبینین بەشێكی زۆر لە فەیلەسوفەكان لە ڕێگای شانۆوە چەمكە فەلسەفییەكانی خۆیانیان خستۆتە ڕوو.

 هەرچەندە مێژووی شانۆ لە مێژووی فەلسەفە كۆنترە، بەڵام لەگەڵ گەڵاڵەبوونی چەمكە سەرەتاییەكانی هزر، فەلسەفە ڕۆلێكی گرنگی لەسەر قوڵكردنەوەی كاری شانۆیی و دەوڵەمەندكردنی ناوەڕۆكی بابەتەكانی و خستەڕووی چارەسەری گرفتە ئاڵۆزەكان لە دەقە شانۆییەكان بینیوە و، لە هەمان كاتدا قوتابخانەكانی شانۆ بە شێوەیەكی فەلسەفی دابەشبوونە و، دەقی شانۆیی توانیوێتی چەمكە فەلسەفییەكان لە ئامێزبگرێت و ڕەنگێكی جوان بە چەمكە مرۆییەكانی فەلسەفە، كە دەڕبڕی ئازار و خواست و هیوای مرۆڤ بێت، ببەخشێت و، لە پانتایی هۆڵی شانۆی كراو و داخراودا و بە شێوازی جۆراجۆر ئەو بۆچون و چەمكانە، كە پەیوەندییان بە ژیانەوە هەیە، بە فراوانترین بینەر بگەیەنێت.

جگە لە فەلسەفە، شانۆ پەیوەندی توندوتۆڵ و ئۆرگانی بە ژیانەوە هەیە و دەڕبڕی واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و مێژووە و كرۆكی ویژدانی مرۆڤە، كە لە ڕێگای جوڵە و ئاخافتن و سەما و سیگناڵ دەخرێنەڕوو.

جگە لە جێژ و خۆشی كە شانۆ بە مرۆڤی دەبەخشێت، شانۆ بوارێكی زیندووی دەڕبڕینی بۆچوونی سیاسی بووە و، زۆر جار لە ڕێگای شانۆوە بانگەشە بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی كراوە بە جۆرێك شانۆ چەكێكی گرنگی تێكۆشان بووە، بەتایبەتی بە نیسبەت گەلانی تێكۆشەر بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، لەوانەش گەلی كوردستان، كە هەردەم شانۆ و كاری هونەری چەكێكی بەرەنگاری لە خود و بۆ تێكۆشان دژ بە دیكتاتۆری و دیاردە نامۆكان و سەرجەم ئەو كار و ڕەفتارانەی مرۆڤی چەوساندۆتەوە بووە.

ئەركی شانۆی زیندوو و كارا لە نێو كۆمەڵگادا هەردەم لەگەڵ چالاكییەكانی مرۆڤ و گۆڕانكارییەكاندا هەنگاو دەنێت و، لە كرۆكی ناكۆكی و ململانییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان جیاناكرێتەوە و، لە هەمان كاتدا بیركردنەوە لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی بێ گرنگی دان بە بوونی شانۆیەكی كارا و بایەخدان بە سەرجەم بوارەكانی هونەر، نایەتەدی.

لەم ڕوانگەیەوە بایەخدان بە ڕۆڵی شانۆ لە كوردستاندا و كاركردن بۆ پشتگیركردنی تیپە شانۆییەكان و سەرجەم شانۆكاران ئەو بوارە گرنگەیە، كە هەر لایەنێكی خۆ بە بەرپرسیارزان بەرامبەر ئەركی نیشتمانی كوردستانی وپێشكەوتنی كۆمەڵگا، پێویستە لە ئەجیندە كارەكانی بێت و، لە هەلومەرجی ئەمرۆدا شانۆی كوردستان ببێتە سەنگەری بەرەنگاربوونەوە بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان وبانگەشەكردن بۆ یەكریزی گەل و پاراستنی ئازادییەكان و داكۆكی لە مافی ژنان و بڵاوكردنەوەی بەهاو نەریت و كەلتوری مەدەنی و بەیەكەوەژیان.

ئەم ئاراستەیە پێویستی بە بەستنی كۆنگرەی ساڵانەی شانۆكارانی كوردستان هەیە، كە تیایدا دەستەیەكی سەرپەرشتی بۆ چالاكی شانۆیی و بەرنامە بۆ گەشەپێدانی شانۆ و ئەنجامدانی فیستیڤاڵی ساڵانەی شانۆ لە كوردستاندا دابنێن و، كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ شانۆكارانی جیهان بكەن و، رۆژی شانۆی كوردستان ڕابگەیەنن و، لەو ڕۆژەدا ساڵانە پەیامی هونەرمەندانی شانۆیی كوردستان بە كوردستانیان و جیهان ڕابگەیەنن.

لە ڕۆژی جیهانی شانۆ بۆ ساڵی 2024 پەیامی ڕۆژی جیهانی شانۆ بە نووسەری نەرویجی یۆن فووسە سپێردرا. یۆن فووسە خاوەنی بەرهەمیًكی زۆرە لە بواری شانۆ و وەرگیران و كتیٍب بۆ منداڵان و بەرهەمەكانی بۆ زیاتر لە پەنجا زمان وەرگێردراوە و، لە ساڵی 2023 خەلاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەب وەرگرتووە.

لە پەیامەكەی رۆژی جیهانی شانۆدا هاتووە:

هەر كەسێك تایبەتمەندی خۆی هەیە و لەهەمان كاتدا لە كەسێكی دیكە دەچێت. جیاوازی لە ڕواڵەت و كەسایەتی هەر كەسێك ڕوونە، بەڵام لە دەروون و ناوەوەی هەر كەسێك شتێك هەیە لە كەسی دیكە جیادەكاتەوە، بەڵام هەرچەندە جیاوازین ئێمە لە یەكتر دەچین.

خەڵك لە هەموو جیهاندا هەرچەند ئەو زمانەی قسەی پێدەكەن و ڕەنگی پێست و قژیان جیاوازە، بەڵام لەیەكتر دەچن. لەوانەیە پرادۆكس بێت كە ئێمە لە یەك دەچین و لە هەمان كاتدا جیاوازین و، لەوەش دەچێ مرۆڤ لە ناوەڕۆكدا لەگەڵ خۆیدا ناكۆك بێت، بەڵام هونەر؛ هونەری باش بە شێوازە موعجیزە ئاسا لە تێكەڵكردنی ناوازە و نامۆكان سەركەوتوو دەبێت. هونەر بە شێوەیكی گشتگیر سنوور و وڵاتان  دەبەزێنێت و، توانای هەیە نەك تایبەتمەندییەكانی هەر تاكە كەسیك، بەڵكو تایبەتمەنییەكانی كۆمەڵەكەسێك و نەتەوەیەك بخاتەڕوو.

لە پەیامەكەدا نووسەر ئاماژە بە مەترسی شەڕ لەسەر هونەر دەكات و دەنووسێت:

شەر ململانییە دژ بەوەی لە قوڵایی ناوماندایە و، دژبە تایبەتمەندییەكانە. شەڕ دژ بە هونەرە و دژ بە كرۆكی هەموو هونەرێكی باشە.... من لێرەدا باس لە هەموو هونەرێك دەكەم نەك تەنیا هونەری شانۆ... شەڕ لەگەڵ هونەر ناكۆكە هەروەكو چۆن شەڕ لەگەڵ ئاشتی ناكۆكە.

 

وتاری نووسەران