
جەبار جەمال غەریب
- عێراق وڵاتی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەكانە، سێزدە ساڵەی ڕابردوودا، سێزدە ساڵی پاكتاوی هەموو جیاوازییەكان بوو، نەمانی شتێك بە ناوی سریانی و مەسیحی، وردكردنی سوننە، ڕاونانی سەركردە سیاسی و مەزهەبیەكانیان. كۆنتڕۆڵكردنی شارەكانیان و هەژاركردنی دانیشتوانەكانیان و بڕینی دەماری بەرگری و شەهامەتیان.
- تاكە هێز لە عێراق مابێ كوردە، تاكە جیاوازی لە عێراق مابێ، كوردبوونە، تاكە مەسەلە و قەزییە لە عێراق مابێ، مەسەلەی كوردە، هەر مەسەلەی كوردیشە لەبەردەم ڕای جیهانی ڕەوایەتیی هەبێ.
- بێبەهاكردنی ئەو پرسە كاری هەرە لەپێشی دەسەڵاتدارنی عێراق، مەبەستم دەسەڵاتدارانی ڕاستەقینەی عێراق، ئەوانەی لەپشت پەردەوە بەڵام بە ئاشكرا نەخشەی سیاسەتی عێراق دادەڕێژن و بەڕێوەشی دەبەن.
- ئەو سیاسەتەی عێراق تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتنی بەدەست هێناوە.
- لە ڕواڵەتدا كێشەی كورد بووەتە ناردن و نەناردنی مووچە.
- ئەوەش بە پێكهاتە و ئەركی ئەو وەفدانەوە دیارە كە ڕۆژنە لە كوردستانەوە بەرەو بەغدا دەڕۆن.
- عێراق لە هەموو دنیای گەیاندووە، بە كردەیی كە كورد جگە لە مووچە هیچ كێشەیەكی دیكەی سەرەكی نییە!
- ئێستا دەسەڵاتدارانی بەغدا بەتەواوی كوردیان هیلاك و ماندوو كردوە.
- ئەوە دە ساڵە هاووڵاتیان لەسەر زگ ڕادەكێشن.
- بەدڵنیاییەوە پێتان دەڵێم چەرمەسەریی گەورە، كارەساتی گەورە كە بەغدا بۆی ئامادە كردوون لە داهاتوودایە و ئەوەی ئێستا لە سەدا دەی پیلانەكانیانە.
- دڵنیاتان دەكەمەوە لە وەختێكدا پیلانەكانیان جێبەجێ دەكەن كە كورد بە تەواوی توانای بەرگریی لەدەست داوە.
- كاتێك بە تەواوی پیلان و نەخشەكانیان جێبەجێ دەكەن، كە هەموو كوردیان كردووەتە دوژمنی یەكتر، بەشێكیان كردووەتە جاش و بەشێكیان كردووەتە دوژمن، هەردوو بەشەكەش برسی و هیلاك و ڕووخاو.
بۆیە كوردیش دەبێت ئێستا، پێش ئەوەی درەنگ بێت، چۆن بەرەو ڕێككەوتن و تێگەیشتن دەڕوات، دەبێ هەر بە هەمان پلانی بەرەنگاربوونەوەشمان هەبێ.
نەخشەی بەرگری
- من بە ناوی قەڵەمەوە، قەڵەمێك كە لە ناخی مێژووەوە هێناومە، قەڵەمێك كە لە نالی و مەلای جزیری و دڵدار و هەژار و بێكەس و قانع و بەكر عەلیم وەرگرتووە داواتان لێ دەكەم:
- لە یەكەم هەنگاودا بۆ ماوەی تەنیا یەك ڕۆژ ئاڵای عێراق بۆ نیوە داگرن.
- بەو ناوەی ئاڵایەك كە لەسێبەركەیدا بچەوسێمەوە.
- بەو ناوەی ئاڵایەك نەتوانێ مافم بداتێ
- بەو ناوەی ئاڵایەك دوای تێربوونی تەواو ناوچەكانی دیكە جا من بێبەش بكات.
- ئاڵایەك لەژێریدا ئاسوودە نەبم.
- كە نەتوانم بە تەواوی دایگرم، وەك پرسەی برسییەتی تا نیوە دەیهێنمە خوارێ.
29/10/2023