
( گەر دەتەوێ ئایندەیەکی گەش بۆ نیشتیمانەکەت فەراهەمبکەیت ؛ بە پەروەردە و فێرکردنی نەوەیەك ، خێزانێك و کۆمەڵگەیەکی تەندروست ، وشیار و پێگەیشتوو بنیاتبنێ ، ئەمەش پێوەری پێشکەوتن و شارستانێتی گەلانە )
منداڵان لە هەر سووچێکی ئەو دنیا تەونە جاڵجاڵۆکەییە ، لە هەر نەتەوە ، رەنگ ، رەگەز ، ئاین و ...... ، سیمبوڵی جوانی ، خۆشەویستی ، راستگۆیی و دڵپاکین ، پڕا و پڕن لە جوولە ، سادەیی ، گورج و گۆڵی ، سۆز ، وریایی ، زەردەخەنەی ناسك ، قاقای پێکەنین ، ئەندێشەێ فراوان ، خەون و خۆزگە ، گوێ رایەڵ ، نیگای چاوەکانیان پڕن لە راز .
ساڵانە وڵاتان ، بە پێی رۆژژمێرەکانیان ، رۆژێك ( چەند کاتژمێرێك ! ) یان تەرخانکردووە ( یا بەبیریان هاتۆتەوە ) بۆ ئامادەسازی و پێشوازی لە منداڵە چاوگەش ، گوڵە جوانەکان و پەپوولە بێوەییەکان دەکرێت ، لە ئاهەنگ ، ئۆپەرێت ، نمایش ، گۆرانی ، هەڵپەڕکێ ، پێدانی خەڵات و دیاری و ....... بۆ ئەو منداڵانەی وەك دایك و باوکیان ، رۆژێك لە رۆژان تاڵی ژیان و نەدارییان نەچێشتووە ، ساردی و گەرمیان نەبینیوە ، لە نێو کۆشك و تەلار ، بەناز و فیزێکی زۆرەوە ، لە نێو باوەشی گەرمی پڕ لە سۆزەوە ، گڕ و گۆڵیان کردووە .
سەرمایەداری جیهانی چاوچنۆك ، خۆی وەك ناوەندی بڕیار و ناو چەقی هێز دەبینێت ، لە دەوڵەمەندی ، هێز ، هزر ، ئابووری ، سەربازی ، مۆنۆپۆڵکردنی زانست و تەکنەڵۆجیای زانیاری و .......... ، لە هەر سووچێکی ئەو گۆی زەمینە ، بەرپرسە لە پەرپاکردنی جەنگ ، ئاژاوەگێڕی ، دووبەرەکی ، داگیرکاری ، گێژاو ، دابڕان ، ململانێ ، ئاوارەیی ، بێسەروشوێنبوون ، ستەم ، تیرۆر ، زۆرداری ، تڕاژیدیای مەرگ و ........ ، ئەمانەش چ کارییگەرییەکی نەرینی لە سەر دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگا دروستدەکات ، رێبەندە لە هەر رێنسانسێك لە پاشخانی کۆمەڵگا و دامو دەزگاکان بۆ بەردەوامی چەوساندنەوە و دواکەکەوتوویی ژێرخانی ، کە زامێکی پڕ لە ئازارە و هەتوانی سەختە ، چیڕۆکێکی سەختی ناخهەژێن و کارەساتبارە . ئەلقاعیدە ، داعش ، بۆکۆحەڕام ، رەوت و رێکخراوە توندڕۆکان و ....... ، نموونە و بەڵگەی زیندوون بۆ مۆنۆپۆڵکردن و دەستڕۆیی . نەتەوە یەکگرتووەکان ( بووکەڵەی دەست سەرمایەداری و وەك لاشەیەکی مردوو و دوو رووی قەڵپی یەك دراون ! ) یش بێ شەرمانە و بە بێ هەڵوێستی ، باس لە بوونی 250 ملیۆن منداڵی ئاوارە و دەربەدەری ناوچە گەرمەکانی ململانێ و کێشە لەسەرەکاندەکات ، داوا دەکات هەوڵی جددی بنرێت بۆ پاراستنی مافەکانیان و داکۆکیکردن لە فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسوودە ، بەبێ ئەوەی راشکاوانە پەنجە بخاتە سەر ئەو هەموو پێشێلکارییانەی بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕەوە سەریهەڵداوە ! پێدەچێت ویژدانە مردووەکانیان ، پەی بەوە نەبەن کە هەر کۆمەڵگەیەك نەتوانێ داکۆکی و پارێزگاری لە مافی منداڵبکات و ژیانێکی پڕ لە ئاسوودەی فەراهەمبکات ؛ بە دڵنیاییەوە متمانە لە دەستدەدات .
دەسەڵاتی بەناو ناسیۆناڵیزمی کوردی باشووریش ، لەو ماوەی تەمەنی سیودوو ساڵەی دا ، وەك پیازێکی سپیکراو ، ئەوەی بنبەڕێ ، کەوتە سەربەڕێ و مێش میوانی نییە ، لەسەر پرسی خاك و نیشتیمان و پرسە چارنووسسازەکان ، نادادی ، برسیکردنی هاوڵاتی ، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان ، زیندانیکردنی ئازادیخوازان ، ئەڵقە لە گوێیداگیرکەران ، لە جێبەجێکردنی ئەجینداکانیان کە لە پێشبڕکێدایە و ........ ، پووچگەرایی بێ ناوەڕۆکی هیچ لە بار نەبوو ، کە نە لەزیك و نە لە دوور ، هیچ بەهایەکیان بۆ مرۆڤدۆستی و مرۆڤبوون نەهێشتۆتەوە و هێڵی بەسەردا هاتووە ، چ جای ئەوەی بپڕژێنە سەر منداڵپارێزی و فەراهەمکردنی مافەکانیان و ئاسوودە بوونیان ! ؟
مافی منداڵان ، واتە تێپەڕاندنی سنووری نەتەوە ، رەگەز ، ئاین و ..... ، واتە ئایندەیەکی گەش ، بەهرەمەندبوونیان لە ژیانیکی شایستە و داهێنان ،سەربەخۆیی بیرکردنەوە ، مرۆڤدۆستی ، ژینگەیەکی شیاو و لەبار لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتی ، پەروەردەیەکی تەندروست ، چارەسەری پزیشکی ، بەخشینی خۆشەویستی و سۆز و دڵنیایی ، دوور کەوتنەوە لە ململانێی حزبی و چەکداری ، هەڕەشە ، توند و تیژی و دەمارگیری ، پلانی زانستییانە و بەرنامەی وردی سەردەمییانە ،
منداڵە چاوگەش و بێنازەکانی ئەو دەڤەرە رەقێنەی داماڵدراو لە بەها و پیرۆزییە مرۆڤایەتییەکان ، قوربانی دەستی ستەم وچەوسانەوە و هەژارین ، لەبەر نەداری ، دابڕاون لە رەوڕەوەی ژیان ، بۆ بژێوی ، بە سەرما و سۆڵەی زستان ، لە قرچەی گەرما ، لەسەر شۆسە و شەقامەکانن ، دەستە ناسکەکانیان دەتەزن ، روومەتە سوورەکانیان دەسووتێن ، لە دەستگێڕی ئاو ، گولەبەڕۆژە ، عەللاگە و ........ ، یا گەڕان بەدوای خۆڵ و خاشاك ، ئەمەش رۆمانی تاڵ و تڕاژیدیای کارەساتبار و ناخهەژێنی ئەو دەڤەری بەفر و خوێنەیە
کە سەر زەوی و ژێر زەوییەکەی ئاڵتونە ، بەرهەمی مەرگدۆستی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە هەزاران رۆڵەی وڵاتپاریزی چاو نەترس لە پێناویدا قوربانیدا و منداڵە بێنازەکانیش ، بەنائومێدی بە خەونی کوپە شیرێك و کولێرەیەکی گەرم سەر دەنێنەوە !
ئیدریس سدیق