
ئەبوو کاروان
لە ٣١ی ئازاری ئەمساڵدا، ٩٢ ساڵ بەسەر دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستاندا تێدەپەڕێت. لەم ڕۆژە یادگاریدا، شیوعییەکان یادی شکۆمەندیی فکر و پراکتیک و ئیرادەیەک دەکەنەوە کە لە سەختترین تاقیگە مێژووییەکاندا، ئاڵایەکی سووری بۆ داکۆکیکردن لە کرێکاران، جووتیاران و مرۆڤایەتی، و داخوازییە ڕەواکانی چینە چەوساوەکان بە بەرزیی لە دڵی زەمیندا چەقاندووە.
نەوەد و دوو ساڵە حزبی شیوعی، نەک تەنیا وەک ڕێکخراوێکی سیاسی، بەڵکو وەک ویژدانێکی بێدار لە نێوان بەرداشی ململانێی نەتەوەیی و چینایەتییەکاندا، ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە قووڵایی خاکی ئەم نیشتمانەدا داکوتیوە. بەمەش بەرگەی هەموو گەردەلوولە کۆنەپەرستەکانی سەردەمی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی، شۆڤێنیزم و دیکتاتۆرییەکانی گرتووە.
ئەم حزبە کە مێژووی خۆی بە خوێنی ئازیزترین ڕۆڵەکانی، قوربانیدانی بێوچانی پێشمەرگە قارەمانەکان، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی خۆڕاگر و تێکۆشەرانی ڕێکخستنە نهێنییەکان نەخشاندووە، هەمیشە پێشڕەوی ئەو خەباتە بووە کە لە مانگرتنی کرێکاران و ڕاپەڕینی جووتیارانەوە دەستی پێکردووە و تا داکۆکیکردن لە مافی ژنان، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، خەباتی شاخ و شار، و مافی چارەنووسی گەلی کوردستان درێژ بووەتەوە.
حزبمان لە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا، جێپەنجەی تێکۆشەر و ڕۆشنبیرەکانی لە کایە کولتوورییەکاندا وەک شانۆ، سینەما، چیرۆک، وەرگێڕان و شێوەکاری بە خەتێکی گەش ڕەنگڕێژ کردووە. چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، خەرمان و تۆمارێکی شانازیبەخشی لەو ڕووەوە لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
لە کاتێکدا حزب ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە بەرزە ڕادەگرێت، دەبینین ناوچەکەمان دیسانەوە کەوتووەتە نێو گێژاوێکی نوێی پاوانخوازی و ململانێی هەژموونی هێزە ئیمپریالییەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە و سامانی وڵات. ئەمە شەڕێکە کە تەنیا ماڵوێرانی، هەژاری و ئاوارەیی بۆ گەلان لێ دەکەوێتەوە و ئیرادەی سەربەخۆیانەی گەلان پەک دەخات.
گوتاری حیزبمان لەو ڕووەوە ڕوون و ئاشکرایە: لە کاتێکدا جەنگ و دەرهاویشتە کاولکارییەکانی ڕەت دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا پشتیوانیی خواستی گەلانی ئێران دەکەین بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، فیدراڵیزم، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی ژنان و جیاکردنەوەی کایەی سیاسی لە دامەزراوە ئایینییەکان.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، حزبی شیوعی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت تەنگژە هەرێمییەکان و شەڕی هێزەکان بکرێنە پاساوێک بۆ پشتگوێخستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداوە. چونکە هیچ دەسەڵاتێک شەرعییەتی نییە ئەگەر نەتوانێت مووچە، خزمەتگوزاری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ گەلەکەی دابین بکات و ئەرکە دەستوورییەکانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و کاراکردنی دامەزراوە شەرعییەکاندا جێبەجێ بکات.
حزبی شیوعی وەک هێزێکی ڕەسەن و سەرتاسەری، بانگەوازی یەکێتی و گوتارێکی نیشتمانیی هاوبەش دەکات بۆ پاراستنی نیشتمان لە مەترسییەکانی شەڕ و توندوتیژی. دووپاتی دەکەینەوە کە تەنیا بە گەڕانەوە بۆ عەقڵییەتی دیموکراسی و دادپەروەری، دەتوانین بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر هەنگاو بنێین.
سڵاو لە یادی ٩٢ ساڵەی تێکۆشان...
درود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکان و سڵاو لە کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
شکۆمەندی بۆ گەلی تێکۆشەرمان.