ئاسۆس ساڵح
ئەو بیرمەندەی زیندان نەیتوانی ئایدیاکانی کۆت بکات
ئەمڕۆ ٨٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گرامشی تێدەپەڕێت، کە یەکێک بوو لە ناودارترین بیرمەندەکانی سەتەی بیستەم
و تا ئێستاش ئایدیا و بیرکردنەوە ڕەخنەیییەکانی لە بوارەکانی سیاسەت، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و ئەدەب گاریگەریان هەیە و بە گرینگەوە لێی دەڕوانرێت.
ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٩١ _ ١٩٣٧) بیریار و مارکسیستی شۆڕشگێری ئیتاڵی یەکیکە لەو بیرمەند و شۆڕشگێڕە بەناوبانگانەی کە هەمیشە بیروڕاکانی جێگەی سەنج و تێڕامانە. هەر چەندە بەهۆی زیندانیکردنییەوە ماوەیەکی کەم بۆی ڕەخسا بەشداری ڕاستەوخۆی کار و چالاکیی سیاسی بیت، بەڵام لەو ماوەیەدا لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤاردا وتاری نووسیوە و چەند بەرپرسیارەتی حیزبی و ڕێکخراوەیی وەرگرتووە، تیۆریست و سیاسیێکی هۆشیار و چالاک بووە.
گرامشی لە ساڵی ١٩١٣ دا پەیوەند بە حیزبی سۆسیالیستی ئیتاڵیاوە دەکات و ئەو کات بە شێوەیەکی چڕتر دەست دەکات بە نووسینی وتارە سیاسییەکانی و ئامانجی برەودان بوو بە هۆشیاری و بەرنامەی سیاسی و ئایدۆلۆژی. ئەو پێی وابوو کە هەردوو چینی جوتیاران و کرێکاران پێویستیان بە هاوپەیمانییەتی و بەیەکەوە بوونە بۆ شۆڕشی سۆسیالستی لە پێناو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان. لە ساڵی ١٩٢١ یارمەتیدەر بوو لە دامەزراندنی حیزبی شیوعیی ئیتاڵیا. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ کاری دەکرد بۆ کۆمۆنیستی نێونەتەوەیی (کۆمینتێرن) لە مۆسکۆ و ڤیانا. پاشان ساڵی ١٩٢٤ بووە سکرتێری حیزبی شیوعیی ئیتاڵیا و ئەندام پەرلەمان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە خەبات، تا لە ١٩٢٦ حکوومەتی فاشیستی مۆسۆلینی گرامشی دەستگیرکرد و بە بیست ساڵ زیندانی سزا درا.
مۆسۆلۆنی ڕابەری ڕژێمی فاشیستی ئەوکاتی ئیتاڵیا ویستی بە زیندانی کردنی گرامشی لە کار و چاڵاکی سیاسی و نووسین بیوەستێنێت و کاریگەری و ڕوڵی نەمێنێت، بەڵام زیندان نەیتوانی ڕێگر بێت لە عەقڵ و تێڕوانینەکانی گرامشی، لە باودۆخی نا هەموواری زینداندا دەستی کرد بە نووسین. لەو ١١ ساڵەی لە زینداندا مایەوە زیاتر لە ٣٠٠٠، سێ هەزار، لاپەڕەی نووسی و ئەم نووسنیانەشی دوای مردنی لە ژێر ناونیشانی "دەفتەرەكانی زیندان"دا بڵاوکراناوە. دەفتەركانی زیندان پڕیەتی لە تێز‌ و بیركردنەوەی تازە‌ و ڕەخنەیی، کە باسی کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ کردووە لەوانە رۆڵی رۆشنبیر لەناو کۆمەڵگەدا، هەژموونی دەوڵەت و کەلتووری سەرمایەداری، رەخنە لە فیکری سەنتڕالیزمی کەلتووری ئەوروپی، سیستمی دەوڵەت، کۆمەڵی مەدەنی، خەباتی سەندیکایی، دژایەتیکردنی هزری فاشیزم، مەسەلەی شۆرش و خەباتی چینایەتی و کۆمەڵێک مەسەلەی تر لە ئایدیاکانی ئەو ڕەنگی داوەتەوە وەک: تێگەیشتن و بیروڕای جیاواز بۆ مارکسیزم، سەرخان و ژێرخان، ڕەخنەی ئەدەب و شانۆ.
ئەو ماوەی لە زیندان بوو لە ژیر ئەشکەنجە و چاودێری چڕ تووشی چەندان نەخۆشی قورس هات، حکوومەت بە ئەنقەس چارەسەری تەندروستی پێویست و تەواوەتیان بۆ نەدەکرد، ئەمە وایکرد ڕۆژ دوای ڕۆژ باری تەندروستی نا جێگیرتر ببێت. دوای یازدە ساڵ زیندانی لە ١٩٣٧ پاش چەند ڕۆژێک لە ئازادکردنی کۆچی دوایی کرد.
لە زینداندا لە ٢٣/ ٦/ ١٩٣١ نامەیەک بۆ دایکی دەنێرێت و دەنووسێت: ''من قسە لەسەر لایەنی نەرێنی نێو ژیان ناکەم، چونکە لە بنەڕتدا نامەوێت کەس بەزەیی پێمدا بێتەوە. من جەنگاوەرێک بووم و دەرفەتی خەباتی ڕاستەوخۆم بۆ نەڕەخسا و جەنگاوەرانیش لە هەر شوێنێکدا بن، ناکرێت و ناشبێت جێگەی بەزەیی بن. چونکە جەنگاوەران بە هیچ شێوەیەک ناچار نەکراون و بۆ خۆشیان ویستوویانە وەک خۆیان بن. بەڵام دیسان ژیانم لە زینداندا بێ ناخۆشی و قوربانیدان نییە.''
لووی ئاڵتۆسێر لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: ''سیاسەت لای من ئەوەیە کار بکەیت بۆ ئازادی و یەکسانی.'' گرامشی وەک بیریار و شۆڕشگێڕی مارکسیستی سیاسەتی بۆ ئازاد و یەکسانی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە دەکرد. بەرپرسیارانە ئەرکی بوونایەتی و ئایدۆلۆژی خۆی بەجێگەیاند. بێ باک نەبوو لەبەرامبەر ئەو دۆخەی ئەوکاتی مرۆڤایەتی و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەی ئیتاڵی تێیدا بوو. لە وتارێکیدا بەناوی ''ڕقم لە مرۆڤی بێباکە دەڵیت: ''ڕقم لە مرۆڤی بێباکە، پێم وایە ژیان واتا لایەندار بوون ئەوانەی بەڕاستی دەژین، ناتوانن هاووڵاتییەک و پارتیزانێک نەبن. بێباکی کەم تەرخەمی و مشەخۆری و لادانە، نەک ژیان. ئا لەبەر ئەوەیە، ڕقم لە مرۆڤی بێباکە.'' ئەو پێی وابوو مرۆڤ نابێت بەرپرسیارانە هەڵوێست وەرنەگرێت، بەڵکوو دەبێت هەمیشە هەڵوێستی ڕوون و لایەنداریی هەبێت. مرۆڤی بێباک لەو دۆخەی کە کۆمەڵگە تێیدایە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی ...هتد. ناکرێت بەژداری نەکات لە گۆڕانکاری و گۆڕینیدا، مرۆڤی بێباک ژیانێکی پاسیڤانە دەژیت و خۆی بە فەرامۆشی دەسپێرێت و بەرهەمی دەستەڵاتی نا دادپەروەر و نا یەکسانی بە قەدەری خۆی و چینی بەشمەینەت دەزانێت.
ئانتۆنیۆ بڕوای بەوە بوو کە خەباتی و تێکۆشانی جۆراوجۆر بکرێت لە ژیان و چالاکیی حیزبیدا ئەمەی بەرجەستە کردووە. هەمیشە بە دیدێکی ڕەخنەیی سەیری دامودەزگەی دەوڵەتی بۆرژوازی دەکرد. لای ئەو دیموکراسی بۆرژوازی دیموکراسێک بووە لە پێناو هێشتنەوەی دەسهەڵاتی سەرمایە و بۆرژواکان. لە شوباتی ١٩١٦ ـدا لە ئاڤانتێ (بەرەو پێشەوە) دەنووسێت: "دیموکراسی دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە، بۆیە هەمیشە ئامادەین دەست بدەینە یەخەی." هەروەها پێی وابوو دیموکراسی ڕەنجدەران هەڵدەخەڵتێنێت و ئامانجی گۆڕانکاریی ڕیشەیی نییە. بۆ ئەوەی زیاتر ئەمە ڕوون بکەینەوە تیشک دەخەینە سەر وتارێکی بەناوە ''هەڵبژاردن و ئازادی'' کە لە ساڵی ١٩٢١ دا نووسیویەتی باس لەوە دەکات کە دەسهەڵاتی بۆرژوازی مۆنۆپۆلی هەموو شتێکی کردووە، هەمیشە ئامانجی لێدانە لە چالاکی حیزب و نوێنەری پرۆلیتاریا.
گرامشی دەنووسێت: ''مانای هەقیقی و دیاریکراوی بەرابەری بۆرژوازی وردە وردە بە شێوەیەکی تەواوەن ڕوون خەریکە ئاشکرا دەبێ و ئەم ڕاستیانە تەنانەت لە لایەن بێ ئاگاترین و دواکەوتووترین و ڕاگیراوترین بەشەکانی پرۆلیتاریاشەوە فام دەکرێن. بۆرژوازی خاوەن کارخانە و خاوەن زەوییە، بە سەدان و بگرە بە هەزاران ڕۆژنامە و چاپەمەنی هەیە: تەواوی کارخانەکانی دروست کردنی کاغەزیش لە خاوەنداریەتی ئەو دان. پرۆلیتاریا بە پشتیوانی سەرچاوەکانی خۆی تەنیا دەتوانێ هەندێک ڕۆژنامە چاپ بکات. ترساندن و تۆقاندنی ئەو چاپخانانەی کە چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی حیزبەکانی چینی کرێکار لە ئەستۆ دەگرن، هەلومەرجی بێدەرەتانی چینی بێ بەشی لەوەی کە هەشە کۆڵەوارتر کردوە. هیچکام لەو هەزاران هەزار ڕۆژنامانەی بۆرژوازی هەتاکوو ئێستا لەلایەن پرۆلیتاریاوە لەناو نەچووە. بەڵام لە بەرامبەر دا ئەگەر کۆمەلێکی بچووک لە چاپەمەنیەکانی چینی کرێکار لەبەر چاو نەگرین، بەشێکی زۆری لەلایەن بۆرژوازیەوە لەناو چوون.'' هەروەها ئاماژە بەوە دەدات کە بۆرژوازی کارخانەدار و خاوەن زەوییە بە دەیان هەزار ساڵۆنی وتاردان، سینەما و شانۆیان لەبەر دەستدایە، کە زۆر بە ئاسانی و لەسەرەخۆ دەتوانن هەوادارانیان لەوێدا کۆبکەنەوە و هەر بانگەشەیەک کە پێیان باش بێت بیکەن. بەڵام هەر شوێنێک گومانی چەپبوون و خەباتی لە پرۆلیتاریای لێ بکرێیت دادەخرێت و یاساغ دەکرێت، تەنانەت شەقام و ناڕەزایەتی جەماوەریش بە خەڵکی ڕەنجدەر و هەژار ڕەوا نابینن، لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و دەزگەکانیانەوە هەموو جۆرە چالاکییەکی ناڕەزایەتی بە بێبەها و بێهوودە نیشاندەدەن. دەسەڵات ئەوەی بیەوێت لە ڕێگەی میدیاوە وەک ڕاستی دەرخواردی کۆمەڵگەکەی دەدات.
یەکێک لە تێڕوانینە هەرە گرینگەکانی گرامشی باسکردنی ڕۆشنبیریی و پێگەی ڕۆشنبیرانە لە ئاراستەکردن و هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگە. گرامشی ڕۆشنبیران پۆڵێن دەکات بۆ دوو جۆر؛ "ڕۆشنبیری کلاسیک" و "ڕۆشبیری ئۆرگانی". گرامشی دەڵێت: ھەر چینێکی کۆمەڵایەتیی ڕۆشنبیری کارای خۆی ھەیە، بیر و تێڕوانینی سەبارەت بەو جیھانەی تێیدا دەژی بڵاودەکاتەوە.
بەتێڕوانینی ئەو ڕۆشنبیری کلاسیک لە ئاست ڕەوتی ڕووداوەکان ڕادەوەستێ و بەرگریی سیاسی دەکات، چ لە کۆمەڵگەی فیوداڵیدا بێت، یاخود لەناو سیستمی بۆرژوازیدا، بەڵام ڕۆشنبیری ئۆرگانیک ڕەوتی ڕووداوەکان ڕێنوێنی دەکات و بەرەو ئازادی و دیموکراسی یان سۆسیالیزمی دەبات. هەروەها لای گرامشی میتۆد و ئەرکی ڕۆشنبیر تەنیا ئاڕاستەکردن و وتار نووسین و خوێندنەوە نییە، کە بۆ ساتێک هەستوسۆزەکان دەخرۆشێنێت. بەڵکوو بەشداریکردنەی کارا و ڕاستەوخۆیە لە ڕێکخستن و بەردەوامی دان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
گرامشی پێی وایە "ڕۆشنبیری کلاسیکی" ئەوانەن کە خۆیان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و جودا دادەنێن لە چینە کۆمەڵایەتییە خۆسەپێن و زاڵەکەی ناو کۆمەڵگە. ھەروەھا لەلایەن زۆرینەی خەڵکیشەوە وا دەبینرێن کە سەربەخۆن. وا خۆیان دەبینن کە بویەکی بەردەوامی بەرزتر لە مێژوون سەرەڕای تێپەڕبونیان بەنێو ھەڵچونە کۆمەڵایەتیەکاندا کەتێیدان. نمونەی ئەمانە پیاوانی دیینی و فەیلەسوفان و پڕۆفیسۆر و قەڵەم بەدەستەکانن کە ڕۆشنبیری وشەبازن و خۆیان لەسەروی کۆمەڵگەوە دەبینن و لە کۆشک و پلەی بەرزدان لە کاتێکدا سوودمەندی سیستەمن خۆیان بە دابڕاو دەبینن لە چینە فەرمانڕەواکان، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، بەڵکوو بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەمانە ھاوپەیمان و پارێزەر و ھاوکاری چینی فەرمانڕەوان لەنێو کۆمەڵگەدا.
لەدەفتەرەکانی زینداندا گرامشی جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەوەی پێویستە تەنھا ئەوە نییە کە دەبێ ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی کلاسیکی بێنە ناوشۆڕشەوە، بەڵکو بزوتنەوەی چینی کرێکار پێویستە ڕۆشنبیری ئۆرگانی خۆیان دروست بکات. "ڕۆشنبیری ئۆرگانی". ئەمانە ئەو جۆرە رۆشنبیرانە دەگرێتەوە کە خۆیان پەروردەکردووە و خۆیان پێگەیاندووە لە نێو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا چاڵاکن و لایەندارن، ئامانجیان گۆڕانکارییە لە سیستەم و سیاسەتی و کۆمەڵایەتی. ڕۆشنبیری ئۆرگانی خۆیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەکەیان دادەنێن و هەڵگری ئازار و مەینتەییەکانی گەلەکەیانن و داکۆکی لەمافەکانیان دەکەن.
واتا خۆیان دوورناخەنەوە لە کێشەکانی کۆمەڵگەکەیان و سەر بەچینی کارگەر و زەحمەتکێشن، هەوڵی تیۆریزەکردنی هزری شۆڕشگێڕی چینی خۆیانن دەدەن. هیچ بزووتنەوە و شۆڕشێک بێ ئاگایی و ڕۆشنبیری چینایەتی توانای گۆڕانکاری بنەڕەتی نییە. گرامشی ئەرکی ڕۆشنبیر دیاری دەکات بەوەی کە دەبێت بەژداری ڕاستەوخۆی هەبێت لە نێو ململانێ و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی وکلتورییەکانی نێو کۆمەڵگەکەی چونکە ڕۆشنبیران تاکێکی سەربەخۆ نین و لە دەرەوەی مێژووی و هەلومەرجی کۆمەڵای نین.
May be an image of text

وتاری نووسەران