
گۆران هەڵەبجەیی
ڕژێمی ئێران یەکێکە لەو ڕژێمانەی لە ڕۆژی پەیدابوونیەوە بەر لە (٤٥) ساڵ تا ئەمڕۆ، بەهۆی زەبر و چەوساندنەوەوە درێژەی بە ژیانی خۆی داوە. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم ڕۆژ تێناپەڕێت کەسێکی تێدا لەسێدارە نەدرابێت. لای ئەوان سزای لەسێدارەدان هێندە ئاسانە وەک خواردنەوەی پەرداخێک ئاوە. گیانی هاووڵاتییانیان هێندە لا بێ نرخ و بەهایە کە پرۆسەی لەسێدارەدانیان گواستووەتەوە بۆ گۆڕەپانی باژێڕەکان، ئەمەش جۆرێکە لە چاوترساندن.
دەسەڵاتدارانی ئێران گەر بیانویستایە، دەیانتوانی بە جۆرێکی دیکە وڵاتیان بەڕێوە ببردایە، ئەو دەمە لەبری ناڕەزایی و دژایەتی، سۆز و خۆشەویستیی خەڵکی ئێرانیان بۆ خۆیان ڕادەکێشا. بۆ نموونە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەند و فرەبەرهەمە، بەتایبەتی نەوت داهاتێکی باشی بۆ وڵات هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران لەبری ئەوەی بەشێک لەو داهاتانە بۆ خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان خەرج بکەن، بەبێ گوێدانە چارەسەری کێشەکانی ناوخۆ، داهاتەکەیان بەخشیوەتە هاوپەیمانەکانیان وەک حزبوڵڵای لوبنانی، حووسییەکانی یەمەن، حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەلەستین و حەشدی شیعەی عێراق.
لە حاڵەتێکی ئاوادا، بێگومان دیوارێک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتداراندا دروست دەبێت، بە جۆرێک چەندە چەوساندنەوە و نادادی زیاتر بێت، چینەکانی دیوارەکەش بەرزتر دەبنەوە. لە مێژە ڕژێمی ئێران شەرعییەتی مانەوەی لەدەست داوە، ڕێژەیەکی کەم نەبێت کە چارەنووسیان بە دەسەڵاتەوە گرێ دراوە، ئیدی زۆرینەی خەڵک ناڕازین.
لادانی دەسەڵاتی ئاخوندیی ئێران گەر بە دەستی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران بێت، ئەوە باشترین دەستکەوت دەبێت، لێ بەداخەوە ئەو دەرفەتە لە ئێستادا لاوازە.
پێشتر چەندین ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی مەزن ڕوویانداوە، نوێترینیان دوو مانگ لەمەوبەر بوو، ئومێد هەبوو ببنە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵات، بەتایبەتی ئەوەی بەهۆی مەرگی (ژینا ئەمینی)یەوە ڕوویدا و هەموو ئێرانی گرتەوە و عەرشی دەسەڵاتی لەرزاند، لێ مەخابن بەسیج و پاسداران بە دڕندانەترین شێوە سەرکوتیان کردن و هەزارەها خەڵکیان گرت و کوشت، ئێستاش هەڕەشە دەکەن و دەڵێن: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە".
ترسە مەزنەکە لەوەدایە گەر ئەم جەنگە کۆتایی بێت و ڕژێمی ئێران نەکەوێت، ئەودەمە دۆخێکی مەترسیدار چاوەڕێی گەلانی ئێران و ناوچەکە دەکات. ڕاستە ڕژێم لە هەموو لایەکەوە بریندارە، ژمارەیەکی زۆری لە سەرکردەکانی ڕیزی یەکەم و دووەمی سیاسی و سەربازی و ئیداری لەدەست داوە، ڕاستە وڵات وێران بووە و سەدەها دامەزراوەی سەربازی و ئیداری و جەنگی و خزمەتگوزاری کراونەتە ئامانج، ئەمانە هەمووی ڕاستن، بەڵام لەلای ڕژێمە سەرکوتکەرەکان ئەمانە زۆر گرنگ نین، بەڵکو مانەوەی خۆیان لە هەموو شت گرنگترە و ئەوەش بە سەرکەوتن دەزانن. لە حاڵەتی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا، بە بۆچوونی من سروشتی دڕندەی ئەو ڕژێمە دەگۆڕێت بۆ دڕندەتر، گەر بۆیان بێت وڵات و دەسەڵات دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی هاتنی خومەینی کە مەترسیدارترین سەردەم بوو. سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی نەتەوەکانی غەیرە فارس؛ وەک کورد، بەلۆچ، عەرەب و ئەوانی تر زیاتر و توندتر دەبێت. لە لایەکی ترەوە ئەو دەسەڵات و حزبانەی سەر بەم ڕژێمەن، ئەوانیش بارگاوی دەبنەوە و پۆز لێدەدەن و هەڕەشە دەکەن، بەتایبەتی حزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شیعەی عێراقی.
سەبارەت بە دەرەوەی ئێرانیش، گەر بزانن هەر حزبێک یان دەسەڵاتێک بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاریی ئیسرائیل و ئەمریکای کردبێت، یاخود بێهەڵوێست بووە بەرامبەر بەم هێرشەی ئەو دوو وڵاتە، ئەوە بێبەش نابن لە فشار و سەرزەنشت و دژایەتی.
دەربارەی هەرێمی کوردستانیش، پێدەچێت پارتی بەشی شێری بەربکەوێت لە غەزەبی دەسەڵاتدارانی ئێران، چونکە هەست دەکەن پارتی بەپێی خواستی ئەوان نەجووڵاوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، لەوانەیە هەندێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مانەوەی ئەو ڕژێمە بە دەستکەوت و سەرکەوتن بۆ ئیسلام هەژمار بکەن، ئیدی شیعە بن یان سوننە، دەکەونە جووڵە.
لە ڕاستیدا و لەبەر ڕۆشناییی مێژوو کە پێمان دەڵێت: پاش دەربازبوونی هەر ڕژێمێک لە قەیرانێکی قووڵ، گەرەکە پەند و وانەی لێ وەربگرێت، بەوەی سیاسەت و ڕەفتاری لەگەڵ گەلەکەی خۆی و دەوروبەردا بگۆڕێت و داوای لێبووردن لە خەڵکەکەی بکات.
من ئەو نییەتە لە ڕژێمی ئێراندا بەدی ناکەم، چونکە خەسڵەتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان وایە کە بە لایانەوە بچووکترین تەنازول کردن و تەسلیمبوون دەبێتە هۆی ڕووخان، بۆیە نابێت چاوەڕێی هیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لەو ڕژێمە بکەین. ئەوەی لە ئێستادا بەسەر ڕژێمی ئێراندا دێت، ئەنجامی سیاسەتی چەوت و مەترسیدار و هەڵەکانی ڕابردووی خودی ڕژێمەکەیە کە ئێستا بە گرانی باجەکەی دەدات.
بۆیە من وای بۆ دەچم و دڵنیاشم زۆرێک لە ئازادیخوازان هاوڕان کە لەناوچوونی ئەو ڕژێمە لە بەرژەوەندیی گەلانی ئێران و ناوچەکەدایە، وە مانەوەشی مەترسییە بۆ سەر خەڵکی ئێران و دەڤەرەکە.