
ئاسۆس ساڵح
کرێکاران و زەحمەتکێشان بە هۆشیاریی و ئاگایی چینایەتیی خۆیان خولیای شۆڕشکردن دێننە بوون نەوەک بە هەژاریی؛ هەژاری لە هۆشیاری و وناسینی چینایەتیی خۆیان زۆر کارەساتبارتر و خراپترە لە هەژاریی ئابووری و ماتریالی، چونکە لە نەبوونی ئاگایی و هۆشیاری ئەم چەوساندنەوە هەر بەردەوام دەبێت.
بەبەردەوام بوونی سیستەمی کاری کرێگرتەیی، ئەو هاوکێشەیەی سەرمایەداریی کە "هەژارەکان هەژارتر و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن" بەردەوامی دەبێت و خەرەندی نێوان ئەم دوو چینە فراوانتر دەبێت، بەشێوەیەک ناتواندرێت ژیانی ئەم دوو چینە بەراورد بکرێن لەگەڵ یەکتردا. مارکس دەڵێت: "هەژاری شۆڕش بەرپا ناکات، بەڵکوو هۆشیاربوونەوەی هەژارانە شۆڕش بەرپا دەکات." بۆیە هۆشیاربوونەوە مەرجی یەکەمە بۆ چەسپاندنی مافی کرێکاران و بەدەستهێنانی یەکسانیی و لەباربردنی جیاوازیی چینایەتی.
پرۆلیتاریا و ڕەنجدەرانی کۆمەڵگەی کوردیی باشوور، جگەلەوەی پێویستە هۆشیاریی چینایەتییان هەبێت، دەبێت خۆیان ڕزگاربکەن لە کۆمەڵێک بەها و قاڵبگرتوویی خێڵەکیی، کلتووریی، نەریتیی و دیینیی، تاوەکوو بەهزرێکی نوێوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئینسانی بێ چین و بێ جیاوازیی جێندەریی بوونیاد بنێت.
کرێکاران نابێت ببنە قوربانی ویست و هزری حیزبە بۆرژوا هەلپەرست و ناسیۆنالیستەکان و بەزووڕنای کوردایەتیی و گووتاری پۆپۆلیستی و هەستی دیینیان نەقۆزرێتەوە و بەکار بێت بۆ مەرامی تایبەتی و ئاراستەیان بکەن بۆ بەرژەوەندی هێز و دەسهەڵاتی خێڵ و بنەماڵەکانیان و کێشەی سەرەکییان لەبیر بەرنەوە کە کێشەی چینایەتیی و چەوسانەوە و نەبوونی ژیانێکی شایستەیە، بەدەست دەسهەڵاتی و حوکمڕانی ئەقڵ فیوداڵیی و سەرمایەدارییەکی ڕواڵەتیی و دواکەوتوو.
مارکس و ئەنگڵس لە دەستپێکی مانیفێستی پارتی کۆمۆنیستدا دەنووسن : "مێژووی کۆی کۆمەڵگەکان تا ئێستا، مێژووی خەباتی چینایەتیی بووە". بۆیە کرێکارانی هزر و بازوو پێویستە وشیاریی بەدەستبهێنن و تاوەکوو نەبنە داردەستی حیزبە بۆرژوازە ناسیۆنالیستەکان و ئیسلامی سیاسیی و حیزبی لیبڕاڵ و بەناو ئۆپۆزیسۆن!
لەگەڵیشیدا، هاوپشتیی و یەکگرتوویی ئەم چینە کارێکی گرینگ و حەتمییە تاوەکوو بەسەر بەربەستەکانیان زاڵبن. دەبێت چینی پرۆلیتاریا بەدەم داواکارییەکانی مانیفێستدا بچن. لە دوا دێرەکانی مانیفێستدا نووسراوە: "با چینە باڵادەستەکان لە بەرامبەر شۆڕشێکی کۆمۆنیستیدا لەشیان بکەوێتە لەرزە، پرۆلیتارەکان تێیدا شتێکیان نییە بۆ لەدەستدان جگە لە زنجیرەکانیان، ئەوان جیهانێکی ئازادیان دەستدەکەوێت، پرۆلیتاریای جیهان یەکگرن.!"