بەهاوبەشی نووسراوە : د.محی الدین حەسەن    و هەندرێن ئەحمەد

لەرەوشی سیاسی كوردستان(هەرێمی كوردستان) ، لێڵی بەرچاوی بەشێك لەخەڵك و سیاسەكانی گرتووە، گوتاری ناڕۆشن و سەرلێشواندن لەناوەندە سیاسی و فەرمییەكانەوە دەردەچن، لەبەرامبەردا، گوتاری ئەو حزبانەی بەخۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن، زیاتر رەوشەكەی لێڵ و ناڕوون كردوە، چونكە هەموو لەبەرژەوەندی تەسكی حزبییەوە ئاراستەی خەڵك دەكرێت، جگە لەحزبی شیوعی نەبێت، كە بەردەوام لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی، تابلۆی سیاسی شی دەكاتەوەو ئەمەش وای كردوە زۆر جار خەڵك و هەتا دەستەبژێری كۆمەڵگەش وا لێك بدەنەوە، كە بۆچوونەكانی حزبی شیوعی راستەوخۆ نین و داخوازی جەماوەر تێر ناكات.

هەوڵی گەوجاندنی خەڵك، بەبڕو بیانوی سادەو بۆ ئیستهلاكی ناوخۆیی، بەرژەوەندی باڵای گەل و نیشتمان، پشت گوێ دەخرێ، بۆنموونە ، بابەتی موچە بۆتە یەكێك لەتەنگژە دووبارەكانی ئەم (دە)ساڵەی دوایی، كە ئەمە مافی خەڵك و فەرمانبەرانە، بەڵام ئەوە لەبیر دەبەنەوە كە ئەمە بەشێكە لەشەڕی دەروونی بەگشتی لەگەڵ گەلی كوردستان دەكرێت، هەر كوردستانیەك لەهەرجێگایەك هەبێت، بۆئەوەی بگاتە قەناعەتێك كە تێكۆشان بۆ سەربەخۆیی، شتێكی مەحاڵە و ئەزموونی هەرێمی كوردستان، ئەزموونێكی شكست خواردوە، ئەوەش رێك ئامانجی نەیارانی هەرێمی كوردستانە بۆئەوەی بڕوابوون بەئێستا و ئایندە لاواز بكرێت و ئاراستەی تەسلیمبوون و واز هێنان لە پرسی سەربەخۆیی ، ببێتە شتێكی ئاسایی.

هۆكارگەلی زۆر هەن ، تاڕادەیەكی بەرچاو، رێگایان بۆ نەیارانی ناوخۆ و هەرێمایەتی دروست كردوە، كە ئەم سیاسەتە سەركەوتوو بێت، یەكێك لەوانە ، نەبوونی سەقامگیری سیاسی و حزبی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی لەنێوان حزبەكانی دەسەڵاتداری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەوانەش پارتی و یەكێتی، كە هاوپەیمانن لەحكومەت و بەرژەوەندییەكان، بەڵام دژن لەهەموو شتێكی دیكەی كەلەبەرژەوەندی نیشتماندا بێت.

بابەتی دیكە، ئەوەیە ، كە دەستوەردانی دەرەكی و خۆ بەهێزكردن بەپشتیوانی دەرەكی ، بۆتە دیاردەیەكی سەرەكی لە دروستكردنی لێڵی سیاسی و ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری. كەهەندێكیان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پێگەو كیانی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەیە.

چەند پرسیارێك هەیە لێرەدا دەخەینە روو كە رەنگە هاوكار بێت بۆ بەرچاو روونی ، لەوانە، ئایا بوونی هێزی چەكداری پارتی كرێكارانی كوردستان و حوكمكردنی چەند ناوچەیەكی كوردستان و چونە ناوهاوپەیمانی لەگەڵ حەشدی شەعبی، بەچ شەرعیەتێكە، خۆ ئەگەر بەرژەوەندی كوردستان بێت، ئەوە لەجیاتی ئەوەی ناوی ناوچەكانی كوردستان بەناوی دیكە بگۆڕێت و حوكمدرای تێدا بكات، باشتر وایە، پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەك پارچەیی ، خاك و كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بكات؟ وەك چۆن هێزەكانی كوردستانی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەماوەی رابردوو و تائێستاش كە لەژێر فشاری زۆردان بەخۆیان و خانەوادە سیڤلەكانیان، بەڵام رۆژێك هەنگاوێك نانێن، دژی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان.

لەلایەكی دیكەدا، نەبووە یەك حكومەتی هاوبەش هەبێت و دوو ئیدارەی بێ و هەرچی كەسیش لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی بن، هاوڵاتی پلە دوو و سێ بن لەم نیشتمانەدا، ئەوجا ئەوان هۆكاری سەرەكی ناسەقامگیری بن، هەر لایەكیان بە دەستێوەردانی دەرەكی بێ یاخود ببنە هۆكاری تەسلیمبوون و زەلیلكردنی زیادتری خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر بەغدا و تاران و ئەنقەرە.

ئۆپۆزسیۆن، جگە لەحزبی شیوعی بۆیان كێشەیەكی سەرئێشەی دیموكراسین ، چونكە گوتارێك پەیڕەو دەكەن (نەوەی نوێ و ئیسلامییەكان)، كە بەردەوام هۆكاری بێ بڕوایی هاوڵاتیانن، ناهێلن هیچ شتێكی پیرۆز لەزهنی نەوەی ئێستا و داهاتوودا، لەپرسی نیشتمان و كیان و مێژوو، هەورەها هیوا بەئایندە، لەشوێن و پێگەی خۆیدا، سەنگین بمێنێت. ئێستا وای لێهاتووە، ئەوانەی بەناوی كەس یان حزبی موعارەزە كار دەكەن، ئەوەندەی زانیاری دەبەخشنەوە، وڵاتان پێویستیان بەوە نییە هیچ هەوڵێك بۆ تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی بدەن ، چونكە وڵات خۆی خەریكە ، نەوەكانی خۆی دەخواتەوە!!.

دەردێكی دیكەی لێڵی رەوشی سیاسی، نەبوونی هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتووە، نەبوونی یەك ناوەندی بڕیاری سەربازی و ئەمنییە، كەوای كردوە، حزب (یەكێتی و پارتی) هێزی ئەمنی و سەربازی لەسەرناوی حكومەت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت و بیكاتە كارتی فشار بەسەر وڵات و هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكە، وەك چۆن هەموو شتێكی ئەم وڵاتەیان قۆرخ كردوە، لەبەرامبەردا، پێویستە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی كوردستان بەكار بێت، یەك ناوەندی بریاری سەربازی وئەمنی هەبێت، ئەم هێزە خاوەن یەك عەقیدە و بڕوای نیشتمانی و سەربازی بێت، بەپێچەوانەوە، مەترسی لێكترازان لەهەر چەكە ساتێكدا بەدوور نازانرێت و كە ئەنجامەكەی ئەوە دەبێت كە دوژمنانی كوردستان دەیانەوێت، ئەم قسانە دەكەین وانەبێت نەزانین كە پارتی و یەكێتی ئەوە نازانن بەڵام وادەزانن بوون و مانەوەی خۆیان واتە شەرعیەتی مافەكانی گەلی كوردستان ، ئەگەر ئەوان نەبن، واتە كوردستان نامێنێت، كەئەمەش راست نییە.

هۆكاری كۆتایی كە باس دەكەین ، سەرەكیترین، هۆكاری بێ متمانەیی نێوان حكومەت و هاوڵاتییە، ئەویش نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و بەدەنگەوە نەهاتنی حكومەت‌و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ داخوازی هاوڵاتیانە بەدابینكردنی ژیانێكی شایستە، نەك هەر رۆژەی بەدەردێك نیوەی عومری ببات، نەك بەهەزاران گەنج بێكار بن كاتێك لەزانكۆ و پەیمانگەكان دەردەچن، نەك نادادی لە نێوان كوڕ و كچانی بەرپرسانی حكومداران لەگەڵ كوڕ وكچانی تەواوی هاونیشتمانیان بكرێت، هەرچی پۆست و هەلی كارە بۆ ئەندامانی حزبی حوكمڕان بێت، كە بەهەردوو حزبەوە یەك لەسەر چواری تەواوی كۆمەڵگە نین.

ئەمانە هەموو بەیەكەوە، رەوشی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی خەڵكی دووچاری بێ ئومێدی و بێ متمانەیی و ئاراستەی تەسلیمبوون و پەشیمانبوونەوە لە تێكۆشان كردوە، چارەسەركردنی لەئەستۆی هەموان دایە ، ئەوە ئەگەر ئیرادەی چاسەرەسەركردن هەبێت، ئەوە كەسە كەسە ئەلفێكی بەسە!!.  

وتاری نووسەران