(پێشکەشە بە گیانی پاکی: 1- عاسم فلیح یەکەمین سکرتێری حزبی شیوعی عێراق 1935-1934 2- زەکی خەیری یەکەمین سەرنووسەری ڕۆژنامەی کفاح الشعب 1935.. 2- مەلا شەریف ڕەنگەڕێژانی یەکەمین سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئازادی 1945)

 لە کۆتایی تەمموزی ڕابردوودا تاکو ئێستا شیوعییەکانی عێراق، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی ئەم حزبە تێکۆشەرە، بە گەرمی یادی (90) ساڵەی دەرچوونی (کفاح الشعب) یەکەمین ڕۆژنامەی نهێنی حزبی شیوعی عێراق دەکەنەوەو ئەم ڕۆژەشیان بە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی شیوعی لە عێراقدا داناوە.

 شیوعییەکانی عێراق لە کۆتاییەکانی تەمموزی 1935 یەکەمین ژمارەی (کفاح الشعب)یان چاپکردووەو بە تیراژی 500 دانە بڵاویان کردۆتەوە.

  (کفاح الشعب) یەکەمین ڕۆژنامەی عێراقی بووە بە نهێنی چاپ بکرێت و لەسەرەوەی لاپەڕەکانی یەکەمیدا دروشم و ئامانجە سەرەکییەکانی حزبی شیوعی عێراق بڵاوبکاتەوە، وەکو :  ( هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی 1930، نەهێشتنی بنکە سەربازیەکانی بەریتانیا لەسەر خاکی عێراق، دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاران، سعاتەکانی کارکردنی کرێکار لە ڕۆژێکدا لە 8 سعات تێنەپەڕێت،سەربەخۆیی بۆ کوردستان) ..

 کفاح الشعب ڕۆژنامەیەکی مانگانە بووە،بە هەشت لاپەڕەی قەبارە بچووک دەرچووە،  بە ئامێری تایپ لەسەر ستنسل چاپکراوەو بە ستنسل هەر ژمارەی (500) دانەی لەبەر کۆپی کراوە.

 (کفاح الشعب) وەکو زمانحاڵی کرێکاران و جوتیاران و چاپکراوی(کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق) خۆی بە خوێنەران ناساندووە.

 حزبی شیوعی عێراق هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئاڵای بەرگریکردنی لە گەلی کورد بەرزکردۆتەوەو لەسەر لاپەڕەکانی یەکەمین ڕۆژنامەیدا داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە(1). بەمەش دام و دەزگا کۆنەپەرستەکانی ڕژێمی هارکردووە، دەستیان لەم حزبە تازە دامەزراوە تێکۆشەرە وەشاندووە، سکرتێری حزب عاسم فلیح دەستگیر کراوەو بۆ ماوەیەک کۆسپیان خستۆتە پێش چالاکییەکانی حزبی شیوعی . 

 (زەکی خەیری) کە سەرنووسەری کفاح الشعب بووە،لە کانوونی یەکەمی 1935 کەوتۆتە بەردەستی پۆلیس و لە بەندیخانە قایمکراوە. کفاح الشعب دوای ئەوەی شەش ژمارەی لێ دەرچووە لەکار کەوتووەو چیتر دەرنەچۆتەوە. شایانی باسە کە شەشەمین ژمارەی (کفاح الشعب) لە دوای گیرانی زەکی خەیری لە لایەن سەربازە شیوعییەکان بە نهێنی بڵاوکراوەتەوە.

No description available.

No description available.

No description available.

 

 پەراوێز:

 (1) حنا بطاطو، لە دووەمین بەرگی کتێبەکەیدا دەربارەی مێژووی عێراق و حزبی شیوعی دەڵێ:" تەنیا جارێکی دی حزبی شیوعی عێراق تا ئەم ڕادەیە پشتگیری لە مەسەلەی کورد کردووە، ئەویش لەو بەرنامەیەی کە لە ئاداری 1953 دا دەریکردووە و تیایدا دانی بە مافی دیاریکردنی گەلی کورد ناوە تاکو مافی جیابوونەوە". لێرەدا مێژوو نووس حەننا بەتاتۆ ئاماژە بە ڕۆژنامەی القاعدە، ژمارە 2 ساڵی11 ناوەڕاستی ئادار 1953 دەکات وەکو سەرچاوە.

  ٭ دوو تێبینی: یەکەم، بۆ نووسینی ئەم وتارە پشتم بە دوو سەرچاوەی دی بەستووە.: 1- مٶید شاكر كاظم،الحزب الشیوعي العراقي (۱۹۳٥-۱۹٤۹) نامەی دکتۆرایە.

۲- مەغدید حاجی، حزبی شیوعی عێراق دامەزراندن و سەرەتای ڕەوتی مێژوویێ 1934-1940

 دووەم تێبینی، سوپاسی برای ڕۆژنامەنووس کاک مومتاز حەیدەری دەکەم کە ئەمڕۆ 5-8-2025 بەیانی بەهۆی تەلیفۆن ڕەخنەی ئاڕاستەی ڕاگەیاندنی (حشک) کرد کە ئەم یادەیان فەرامۆش کردووە، ئێمەش ڕەخنەکەمان قبوولە.

وتاری نووسەران