لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 فەرهاد شاکر مجروم

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 

(کورتەیەک لە ژیانی شاکر مەجروم و مامۆستا فەرهادی کوڕی)

 ــ لە کتێبی"شاکر مەجروم جوامێرێک لە نیشتمان پەروەری و نەبەزین"دا نووسین و ئامادەکردنی ئومێد شێرکۆ دا هاتووە: " بنەماڵەی شاکر مەجروم لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی وان لە باکوری کوردستان. لە سەدەی نۆزدەهەمدا باوکی شاکر مەجروم (عەبدولعەزیز)و برایەکی بەرەو خوارووی تورکیا ڕۆیشتوون، بە پێی هەندێ زانیاری ئەم دوو برایە تا یەمەن ڕۆیشتوون و لە شاری حەزرەموتدا ماونەتەوە. پاشان عەبدولعەزیز گەڕاوەتەوە بۆ ویلایەتی بەغدا، بەڵام براکەی لەوێ ماوەتەوە..سەرەتا عەبدولعەزیز ماوەیەک لە شاری دیوانیە نیشتەجێ بووە.پاشان دەچێتە شاری سلێمانی و لەوێ نیشتە جێ دەبێت و ژنێک لە بنەماڵەی ئەحمەد حەسەن ئەفەندی دەخوازێت.. عەبدولعەزیز سێ کوڕی لەپاش بەجێ ماوە، بە ناوەکانی:( شاکر، مەحمود فائیز و ئەحمەد ڕامیز) ..

 شاکر مەجروم لە ساڵی 1894 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.. لە شۆڕشی شێخ مەحمود دا بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە،تەنانەت لە حکومەتی شێخ مەحمود دا پۆستی ( مودیری پۆستەو تەلەگراف)ی دەدرێتێ.باوکی شاکر مەجروم یەکەم کەس بووە لە ساڵی1897 ئامێری تەلەگرافی هێناوەتە کوردستان ـ سلێمانی و هەر خۆشی ئیشی پێکردووە".

  مێژوونووس جەمال نەبەز لەبارەی شاکر مەجرومەوەوتوویەتی:" ..شاکر مەجروم یەکێک بوو لە سەربازە گیانبازە پێشەنگەکانی نەتەوەی کورد.هاوکاری شێخ مەحمودو بەڕێوەبەری دەزگەی تەلەگراف و پۆستەی شانشینی کوردستان بوو. لە کاتێکدا کە لەشکری ئینگلیز کوردستانی بۆردومان دەکرد، مامە شاکر دەزگەکەی بە کۆڵیەوەبوو بۆ ئەم شاخ و ئەو شاخی دەبرد".

 شاکر مەجروم دوای ڕووخانی حکومەتەکەی شێخ مەحمود دەستگیردەکرێت و ددگایی دەکرێت و حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت بەڵام حوکمەکەی بۆ دەگۆڕێت بۆ حەوت ساڵ زیندانی، ئەمەش جێبەجێناکرێت و دەگۆڕێت بۆ دوورخستنەوە بۆ شاری بەغداو لەوێ لە شەقامی الرشید دوکانی تووتن فرۆشی دادەنێت، لە هەمان کاتدا دوکانەکەی دەبێتە مەکۆی بەیەکگەیشتنی ڕۆشنبیرو تێکۆشەرانی کورد، هەروا دەبێتە بنکەی فرۆشتن و پەیوەندییەکانی گۆڤارەکانی:( پەیژە، زاری کرمانجی و ژیان).

 شاکر مەجروم لە دوای ساڵی1930 بە نووسەری دادگا(باش کاتب)دامەزراوە.بەهۆی وەزیفەکەی هەر ماوەیەک لە شوێنێک ماوەتەوە، وەکو کفری و ڕانیەو چەمچەماڵ..

 لە ساڵی1937 فەرمانی گواستنەوەی بۆ ڕواندز دەرچووە و لە دادگای ئەو شارە درێژەی بە کارو وەزیفەکەی داوە.لە ساڵی 1954 خانەنشین دەکرێت و لە 14-9-1957 کۆچی دوایی کردووە و لە گوڕستانی گەردەگەردێی ڕواندز بە خاک سپێردراوە.

 شاکر مەجروم سێ کوڕی لە پاش بەجێماوە:( عەبدولعەزیز، شێرکۆ، فەرهاد).

 ٭ مامۆستا فەرهاد لە چەند دێرێکدا:

 ــ ناوی تەواوی: (فەرهاد شاکر عەبدولعەزیز محەمەد عەبدولئەمیر)بە فەرهاد شاکر مەجروم ناسراوە.

ــ لە  ڕێکەوتی1-1-1936 لە چەمچەماڵ لە دایکبووە.باوکی لە دادگای چمچمال باش کاتب بوو.

 ــ لە ساڵی1937  باوکی گوازراوەتەوە بۆ دادگای قەزای ڕواندزو ماڵی  بردۆتە شاری ڕواندز. فەرهاد خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ڕواندزی سەرەتایی تەواوکردووە و ناوەندی لە قوتابخانەی دواناوەندی  ڕواندز تەواوردووە.

 ــ لە ماوەی(1956-1959) خانەی مامۆستایانی بەعقوبەی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی 1959 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی دەرگەڵە سەر بە قەزای ڕواندز  دامەزراوە.لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش بوو.هەر لەو ساڵەدا ئەو مامۆستا بەڕێزانەش لە گوندی دەرگەڵە مامۆستا بوون:(لەتیف نادر ڕواندزی،هەڵگورد ئیبراهیم ڕواندزی،تۆما وێردینا،عیسا عۆدە،عەبدولڕەحمان حمد شێروانی،تاهیر جەلیل و عیسا یونس گەندۆ).

وتاری نووسەران