
لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
سنەوبەر ئیسماعیل
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭لە جیاتی پێشەکی:
منیش کە تەواوی کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەم ژنە تێکۆشەرە، ئەم مامۆستا دڵسۆزەم خوێندەوە، کە بە ناونیشانی (بۆ ئەوەی زیندوو بین)و ئەمساڵ چاپکراوە، نەمتوانی لەم چوار پێنج دێرەی هاوڕێ عوسمان زیندانی جوانتر بنووسم کە لەناو ئەو پێشەکییە بەهێزەیدا هاتووە کە بۆ ئەم کتێبە نایابەی مامۆستا سنەوبەری نووسیوە و تیایدا دەڵێ: "بە خوێندنەوەی ئەم یادەوەرییانە سنەوبەرێک دەبینیت کە چۆن لەبەردەم ڕەشەبادا ڕاوەستاوە، لە هەموو وەرزەکاندا سەوز و باڵای کردووە، پاڵەوانێکی ڕاستەقینەیە و دوورە لەهەر فەنتازیایەکی هونەری و سیاسی، لەوە گەیشتم سنەوبەر، سنەوبەرێکی ڕەگداکوتاوە بە خاکی نیشتمان و پەلوپۆی بووەتە ساباتی ئازادی و بەختیاری بۆ چەوساوەکان و تا هەنووکەش لە ڕەنگدا قووڵ و لە پەلوپۆدا سەوز و لە تێکۆشاندا سوور و لە خۆشەویستیدا پەمەیی دەچێتەوە".. دەستی هەردووکیان (م. سنەوبەر و هاوڕێ عوسمان) خۆشبێت و تەمەن درێژ بن.
٭ سنەوبەر خان لە بواری پەروەردەشدا بەدرێژایی ساڵانی خزمەتی، مامۆستایەکی دڵسۆز و لەخۆبوردوو بووە، لە لایەن هاوڕێیانی مامۆستای و قوتابییانی، زێدەخۆشەویست و قەدرگران بووە.
٭ کورتەیەک دەربارەی ژیانی مامۆستا سنەوبەر:
ــ ناوی تەواوی: سنەوبەر ئیسماعیل نەسڕوڵلا.
ــ لە ڕێکەوتی 26-12-1952 لە شاری سلێمانی لە باوەشی خێزانێکی مام ناوەندی چاوی بۆ دنیا هەڵێناوە. نۆبەرەی باوک و دایکی بووە. کۆی خێزانەکەیان جگە لە باوک و دایکی بەخۆیەوە چوار کچ و دوو کوڕ بوون.
ــ سنەوبەر لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بووە، بەداخەوە باوکی کۆچی دوایی کردووە. دایکی (عەزرا محەمەد) وەکو دایک و ژنێکی قارەمان بەرپرسیارێتی خێزانەکەی لە ئەستۆگرتووە. سەرەڕای بارودۆخی ئابووری سەخت و سیاسی نالەبار سەرکەوتووانە سەرپەرشتی هەموو منداڵەکانی کردووە و بەسەر هەموو تەنگ و چەڵەمە و گیروگرفتەکاندا زاڵبووە و بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی گەورەی کردوون .
ــ سنەوبەر لە تەمەنی 7 ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی گۆیژەی سەرەتایی تێکەڵ لە شاری سلێمانی، پۆلی شەشەمی سەرەتاییشی لە قوتابخانەی ئەمین زەکی بەگ تەواوکردووە.
ــ لەدوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوەندی سلێمانی کچان وەرگیراوە، کە یەکێک لە مامۆستاکانیان کامل بەسیڕ بووە (یادی بەخێر) مامۆستایەکی زۆر بەتوانا و هەستبەرز بوو سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو بینایی لەدەستدابوو.
ــ سنەوبەر لە ساڵی 1968 قۆناغی ناوەندی خوێندنی تەواوکردووە و لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی درێژەی بە خوێندن داوە و لە ساڵی 1971 تەواوی کردووە.
ــ لە ڕێکەوتی 5-1-1972 فەرمانی دامەزراندنی وەکو مامۆستای سەرەتایی دەرچووە. لە 8-1-1972 لە قوتابخانەی قەڵادزێ دەستبەکاربووە.
ــ دوو ساڵ وەکو مامۆستا لە قەڵادزێ خزمەتی کردووە، لەسەر داوای خۆی و لەسەر خواستی حزبەکەی لە ساڵی1974 بۆ هەڵەبجە گوازراوەتەوە، ساڵێکیش لە هەڵەبجە خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی کردووە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سیاسی و فشارەکان بۆسەر حزبی شیوعی و بۆسەر خودی خۆی، ناچار هەڵەبجەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ لای کەس و کار و هاوڕێیانی.
ــ لەساڵی خوێندنی (1975-1976)، وەکو مامۆستا گوازراوەتەوە بۆ شاری کەرکوک و لە قوتابخانەی (نازەنین) ی سەرەتایی کچان دەستبەکار بووە و نزیکەی دوو ساڵ لە کەرکوک ماوەتەوە.
ــ دیسان بەهۆی هەڵوێست و چالاکی سیاسی گوازراوەتەوە بۆ قەزای دووز، تەنیا سێ مانگ لە دووز بووە فەرمانی گواستنەوەیان بۆ گوندی (دۆر)ی عزەت دوری دەرکردووە . ماوەیەکی کەم لە دۆر دەوامی کردووە بە هەوڵ و کۆششی قیادەی (حشع) لە بەغدا ، کە بە (عزەت دوری)ان گوتووە، گوازراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی.
ــ لە ساڵی خوێندنی (1978-1979) بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەکانی نێوان حزبی شیوعی عیراق و حزبی بەعس تێکچووە و هەڵمەتی داپڵۆسێنی ڕژێم بۆ سەر حزبی شیوعی دەستیپێکردووە، مامۆستا سنەوبەر کە مامۆستا بووە لە شاری سلێمانی و لە هەمان کاتدا ئەندامی محەلی حزبی شیوعی بووە، تەنگی پێهەڵچنراوە و دائرەی ئەمنی ڕژێم خەریک بووە دەستگیری بکات، بۆیە هاوڕێ سنەوبەر بە ناچاری و بۆ خۆ ڕزگارکردن، دەست لە کاری مامۆستایی هەڵدەگرێت و بە ڕێگای هەڵەبجە هەورامان خۆی دەگەیەنێتە بنکەی پێشمەرگایەتی هاوڕێیانی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوور و دەبێت بە پێشمەرگە.
ــ کاروانی دابڕانی لە پیشەی مامۆستایی و لە شاری سلێمانی 24 ساڵ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا لە چوار کیشوەر ژیاوە و دواجار لە ساڵی 2003 لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی دکتاتۆر و بەعسی فاشیست، لەگەل د. عیمادی هاوژینی دەگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی و هاوڕێ سنەوبەر دەگەڕێتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی (مەولانا خالید) دەستبەکاردەبێت تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2015 .
٭خەباتی سیاسی و پیشەیی و باری کۆمەڵایەتی:
"مامۆستا سنەوبەر، ئافرەتێکی خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە، خاوەن ڕوحیەتێکی پڕ لە جوانی و خۆشەویستییە، خاوەن هەستێکی پڕ لە مرۆڤایەتییە. شایانی هەموو ستایشكردنێكە".. ئەمەی سەرەوە هەڵسەنگاندنی مامۆستا شلێر عەبدولمەجیدە بۆ مامۆستا سنەوبەر.
٭ سنەوبەرخان لە کتێبی بیرەوەریيەکانیدا دەڵێ: "هەر لە تەمەنی منداڵیم دەمبینی چەند ئافرەتێک دەهاتن بۆ لای دایکم بۆ پیتاک کۆکردنەوە ئیتر ئەوە لە لای من یەکلابۆوە کە دایکیشم هەروا بەئاسانی دانانیشێ و ئەویش درێژەپێدەری ڕێگاکەی باوکمە، منیش پەروەردەی دەستی دایک و باوکێکی ئاوەها بووبێتم حەتمەن پێمخۆشبێ یان نا درەنگ بێ یان زوو دەبمە ڕێبواری ڕێگای سوور". هەرواش دەرچوو، بۆیە کە لە کاروانی ژیان و خەباتی هاوڕێ سنەوبەر وردبینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەر لە تەمەنی 15 ساڵیدا کە پاڵێوراوە بۆ ناو ڕیزەکانی حزبی شیوعی تاکو ئێستا بەردەوام لەناو کۆڕی تێکۆشان و ململانێی سیاسیدا بووە لە پێناوی ئامانجە پیرۆزەکانی گەلەکەی لە ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر، جگە لە ئەنجامدانی ئەرکی پەروەردە و فێرکردن وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز.
هاوڕێ سنەوبەر لەکاتی خوێندنی ناوەندی و خانەی مامۆستایاندا خەباتکارێک بووە لە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیيان، دوایی خەباتی درێژەپێداوە لەگەل کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان. لە هەمان کاتدا وەکو کادیرێکی پێشکەوتووی حزبی شیوعی بەردەوام چالاکی نواندووە. ئەم کچە تێکۆشەرە بە تایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی حزبی بەعس و سەدامی دیکتاتۆردا، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و کەرکوک هەمیشە لە ململانێدا بووە لەگەل پیاوە فاشییەکانی ڕژێم و هەرگیز تەسلیم بە ویست و داواکارییەکانیان نەبووە، بۆیە بینیمان وەکو مامۆستا لەم قوتابخانە بۆ ئەو قوتابخانەیە گوازراوەتەوە. بەردەوام لەژێر چاودێری دام و دەزگای ئەمن و موخابەرات و ڕەفیق بەعسییەکان بووە تاکو دواجار لە کۆتایی حەفتاکاندا لەوکاتەی ئەندامی محەلی حزبی شیوعی عیراق بووە لە سلێمانی دوای تێکچوونی تەواوی پەیوەندی نێوان حزبی بەعس و حزبی شیوعی و پەرەسەندنی ئیرهابی ڕژێم بۆسەر حزبی شیوعی، مامۆستا سنەوبەر دەستبەرداری وەزیفەکەی بووە و ڕێگای شاخی گرتۆتەبەر و بۆتە پێشمەرگە.
لە سەرەتاکانی هەشتاکاندا حزب ناردوویەتی بۆ مۆسکۆ بۆ خوێندن لە پەیمانگەی سیاسی و سێ ساڵی خوێندنی لەم پەیمانگایە تەواوکردووە، لە ساڵی1985 لە میهرەجانی لاوانی جیهانی و لە ڤیستیڤاڵی لاوانی دیموکراتی جیهانیدا بەشداربووە.
لە ساڵی1986 لە براگ پایتەختی چیکۆسلۆفاکیا سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بووە لە ئەوڕوپا. لەهەمان کاتدا لەگەل یەکێتی سەندیکاکانی جیهانی لە بواری ڕاگەیاندن کاری کردووە.
مامۆستا سنەوبەر لە ژیانیدا بەهۆی کار وچالاکی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتی لە نێوان سێ چوار کیشوەری جیهاندا ژیانی بەڕێکردووە. (ئاسیا، ئەوڕوپا، باکووری ئەفریقیا، نیوزیلاند).
لە ساڵی 2003 لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر هاوڕێ لەگەل د. عیمادی هاوژینی گەڕاونەتەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و دواجار لە شاری سلێمانی جێگیر بوون. د. عیمادیش کە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە بە مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دامەزراوە تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی2017.
مامۆستا سنەوبەر کە لە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ شاری سلێمانی گەڕاوەتەوە بۆ ناو کۆڕی هاوڕێیان، لە یەک کاتدا لەگەل کۆمیتەی پارێزگای سلێمانی و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان کاری کردووە. لە حزب بۆتە ئەندامی محەلی سلێمانی و لە شەشەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستانیشدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە بۆ ماوەیەکیش بۆتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی. لەگەل کۆمەڵەی ئافرەتانیشدا بۆتە بەرپرسی کۆمەڵە لە سلێمانی و دوایی لە کۆنگرەی کۆمەڵەدا بە سکرتێری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێردراوە.
هاوڕێ سنەوبەر لە چوارەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی عیراقدا بەشداربووە کە ساڵی 1985 لە شاخ گرێدراوە، هەروەها لە هەشتەمین کۆنگرەی (حشع) بەشداربووە کە ساڵی 2007 لە شاری بەغدا گرێدرا.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا سنەوبەر لە ساڵی 1988 لە شام هاوسەرگیری لەگەل د.عیماد عەبدولحەسەن ئەنجامداوە کە خەڵکی شاری بەسڕە خوارووی عیراقە و لە شام دەژیا و مامۆستای زانکۆ بوو.
لەبارەی د. عیماد، مامۆستا سنەوبەر لە کتێبی بیرەوەریيەکانیدا نووسیویەتی و دەڵێ: "یەکێک لەو هاوڕێیانەی لە جەزائرەوە هاتە سوریا عیماد بوو، دوای ماوەیەک بووینە ژن و مێرد، عیماد لە فەڕەنسا ماجستێر و دکتۆرای تەواوکردبوو، پاش تەواوکردنی گەڕابۆوە بۆ جەزائر لەوێ کاری دەکرد، دوایی هاتە سوریا".
لە سوریاشەوە بە یەکەوە چوونەتە لیبیا لەوێ د. عیماد وەکو مامۆستای زانکۆ لە شاری زاویە دامەزراوە..
ئێستا مامۆستا سنەوبەر و د. عیمادی هاوسەری بە یەکەوە لە شاری سلێمانی ژیان بەڕێدەکەن. هیوای تەندروستی باش و تەمەن درێژیان بۆ دەخوازین.
سەرچاوە:
1- بۆ ئەوەی زیندووبین سەربوردەی ژنێکی ڕێبواری ڕێگای سوور، سلێمانی 2024
2- ئەو زانیاریيانەی ڕاستەوخۆ بەهۆی پەیوەندی تەلەفۆنی لە مامۆستا سنەوبەرم وەرگرتوون.