حەمید مەجید محەمەد / گەرمیان

ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ لە جیاتی پێشەکی:

 کە لە ژیاننامەی پڕ لە خەباتی پەروەردەیی و تێکۆشانی پاکی سیاسی مامۆستا حەمید زەنگەنە و زۆر مامۆستای تێکۆشەری دی ورددەبمەوە، بە کارەکەم دڵخۆش دەبم کە ژیاننامەی ئەو مامۆستا تێکۆشەرانە تۆماردەکەم و بڵاویاندەکەمەوە و بە نەوەی ئێستا و ئایندەیان دەناسێنم و ئەم ژیاننامانەش وەکو سەرچاوە دەکەونە بەردەستی توێژەران. هەروەها ڕێزلێنانێکی بچووکیشە بۆ ئەو مامۆستا تێکۆشەرە قەدرگرانانە ئەگەر لێمانی قبووڵ بفەرموون. بێگومان مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان شایانی هەموو جۆرە ڕێزلێنان و ئاوڕلێدانەوەیەکن، چونکە هەموو تەمەنی گەنجی و جوامێری خۆیان بۆ پرۆسەی پەروەردە و خەباتی سیاسی لەپێناو ئایندەیەکی گەش بۆ نیشتمانەکەیان تەرخانکردووە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا لە بواری پەروەردەدا:

 ــ لە ساڵی 1945 لە گوندی (قەرەبلاغ)ی شێخ وەهاب تاڵەبانی ناحیەی سەرقەڵای قەزای کفری لە دایکبووە.

 ــ لە قوتابخانەی قەرەبڵاغ تاکو پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1957-1958) پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی گوندی کۆکس تەواوکردووە.

 ــ قۆناغی ناوەندی خوێندنی لە ماوەی (1960-1962) لە شاری کفری خوێندووە.

 ــ بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی چۆتە بەغدا، لەوێ بەڕۆژ کرێکاری کردووە، ئێواران لە ئامادەیی فەیلی ئەهلی خوێندنەکەی بە دوو ساڵ تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1973-1974) پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی لە هەولێر تەواوکردووە.

 ٭ دامەزراندنی بە مامۆستا:

 ــ بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی 14-10-1974 بە مامۆستا لە گوندی (سەیدە)ی ناحیەی سەرقەڵای قەزای کفری دامەزراوە.

 ــ مامۆستا حەمید بۆی نووسیوم و دەڵێ: "دوای گەڕان بە چەند قوتابخانەیەک لە ساڵی 1985 کرام بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی عەدەن لە گوندی قەرەبڵاغی شێخ وەهاب تاڵەبانی. لە ساڵی خوێندنی (1986-1987) لەم قوتابخانەیەدا بەڕێوەبەربووم. لە نیسانی 1987 لەلایەن ڕژێمی بەعس گوندەکە ڕوخێنرا و گوندنشینانی دێی ناوبراو ئاوارەی کەلار و دێی گردەگۆزینە بوون، لێنەگەڕام قوتابییەکانم تاکو پۆلی پێنج، ساڵی خوێندنیان بفەوتێت، تاقیکردنەوەمان پێ ئەنجامدان، مامۆستاکانیش هاوکارم بوون و نمرەکانم لە تۆمارەکان تۆمارکرد و هەموو تۆمارەکانیشم لەلای خۆم پاراستن و نمرەکانی کۆتایی ساڵیشم بردنە پەروەردەی دیالە و پەسندیانکردن. تاکە بەڕێوەبەربووم نەمهێشت ساڵێکی خوێندنی قوتابیان بفەوتێت"..

 ــ لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 مامۆستا حەمید بۆ ماوەی 17 ساڵی دیکە لە هەردوو قوتابخانەی (قانع) لە ڕزگاری و (ئاشنا) لە کەلار بەردەوامبووە لە خزمەتکردنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.

 ــ دوای 33 ساڵ خزمەتکردن لە ئەیلولی 2008 بەگوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکراوە.

٭خەباتی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی

مامۆستا حەمید هەر لە تەمەنی زووی گەنجیدا، کە قوتابی قۆناغی ناوەندی بووە، وەکو تێکوشەرێکی نیشتمانپەروەر لە ساڵی خوێندنی (1959 -1960) پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عیراق کردووە و لە قەزای کفری ئەرکی حزبی ئەنجامداوە و بەردەوامبووە تاکو ڕوودانی کودەتای هەشتی شوباتی 1963. پاش ئەم کودەتایە کە زیانی زۆری بە حزبی شیوعی گەیاندووە و پەرتەوازەی کردووە، هەندێک لە هاوڕێیان ڕوویانکردۆتە ناوچەی گەرمیان و بنکەیان لە دێی (قەواڵی + خۆرنەوەزان) داناوە. مامۆستا حەمید لەگەڵ هەندێ هاوڕێی دی ڕێنیشاندەر و هاوکاری ئەو هاوڕێ عەرەبانە بوون، کە لە خوارووی عیراقەوە ڕوویان لە کوردستان کردبوو، لە خانەقینەوە دەیانگەیاندنە بنکە و بارەگاکانی حزبی شیوعی، بێ گوێدانە هەڕەشەکانی پارتی لەوکاتدا. هەروەها لەو ڕۆژگارە سەختەدا کۆمەک و یارمەتیشیان بۆ هاوڕێیان کۆکردۆتەوە.

لە ساڵانی 1965 و 1966 کە لە بەغدا قوتابی ئامادەیی بووە، کاری بۆ حزبی شیوعی عیراق کردووە؛ بەیاننامە و بڵاوکراوەکانی حزبی لە شەقامەکانی بەغدا هەڵواسیوە، بەتایبەتی لە شەقامی الجمهوریە و لە ساحەی خلانی و باب الشرقی.

مامۆستا حەمید لە ساڵی 1970 بۆتە ئەندامی لێژنەی قەزای کفری حزبی شیوعی عیراق، ئەو کات لێژنەکە پێکهاتووە لە تێکۆشەران: (مەلا عەزیز عەبدولڕەحمان، سمین عومەر خەسرۆ، حەمید مەجید)، هاوڕێ برزۆ ئەندام محەلی کەرکوک بەرپرسی ئەم لێژنەیە بووە. لەدوای هاوڕێ برزۆ هاوڕێ دەروێش بۆتە بەرپرسیان.

لە ساڵانی حەفتاکان تا دەگاتە کۆتایی حەفتاکان، پەیوەندی حزبی بەردەوامبووە، لەو سەردەمەی کە حزبی شیوعی ڕێگای خەباتی چەکداری گرتۆتەبەر، مامۆستا حەمید بەنهێنی پەیوەندی لەگەڵ عەسکەرییەکانی حزب هەبووە.

لە دوای ڕاپەڕینیش لە نەوەتەکان پەیوەندی مامۆستا لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان و ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بەردەوامبووە. مامۆستا دەڵێ لە نەوەتەکان لە کۆنگرەیەکی حزب بەشداربووم و هاوڕێ شێخ عەتا بەشداربوو بەسەرپەرشتی هاوڕێ کەریم ئەحمەد بوو. هەروەها مامۆستا دەڵێ: لە ماوەی نێوان ساڵانی 1997و2000 لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان خەباتی کردووە و لە کۆنفرانسێکی ئەم ڕێکخراوەشدا بەشدار بووە کە لە شەقڵاوە گرێدراوە.

٭باری کۆمەڵایەتی:

مامۆستا حەمید دوو جار هاوسەرگیری کردووە، یەکەمیان لە ساڵی 1969 بوو، کە لەگەڵ خاتوو ناهیدە کاکەخان کەریم ژیانی خێزانی پێکەوەناوە و چوار کوڕ و کچیان بووە تەمەن درێژ بن:

1- ئەرکان، 1970، دەرچووی ئامادەییە.

3- کەژاڵ، 1974، دەرچووی سەرەتاییە.

4- شەماڵ، 1977، بەکالۆریۆس.

5- سامان، 1979، بەکالۆریۆس.

مامۆستا حەمید دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو پاکیزە حەیدەر عەزیز بووە لە ساڵی 1983 شەش کوڕ و کچیان بووە، تەمەن درێژ بن:

1- تریفە،1984 ، بەکالۆریۆس.

2- کارزان، 1984، بەکالۆریۆس.

3- کاروان، 1985، بەکالۆریۆس.

4- میدیا، 1988، بەکالۆریۆس.

5- ڕۆشنا، 1989، بەکالۆریۆس.

6- شالا، 1994، بەکالۆریۆس.

مامۆستا حەمید ئێستا نیشتەجێی قەزای کەلارە / کەلاری نوێ. پڕ بە دڵ هیوای تەمەندرێژییان بۆ دەخوازین بە تەندروستی باش.

سوپاس بۆ مامۆستا حەمید کە بەوردی ژیاننامەی خۆی بۆ نووسیوم و سوپاس بۆ هاوڕێ ئەحمەد مەجید کە بۆی ناردم.

 

وتاری نووسەران