(قوتابخانەی دووگردکان و مامۆستا فەرهاد)

 مامۆستا فەرهاد حەمەد خەڵکی گوندی دووگردکانە (دووگردکانی ئەحمەد حەمەدەمینی)، دووگردکان یەکێکە لە گوندە گەورە و ناودارەکانی دەشتی هەولێر، سەر بە قەزای قوشتەپەیە لە پارێزگای هەولێر.

 لە ساڵی 1946 بە هەوڵ و کۆششی ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی (1925-1976) قوتابخانە لەم گوندە کراوەتەوە. لەو کاتەی زۆربەی ئاغاکان ڕێگربوون لە کردنەوەی قوتابخانە لە گوندەکانیاندا. ئاغاکان لەوە دەترسان منداڵی فەلاحەکان بخوێنن و بچنە شاری، خوێندن تەواوبکەن و لە دنیا بگەن و تێکەڵ بە بزووتنەوەی سیاسی بن، چیتر زوڵم و چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتی قبوول ناکەن!. بەڵام ئاغاکانی دووگردکان بەتایبەتی کاک ئەحمەد حەمەدەمین جیاواز بوو، لەگەڵ خوێندەواری و بزووتنەوەی سیاسی و کوردایەتی بوو، هانی خەڵکی گوندەکەیانی دەدا منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.

 مامۆستا فەرهاد بۆی گێڕامەوە و دەڵێ: "حەسەن، جوتیارێکی هەژاری دووگردکان بوو، چووە  لای ئاغای ئەحمەد حەمەدەمینی پێیگوت: ئاغام خۆشبی، من ئەگەر منداڵەکانم بنێرمە مەکتەبێ لەبرسان دەمرین! ئاخر ئێستا کوڕەکم بەرخەوانە، ئەوی دیش شوانە، ئەوانە شتەکم لۆ پەیدادەکەن، تا پێی بژین. ئاغا لێی پرسی چەندت لۆ پەیدادەکەن؟

 حەسەن وتی: سارێ عەربە گەنم و جۆیەکم لۆ پەیدادەکەن. ئاغا پێیگوت: ئەمن هەموو ساڵێ ئەو عەربە گەنم و جۆیەت دەدەمێ و منداڵەکانت بنێرە مەکتەبێ.

 حەسەن منداڵەکانی ناردە مەکتەبێ، کوڕی گەورەی لە دواڕۆژدا  بووە (نائب زابت) واتا جێگری ئەفسەر، کوڕێکی بووە (بەڕێوەبەری گشتی)، دوو کوڕی دی بوونە فەرمانبەر و کارمەند و لە هەژاری و نەخوێندەواری ڕزگاریان بوو!!

 لەسەردەمی پاشایەتیدا جگە لە منداڵەکانی دووگردکان منداڵەکانی گوندەکانی: (ترپەسپیان، پیرداود، مێرخوزار، پڵنگە، سێبیرانی عەدۆی، دووکەڵە، باقرتە).. دەهاتن لە قوتابخانەی دووگردکان دەیانخوێند.

 لە زۆربەی کاتەکاندا ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەی دووگردکان لە نێوان (100 -150) قوتابی بووە.

 یەکەم بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووگردکان لە ساڵی 1946 مامۆستا یەحیا، عەرەبی موسڵاوی بوو. مامۆستا فەرهاد حەمەدیش لە ساڵی 1966 بۆتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووگردکان تاکو ساڵی 1987واتا 21 ساڵی تەواو  بەڕێوەبەری ئەم قوتابخانەیە بووە. کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1987 زۆرینەی گوندەکانی باشووری کوردستانی خاپوور کرد، گوندی دووگردکانیشی وێرانکرد مامۆستا فەرهاد هەموو فایل و تۆماری قوتابخانەکەی بردنە ماڵەوەیان لە فەوتان ڕزگاری کردن و لای خۆی پاراستنی تاکو سەردەم گۆڕا و سەر لە نوێ قوتابخانە لە دووگردکان کرایەوە.

 مامۆستا ئەحمەد محەمەد ڕەحمان ئێستا بەڕێوەبەری قوتابخەنەکەیە و تابلۆیەکی جوانی دروستکردووە ناوی هەموو مامۆستایانی قوتابخانەی دووگردکانی لەسەر تۆمار کردوون. هەر لە مامۆستا یەحیای ساڵی 1946 تاکو مامۆستایانی ئەم دواییانە.

لە پەیوەندییەکمدا لەگەل بەڕێز مامۆستا ئەحمەد بەڕێوەبەری ئێستای قوتابخانەی بنەڕەتی دووگردکان وتی: ئێستا ژمارەی قوتابییانمان 130 قوتابییەو 15 مامۆستاش بە ئەرکی پەروەردە هەڵدەستن لەم قوتابخانە دێرینەی دەشتی هەولێردا.

٭ پوختەیەک لە ژیانی مامۆستا فەرهاد :

 ــ ناوی تەواوی: فەرهاد حەمەد تەها، خەڵکی گوندی دووگردکانە و لە عەشیرەتی پاڵانییە.

ــ لە ساڵی 1943 لە گوندی دووگردکانی سەر بە قەزای قوشتەپەی پارێزگای هەولێر لەدایکبووە.

ــ ناوی دایکی: بەسێ عەبدولعەزیز حوسێن (یادی بەخێر)

ــ مامۆستا فەرهاد شەش برا و  دوو خوشکی هەیە: (سیامەند 1947، خەدیجە 1945، مامەند 1950، فوئاد 1953، ڕەشاد 1956، دلشاد 1963، فائزە 1966، نەژاد 1969) هیوای تەمەندرێژیان بە تەندروستی باش بۆ دەخوازین.

 ــ فەرهاد حەمەد لە ساڵی خوێندنی (1956- 1957) خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی دووگردکانی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1962-1963) خانەی مامۆستایانی لادێیی (دار المعلمین الریفي) لە شاری هەولێر ــ پێنج ساڵ خوێندن دوای سەرەتایی ــ  تەواوکردووە، لە بەشی ناوخۆییش وەرگیرابوو.

 ــ مامۆستا فەرهاد لە ڕێکەوتی 17-10-1963 بۆ یەکەمجار بە مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی باشتەپە سەر بە پەروەردەی هەولێر دامەزراوە.

ــ کاروانی ژیان و خەباتی  پەروەردەیی مامۆستا فەرهاد هەر لە ساڵی 1963 تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2006 لەم سێ قوتابخانەیە بووە: 1- قوتابخانەی باشتەپەی سەرەتایی لە 17-10-1963 تاکو 23-10-1966.

 2- قوتابخانەی دووگردکان لە 30-10-1966 تاکو 19-10-1987.

 3- قوتابخانەی گیوی موکریانی لە گەڕەکی مەهاباد ــ  سەنتەری شاری هەولێر، لە 20-10-1987 تاکو خانەنشین بوونی لە 14-10-2006.

 ــ مامۆستا فەرهاد لە ڕێکەوتی 15-10-1968 تاکو 19-10-1987 بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووگردکان بوو.

 لە 1-10-1989 تاکو 14-10-2006 یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی گیوی موکریانی بوو .

 ٭ مامۆستا فەرهاد جگە لە ئەنجامدانی ئەرکی کارگێڕی لە هەردوو قوتابخانەی دووگردکان و گیوی موکریانی، وانەی زمانی ئینگلیزیشی دەوتەوە، بەو شەرتەی ئەم وانەیەی دەوتەوە کە نابێ هیچ قوتابییەک لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای شەشی سەرەتایی بکەوێت.

 ــ مامۆستا فەرهاد حەمەد تەها دوای 43 ساڵ خزمەتکردن و تێکۆشان  لە بواری پەروەردە و فێرکردندا، لە ڕێکەوتی 14-10-2006 بەگوێرەی تەمەن خانەنشینکرا.

٭ مامۆستا فەرهاد لە دیدی دوو مامۆستای قەدرگراندا:

 مامۆستا عومەر سەید محەمەد بەرزنجی بەمجۆرە مامۆستا فەرهادی ناساندووە:" .. مامۆستا فەرهاد شایانی باسکردن و لەسەر نووسین و ڕێزلێنانی زۆرە، پێاوێکی هێمن و لەسەرخۆ و دڵسۆز و ڕاستگۆیە، دیندارە، بەهەیبەت و بەویقارە، نیشتمانپەروەر، مامۆستای پەروەردە و فێرکردنە، پیاوی سوڵح و مەسلەحەت، خاوەنی خووڕەوشتی بەرز، لەنێو هەموو چین و توێژێکدا قەدر و حورمەتی خۆی هەیە " ..

 مامۆستا تەیب ئادەم بەڕێوەبەری قوتابخانەی گیوی موکریانی لەبارەی مامۆستا فەرهاد بۆی نووسییوم و دەفەرموێ: "بەڕاستی مامۆستایەکی لێهاتووە  لە لایەنی کارگێڕییەوە، بەشانازییەوە دەڵێم بەتایبەتی لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەی گیوی موکریانی چ لەگەڵ پیاواندا، چ لەگەڵ مامۆستا ئافرەتەکاندا، هەروەها لەگەڵ فەرمانبەرەکاندا ..

 پەیوەندی لەگەڵ سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و لەگەڵ وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکاندا زۆر باش بووە، زۆریان قوتابی ئەو بووینە. چەندین دکتۆر و ئەندازیار لەسەر دەستی ئەو پێگەیشتینە.

 مامۆستا فەرهاد هەموو بەیانیان سەعات حەفت و نیو لەپێش بەڕێوەبەر و مامۆستایان لە قوتابخانە ئامادە دەبوو، هەموو ڕۆژێ ڕێزکردنی قوتابیيان و بردنەژووری مامۆستایان کە کاری بەڕێوەبەری قوتابخانەیە، بەڵام ئەو لە ڕوانگەی دڵسۆزی و لەخۆبووردەیی  پێیهەڵدەستا. کەسێکی بەتوانا بوو لە هەموو ڕووێکەوە، پاش هەمووان ئینجا قوتابخانەی جێدەهێشت و دەچووە ماڵەوە. مرۆڤێکی دەستپاک لە ڕووی داراییەوە. هەموو ساڵ سوپاس و ڕێزی لە لایەن پەروەردەی گشتی پێشکەش دەکرا.

 مامۆستا فەرهاد هەست و سۆزی کوردایەتی زۆر بەهێزە، لە ناو قوتابییاندا باسی خۆشەویستی خاک و نیشتمانی کوردستانی  دەکرد ..

 مامۆستا کەسێکی بەتوانایە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، لە گەڕەکی مەهاباد سەردانی نەخۆش و پرسە دەکات. پیاوی سوڵح و پێکهێنانەوەی خەڵکە. لە لای هەموان گوێی لێڕادەگیرێت و ڕێزی لێدەنرێت" . 

   باری کۆمەڵایەتی:

  مامۆستا فەرهاد لە ڕێکەوتی 2-9-1968 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو شاربان عەلی خدر ئەنجامداوە. بەرهەمیان هەشت منداڵە (تەمەن درێژ بن):

1- شیرین، دەرچووی سەرەتاییە.

2- بهزاد، دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە، لە مانگی سوری عیراقی دەوام دەکات.

3- فریاد، دەرچووی ناوەندییە، لە دەرەوە دەژیت.

4- همداد، دەرچووی سەرەتاییە، لە نەخۆشخانەی منداڵان دەوام دەکات.

5- فرزند، کاسبی دەکات.

6- نهاوند، کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری تەواوکردووە، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەوام دەکات.

7- شهین، دەرچووی ناوەندییە، لە داینگەی منداڵان دەوام دەکات.

8- ئاوات، دەرچووی کۆلێژی ئادابە، ئێستا مامۆستایە لە قوتابخانەی گیوی موکریانی بنەڕەتی.

 سەرچاوەکان:

1- وەڵامەکانی مامۆستا فەرهاد بۆ پرسیارەکانم.

2- ئەکاونتی فەیسبووکی بەڕێز هەڵۆ دزەیی.

3- وەڵامەکانی مامۆستا ئەحمەد محەمەد بەڕێوەبەری قوتابخانەی دووگردکان.

4- وەڵامێکی تایبەتی مامۆستا تەیب ئادەم بۆ پرسیارێکم.

 سوپاس بۆ هەموو لا.

 

وتاری نووسەران